کتێبی تازە بەدەستم گەیشتوو

 

ئەنوەر سوڵتانی

 

من, ساڵانی ڕابردوو, کاری هەڵسەنگاندنی کتێبم بۆ ڕادیۆی کوردیی ئەمریکا، ڕۆژ تی ڤی و چەند ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردیی چاپی بریتانیا وەک 'مەڵبەند' و هیتر بەڕێوە دەبرد.

بەداخەوە کاروباری ڕۆژانە و باری تەندروستی خۆم لە لایەک و گۆڕانکاریی ناو شوێنانەی وا هاوکاریم دەکردن لە لایەکی تر، دەرەتانی درێژەی کاریان پێ نەدام و وا ماوەی دوو سێ ساڵە، بە پێچەوانەی زەوق و خواستی خۆم، قەڵەمم بۆ ئەو چەشنە کارانە نەچۆتە سەر کاغەز.

ڕاست لەو ماوەیەدا کە، برادەرانی سنەیی گوتەنی، 'کارەکەم نیاوە بە تاقەوە'، گەلێک کتێبی باشی کوردی و فارسی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بڵاو بوونەتەوە و دۆست و برادەری خۆشەویستم بە شێوەی ڕابردوو زەحمەتیان کێشاوە و  باربوویان کردووم. هەندێکی دیکەشیان کەس وکار و خزم و دۆستانی خۆم بۆیان بە دیاری هێناوم، بەشێکیشیانم خۆم کڕیوە. لە ئەنجامدا تاقمێکی زۆری کتێب لە لام کۆ بۆتەوە کە بەختەوەرانە دەرفەتم هەبووە بەشێکیان بخوێنمەوە.

لەم دواییەدا بیرم لەوە کردەوە ئێستا کە ناتوانم یەک یەکەی ئەو کتێبانە هەڵسەنگێنم و بابەتیان لەسەر بنووسم، ئەگەر تەنیا بۆ ڕێزگرتن لەو برادەرانەش بێت کە کتێبەکانیان بۆ ناردووم، باش وایە ناوی کتێبەکان و نووسەرانیان لە وتارێکی کورتدا ڕابگەیێنم بۆئەوەی خوێنەری تامەزرۆی کتێب لێیان ئاگادار بێت و لە عەینی کاتدا لوتفی ئەو کەسانەشم بێ وەڵام نەهێشتبێتەوە.

بەو دۆست و برادەرانەش کە لێرە بەدواوە بیانەوێت کتێبم بە ئامانجی هەڵسەنگاندن و ناساندن بۆ بنێرن ڕادەگەیێنم کە چیتر ئەو کارە ناکەم با زەحمەتی ناردنی بە خۆیان نەدەن.

وا لە چەند بەشی ئەم وتارەدا بە کورتی، هەموو کتێبانەی وا درەنگ و زوو لەو ماوەی دوو سێ ساڵەدا گەیشتوونەتە دەستم دەناسێنم. ئەوە بەشی یەکەم:

کوردی

 

1.    دوکتۆر کەمال مەزهەر؛ "کورد وکوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەکنی حوکمەتی بەریتانیادا"؛ بەرگی یەکەم، چاپی دووەم پوختە کراو؛ ئامادە کردنی عەبدوڵڵا زەنگەنە و شەهلا تاهیر حەیدەری؛ هاوڕێ لەگەڵ "بستێکی خاکی کوردستان بە هەموو دونیا ناگۆڕمەوە (دیمانە و گفتوگۆ لەگەڵ د. کەمال مەزهەر)" ئامادە کردنی عەبدوڵڵا زەنگەنە؛  بڵاوکەرەوە: نووسەر؛ چاپی  لوبنان (ناوی کوردستان – هەولێریشی لەسەر نووسراوە)؛ ٢٠٠٩

مامۆستا دوکتۆر کەمال پسپۆری بواری ئەو چەشنە لێکۆڵینەوانەیە و یەک لە پێشڕەوانی سەرەکیی کارەکەشە. ئەم کتێبە بەرهەمی ماندووبوونیەتی لە ماوەی مانەوەی ساڵی ٢٠٠٨ی دا لە شاری لەندەن. بابەتەکانی ناو کتێبەکە مێژووی ساڵانی ١٩١٩ تا دەیەی ١٩٨٠  و ١٩٩٠ ی باشووری کوردستان دەگرنەوە، بە شیکردنەوە و ڕوونکردنەوە و لەسەر نووسینی دوکتۆر کەمالەوە و وێنەی بەڵگەنامە ئینگلیزییەکان و هەندێک وێنەی کەسایەتییە مێژووییەکانی کورد و ئەو غەیرە کوردانەی وا لە پەیوەندی کورددا بوون. شوێنی پەنجەی مامۆستا عەبدوڵڵا زەنگەنەش لە ئامادە کردنی کتێبەکەدا بە باشی دیارە.

 

2.    "کورد و کوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمریکادا (کوردستانی عیراق)"؛ وەرگێڕانی وریا ڕەحمانی؛ ئامادە کردنی پڕۆفیسۆر لوکمان میهۆ؛ پێشەکیی دوکتۆر مەحموود عوسمان؛ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژهەڵات؛ هەولێر ٢٠٠٩.

کتێبێکی بەنرخە.  ئێمە بۆ مێژووی ساڵانی سەدەی بیستەمی کوردستان بە گشتی پشتمان بە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا بەستووە و لە بەڵگەکانی سۆڤیەت و فڕەنسا و ئەمریکا و وڵاتانی ناوچە بێ ئاگا، یان کەم ئاگا بوووین. ئەوە هەنگاوێکی بەنرخە وەرگێڕ هەڵیهێناوە. ماوەی لێکۆڵینەوەکە ساڵانی ١٩٥٨ و کۆدیتای عەبدولکەریم قاسم لە عیراق تا ساڵی ٢٠٠٠ دەگرێتەوە.  لایەنی باشی کاری وەرگێڕ ئەوەیە بۆچوونی شەخسی و حزبی تێکەڵاوی کارەکە نەکردووە و ئەنجام وەرگرتنی ڕووداوەکانی بۆ خوێنەر بەجێ هێشتووە. ئەو کارێکە دەبێ لە چاپەمەنی کوردیدا بکرێت و ئەو شێوازە نەریتییە بنرێتەلاوە کە نووسەر و وەرگێڕ هەوڵ دەدەن خۆیان بە سەر خوێنەردا بسەپێنن و دەیانەوێت هەمووان وەک خۆیان بیر بکەنەوە یان بە چاویلکەی ئەوان بڕواننە ڕووداوەکان.

 

3.    جمال بابان، "اعلام کرد العراق"؛ حکومة اقلیم کردستان، وزارة الثقافە، المدیریة العامە للطباعة والنشر؛ سلیمانیة ٢٠٠٦. کتێبێکی ١٠٠٠ لاپەڕەییە ژیننامەی سەدان کەسایەتیی سیاسی، کۆمەڵایەتی، هونەری، ئەدەبی کورد لە باشووری کوردستانە.

کتێبێکی سەرچاوەیی گەلێک بەسوودە و بۆ ناسینی ئەو ژمارە زۆرەی ناودارانی کورد کە ناویان لەوێدا هاتووە، سەرچاوەیەکی باشە. کورد لەوەدا کە پێی دەگوترێت 'علم الرجال' کەم وکورتی زۆرە.

 

4.    ژ. س. موسائیلیان؛ بیبلیۆگرافیای کوردناسی – کورد و کوردستان لە سەرچاوە ڕووسییەکاندا"؛ د. ئەفراسیاو هەورامی لە ڕووسییەوە کردوویە بە کوردی؛ چاپی یەکەم، ئەکادێمیای کوردی، هەولێر ٢٠١١؛

ناساندنی چەند هەزار سەرچاوەیە لە پێناو ناساندنی کورددا. سەرچاوەکان کتێب و چاپەمەنیی دەورەیی دەگرنە بەر و هەموویان بە زمانی ڕووسی نووسراون. یادی موسائیلیان و دوکتۆر ئەفراسیاو، ئەو دوو خەمخۆرەی گەلەکەمان، بەخێر بێت!

 

5.   د. نەجاتی عەبدوڵڵا؛ "بیبلیۆگرافیای کوردناسی – کورد وکوردستان لە سەرچاوە ئینگلیزییەکاندا"؛ چاپی یەکەم؛ ئەکادێمیای کوردی؛ هەولێر ٢٠٠٩.

ناساندنی ٩٨٧سەرچاوەی ئینگلیزیی سەبارەت بە کوردە لە نووسەرانی وەک مینۆرسکی، نۆئێل، درایڤەر، تەوفیق وەهبی، دوکتۆر قاسملوو، و نووسەرانی کەمتر ناسراوەوە.

 

6.   د. نەجاتی عەبدوڵڵا؛ "بیبلیۆگرافیای کوردناسی – کورد وکوردستان لە سەرچاوە فڕەنسییەکاندا"؛ چاپی یەکەم؛ ئەکادێمیای کوردی؛ هەولێر ٢٠٠٩.

ناساندنی ٨٧٤ سەرچاوەی فڕەنسی سەبارەت بە کوردە لە نووسەرانی وەک ژابا، نیکیتین، تۆما بوا، ڕۆژە لێسکۆ، سوڕەییا و جەلادەت و کامران بەدرخان بەگ، د. محەممەد موکری، و .... نووسەرانی تر.

 

7.    سینان هاکان؛ "کورد و بەرخودانەکانی ١٨١٧ - ١٨٦٧ لە بەڵگەنامەکانی ئەڕشیڤی عوسمانیدا"؛ وەرگێڕانی لە تورکییەوە بەکر شوانی؛ پێشەکی و پێداچوونەوەی دوکتۆر جەبار قادر؛ چاپی یەکەم؛ بڵاوکراوەی ئەکادێمیای کوردی؛ هەولێر ٢٠١٢. 

 

نووسەر بە کەڵک وەرگرتن لە بەڵگەنامەکانی عوسمانی، مێژوویەکی گەلێک بەنرخی ڕاپەڕینەکانی کوردی باکووری کوردستانی (بە باشوورەوە) لە سەدەی نۆزدەهەم نووسیوە هەر لە دەروێش پاشاوە تا میرمحەممەدی سۆران و بەدرخان بەگ و ئێزدین شێربەگ و دەیان مەزن خێڵی دیکەی کورد کە دژ بە زوڵم و زۆری تورکان ڕاپەڕیون و بەداخەوە تێک شکاون بێ ئەوەی کێشەی مێژوویی کوردیان پێ چارەسەر کرابێت و توانیبێتیان داگیرکەری خاکیان لە چیاکانی کوردستان وەدەر نێن. قەڵەمی وەرگێڕ گەلێک بەهێز و ڕەوانە. بریا کەسانی دیکەش ڕەچاوی کاری نووسەریان بکردایە و ئاوڕیان لە بەڵگەنامەکانی ئێران و عوسمانی بدایەتەوە.

 

8.    دوکتۆر مارف خەزنەدار؛ "مێژووی ئەدەبی کوردی"؛ ٧ بەرگ: بەرگی یەکەم لە سەرەتاوە تا سەدەی چواردەەم؛ بەرگی دووهەم سەدەکانی چواردەم تا هەژدەم؛ بەرگی سێیەم نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەم؛ بەرگی چوارەم نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەم و سەرەتای سەدەی بیستەم ١٨٥١-١٩١٤؛ بەرگی پێنجەم نێوانی هەردوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمی سەدەی بیستەم ١٩١٤-١٩٤٥؛ بەرگی شەشەم A١٩٤٥ – ١٩٧٥؛ بەرگی حەوتەمB ١٩٤٥ – ١٩٧٥.

چاپی هەموویان لەلایەن کتێبی ئاراسەوە؛ هەولێر ٢٠١٠.

 

باشترین مێژوویەکی ئەدەبی کوردییە تا ئێستا نووسرابێت. دەوروبەری سێ هەزار لاپەڕەیە، بەرهەمی ساڵانێکی زۆر لە زەحمەت و کار و ئەرکی نەمر دوکتۆر مارف خەزنەدارە، یادی بەخێر بێت. خاڵێکی گرنگ لە پەیوەندی مێژوونووسین بۆ ئەدەبی کوردی و واهەیە یەک لە ناتەواوییە سەرەکییەکانی ئەو بوارە، ئەوەیە بابەتەکان کەمتر لە چوارچێوەی رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە گرنگەکانی کوردستاندا دەنووسرێن و لە ئەنجامدا بنەمای هەندێک دیاردە، کە بە کردەوە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی شێوازێکی دیاریکراوی ئەدەبی و دەرکەوتنی شاعیرانی تایبەت بەو شێوازە، لە خوێنەر ڕوون نابنەوە. سەدە و ساڵ یان شەڕی جیهانی نیشانەیەکی پێویستن بۆ دیاری کردنی دیاردەکان بەڵام دابەش کردن لە سەر ئەو بنەمایە ناتەواوە. دەست نیشان کردنی قوتابخانەی خانی یان نالی یان هەر کەسێکیتر یش لە شوێنی خۆیدا پێویستە بەڵام ئەوەی وەفایی شوێنی مەکتەبی نالی هەڵگرتووە نابێ جەمسەری سەرەکی بێت بۆ ناساندنی ئەو شێوازەی وا هەردوکیان لەسەری ڕۆیشتوون. گرنگ ئەوەیە بزانرێت سەرجەمی شێوازەکە بە نالی و وەفایی و ئەوانیترەوە چۆن و بۆچی و لەژێر کارتێکەریی چ هۆکارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی (ناوخۆیی و لاوەکی) سەری هەڵدا.

 

دیاردەیەکی دیکەی غایب لە ئەدەبی کوردیدا دان پێدانەنانە بەو ڕاستییەی کە زۆرێک لە شاعیرانمان کارتێکەریی شاعیرانی گەلانی دراوسێیان لەسەر بووە. من ناتوانم بۆ چرکەیەکیش نالی لە  دەرەوەی شێوازی ناسراو بە "هیندی" ی ئەدەبی فارسی ببینم، جا کارتێکەرییەکان ڕاستەوخۆ لە کەسانی وەک کەلیمی کاشانی و سائیبی تەبرێزی و بیدلی دیهلەوییەوە بووبێتن یان لەوانەی وا درەنگتر و دوای سەرهەڵدانی دەورەی ناسراو بە "گەڕانەوە"، گەڕابوونەوە سەر شێوازی هیندی. هەروەها، ناتوانم شرۆڤەی شیعری شێخ ڕەزای تاڵەبانی بکەم بە بێ بەراوردی ورد لەگەڵ شیعری قائانی شیرازی. دیارە ئەم بۆچوونە واهەیە لەمەڕ شاعیرانی تورک و عەرەبیش ڕاست بێت. لێکۆڵەرانی ئەدەبی کوردی دەبێ ئەو بوێری و ئازایەتییەیان هەبێت کە بچنە ئەو گۆڕەپانەوە و سەرەتا و جەمسەرەکان بدۆزنەوە. ئەدەبی هیچ میللەتێک خۆڕستی نەبووە و لە بن بەرد نەهاتۆتە دەرێ. مرۆڤ ئەگەر بەرگی زمان و ئایین و ڕەنگی پێستی لەبەر دابکەنی، هەموو هەر یەکن؛ ئەو بۆ ترسان نابێت!

 

9.   سۆران حەمەڕەش؛ "کورد کێیە؟  مێژووی کورد و ڕەچەڵەکی زمانەکەی لە سەرەتای شارسانیەتەوە هەتاکو سەدەی دەیەمی زاینی"؛ چاپی یەکەم، لەسەر ئەرکی نووسەر چاپ کراوە؛ لەندەن٢٠١٣.

ناوەرۆکی کتێبەکە بەراوردی زمانی ئێستای کوردە لەگەڵ زمانە دێرینەکانی ناوچە وەک سومەری  و هۆری و هیتی و ماننایی و مادی. کتێبێکی شازە، پێشتر کەم کەسی کورد چۆتە ئەو بوارەوە و تەنیا تورکەکان بوون کە زمانی خۆیان بە سومەرییەکانەوە دەبەستەوە. لێرە بەدواوە دەبێ شایەدی کێ بەرکێی ئەو دوو زمانە بین بۆ میراتگریی سومەریەکان, کە هیوادارم کاک سۆران و زمانەوانە کوردەکان لە درێژەی کاردا بتوانن بەڵگە و ئیمارەی زانستیی ئەوتۆ بخەنە بەردەست کە هیچ نەبێ لە بەرانبەر بەشێک لە لێکۆڵینەوەی دوورودرێژی تورکان بوەستێت کە زیاد لە ٧٠ ساڵە کاری بۆ دەکەن و بردوویانەتە ناو کتێبی دەرسیی منداڵان و لاوانی تورکیشەوە؛ دەنا واهەیە کارەکە وەک کێشەی مامۆستا تەوفیق وەهبی و مەکەنزی لێ بێت لە سەر پەیوەندی زمانی کوردی و مادی، کە بە داخەوە بە هیچ کوێ نەگەیشت و کورد نەیتوانی قسەی خۆی بسەلمێمنێت. لایەنێکی دیکەی مەسەلە عەرەبەکانن کە وڵاتی سومەری کۆن کەوتۆتە ئەو ناوچانەوە وا ئێستا بوونەتە وڵاتی عەرەب و ئەوانیش دیعایەی خاوەنداریەتی دەکەن باوەکوو لە لایەنی زمانەوانییەوە نەمبیسرتووە زمانی خۆیان بە درێژەی زمانی سومەری بزانن.

 

کاک سۆران هەروەها دەبێ وریای ئەو ڕاستییەش بێت کە بەشێکی زۆر لەو بۆچوونانەی ئەو سەبارەت بە پەیوەندی زمانی کوردی و سومەری واهەیە بۆ زمانی فارسی و دەری و پەشتوو و سوغدیش ڕاست بێت، ئەودەم واهەیە کێشەی پەیوەندی زمانی کورد و سومەری ببێتە پەیوەندی هەموو زمانە ئارییەکان لەلایەکەوە و سومەری لە لایەکیتر. بۆ نموونە، لە ٩٧ وشە و تێرمی کوردیی ناو خشتەی لاپەڕە ٣ تا ٩ی کتێبەکە، ٦٩یان لە فارسی و دەریشدا هەن.

من کە ئەو قسانە دەکەم لە عەینی کاتدا ئەوەش بە ڕوونی دەزانم کاک سۆران چۆتە بوارێکەوە و بە ساڵان ڕەنجی تێدا کێشاوە کە هیچ کوردێک و غەیرە کوردێک بەلایدا نەچوون. ئەو فەرهەنگ و فەرهەنگۆکانەی وا ئەو بۆ پەیوەندی زمانی کوردی لەگەڵ زمانی ماننایی، لۆڤی، هیتی و هۆری و بە تایبەت سومەری پێکی هێناون، بە یەک وشە بڵێم بۆ من سەرسام هێنەرن و بەو تاقەت و ووردبینییەی ئیرەیی دەبەم! هیوادارم لە داهاتوودا درێژە بەو کارە پیرۆزەی بدات و ئەمجار جگە لە بواری زمان و وشەی کۆنکرێت، گرنگی بە لایەنی پەیوەندە مێژووییەکانی کورد و سومەر بدات و دەسکەوتە زمانەوانییەکان لە چوارچێوەی مێژوودا هەڵسەنگێنێت و پەسندی مێژووییان بۆ دەستەبەر بکات. ئەوە بوارێکی گەلێک ئەستەمترە و بەداخەوە کتێبەکە لەم لایەنەوە هەندێک لاواز دەنوێنێت- کارێک کە نەگونجاو نییە و بە دڵنیایی، تەمەن و تاقەتی کەسێکی وردبین وەک ئەو لەڕۆستی دێت.

 

10.                  دوکتۆر نووری تالەبانی؛ "پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان و ڕەنجی بیست ساڵە"؛ ناشر: نووسەر؛ چاپی نووسینگەی التفسیر؛ هەولێر ٢٠١٥.

شیکاریی یاسایی دەستووری هەرێمی کوردستانی عیراقە لە توێی سەرجەم ١٣ وتار و چەند پاشکۆدا. وتارەکان پیشاندەری هەوڵی بێ وچانی چەند ساڵەی نووسەرن بۆ ئامادە و پەسندکردنی  دەستوورێکی بەڕێ وجێ بۆ هەرێمی کوردستانی عیراق و ئەو ڕەخنانەی وا لە دەستوورەکەی گرتوون هاوڕێ لەگەڵ ئەو پێشنیارانەی وا بۆ لابردنی ناتەواوییەکان ئاراستەی کردوون. دوکتۆر نووری یەک لە نوێنەرانی سەربەخۆی دەورەی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بوو کە لە دەرەوەی لیستەی حزبەکان چووبووە پەرلەمانەوە. بەشی کۆتایی کتێبەکە دەقی دەستوورەکەیە بە زمانی عەرەبی.

  

11.                  مەحموود پاشای جاف؛ "کەشکۆڵی مەحموود پاشای جاف"؛ ئامادە کردن و لێکۆڵینەوە: دوکتۆر حەسەن جاف؛ دووبەرگ: بەرگی یەکەم شیعرە کوردییەکان؛ بەرگی دووهەم شیعری فارسی؛ چاپی یەکەم؛ بنکەی ژین؛ سلێمانی ٢٠١٤؛

ناودارترین کەشکۆڵە شیعری کوردییە، ساڵانێکی زۆرە خەڵک چاوەڕوانی دیتن و خوێندنەوەین. دەگوترا مامۆستای بەڕێز کاکە حەمەی مەلاکەریم خەریکی لێکۆڵینەوە و چاپ کردنیەتی، کە وێدەچێت بەهۆی نەخۆشیی مامۆستاوە، ڕێزدار دوکتۆر حەسەن جاف ئەرکی چاپ و بڵاو کردنەوەی گرتبێتە ئەستۆ. دەستی خۆش بێت کە هەموو ئەویندارانی کەلەپووری کوردیی لە چاوەڕوانی دەرهێنا. 

شیعرە کوردییەکان زوربەیان هەورامی و ئەوانیتر بە کرمانجی خواروون. دەستخەتی نەستەعلیق و شکستەی مەحموود پاشا (١٨٤٦ – ١٩٢١) لەوپەڕی جوانیدایە بەڵام بەشێکی زۆری شیعرەکان کەسێکی دیکە نووسیویەتەوە و هەر ئەویش لە هەموو لاپەڕەیەکی کەشکۆڵەکەدا "لاالله الاللە، محمد رسول اللە" ی لی زیاد کردووە..  

شیعرە فارسییەکان هی شاعیرانی ناسراوی ئێرانین وەک حافز و سەعدی و جامی و دیارە بایەخێکی ئەوتۆیان نییە لەبەر ئەوەی دیوانی چاپکراویان لە بەردەستی هەموواندایە. 

چاپی کتێبەکە لە چاپخانەیەکی بەیڕووت بەڕێوە براوە و بە داخەوە ئەوان بە شێوازی کتێبی عەرەبی حاشیەیەکی گەلێک ناحەز و ناوەستایانەیان بۆ هەموو لاپەڕەکان دروست کردووە کە زۆر جار پیت و ووشەی دەستنووسەکەی داپۆشیوە. حەیف و خەسار بۆ ئەو کتێبە بەنرخە بەڵای ئاوای بەسەر هاتووە.

 

12.                   نەوشیروان مستەفا ئەمین؛ "بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین"؛ من چوار بەرگی کتێبەکەم گەیوەتە دەست: کتێبی یەکەم؛ کتێبی یەکەم بەرگی دوەم؛ کتێبی دوەم بەرگی یەکەم؛ کتێبی سێیەم بەرگی یەکەم؛ چاپی لوبنان ساڵانی نێوان ٢٠١٢ تا ٢٠١٤.

بابەتی کتێبەکە هەمەچەشنەیە هەر لە ئەدەبی میزۆپۆتامیاوە تا ئەدەبی نووسراوی کوردی و مێژووی ڕۆژنامەوانیی کوردی تا کۆمەڵگای کورد و مێژووی سیاسیی کوردستان.

نووسەر بێگومان یەک لە لێکۆڵەرەوە دەگمەنەکانی کوردە و کتێبەکانی پێشووی و ئەم زنجیرە کتێبەی ئێستاش ئەو بۆچوونە دەسەلمێنن. هەموو بەرگەکانی کتێبەکە شایانی خوێندنەوەن.

تایبەتمەندیی کاری نووسەر ئەوەیە لە لێکۆڵێنەوەکانیدا ئامانجی تایبەتی سیاسی- کۆمەڵایەتی هەیە و هەر بۆیەش بە ناساندنی سەرچاوەکان ناوەستێ و لە ڕاگواستنی ناوەرۆکی سەرچاوەکاندا (کتێب بن یان ڕۆژنامە و گۆڤار) دەیەوێت خوێنەر ئەنجامیان لێ وەربگرێت. ئەو شیوازە لە هەموو چواربەرگی کتێبەکە و توێژینەوە مێژوویی- سیاسییەکانی پێشوویدا شێوەیەکی بەرچاوە. هەربۆیەش، هەندێک جار گوڵبژێری مێژوو دەکات و بۆ نموونە، لە ناو ئەمارەتەکانی کورددا، دوو ئەمارەت (بابان و ئەردەڵان)، لە ناو بەند وباوی کوردیدا حەیران هەڵدەبژێرێت، شی دەکاتەوە و ئەنجامی لێ وەردەگرێت بە شێوەیەک کە بیەوێت یارمەتی خوێنەر بدات لە ئەمارەتەکان و بەیت و باوی دیکەی کوردیش هەمان ئەنجام وەربگرێت.

نووسەر ڕوانگەیەکی نیشتمان پەروەرانەی هەیە و لەهەر کوێ بتوانێت، داگیرکەرانی خاکی کورد دەکورتێت. ئەوە چەند دێڕێکە تێیدا باسی حکوومەتی ئێران  دەکات:

"غەدری ئێرانی

ئێرانییەکان پێشینەیەکی دوورودرێژیان هەیە لە داڕشتنی نەخشەی 'سەرەتا تەفرەدان، ئیجا کوشتن' دا. ئەزمونێکی زۆریان هەیە لەوەدا بە سوێند و پەیمان، بە بەڵێن و گفت، بە قسەی شیرین، دوژمن و نەیار تەفرە بدەن، هەڵی بفریوێنن، دڵنیای بکەن تا بیهێننە ناو داوی کوشتنەوە بێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەوەی تۆمەتبار بکرێن بە بێ بەڵێنی و پەیمان شکێنی، بە بیانووی 'مەسڵەحەتی دەوڵەت' ەوە. .... ئەنجامی ئەم کارەیان هەمیشە بە زیرەکی و زرنگی بۆ دانەری پلان و جێبەجێکارەکەی ژماردوە. هەرگیز گوێیان نەداوەتە ئەوەی ئەمە بە غەدر و نامەردی و ناجوامێری و پەیمان شکێنی دابنرێ، بەڵکو ئەمەیان بە بیانووی مەسڵەحەتی دەوڵەتەوە پاساو داوە."  (لە لاپەڕە ١١٤ و ١٣٣ی کتێبی یەکەم، بەرگی دوەم).

 

 

13.                  د. هیمداد حوسێن؛ "ڕۆژنامەوانیی کوردی سەدەمی کۆماری دیموکراتی کوردستان ١٩٤٣- ١٩٤٧؛ چاپی یەکەم؛ دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی ئاراس؛ هەولێر ٢٠٠٨

لێکۆڵینەەوەی نووسەرە لەمەڕ گۆڤاری نیشتمان، هاواری کورد، کوردستان؛ هەڵاڵە، گڕوگاڵی منداڵانی کورد و دیاری کۆمەڵەی ژێ . کاف بۆ لاوانی کورد هاوڕێ لەگەڵ چاپکردنەوەی هەموو ژمارەکانی ئەو بڵاوکراوانە لە ١٠٢٢ لاپەڕەدا.

کتێبەکە سەرچاوەیەکی گەلێک بەنرخی مێژووی ڕۆژنامەوانیی کوردییە.

 

14.                  "ڕۆژنامەی پێشکەوتن – یەکەمین ڕۆژنامەی سلێمانی" ژمارە ١ تا ١١٨ (٢٩ ی ئەپریلی ١٩٢٠ – ٢٧ ی جوڵای ١٩٢٢)؛ چاپی تازەی هەموو ژمارەکان بە سەر یەکەوە لە یەک بەرگدا؛ ئامادە کردنی ڕەفیق ساڵح، سدیق ساڵح؛ بنکەی ژین؛ سلێمانی ٢٠١٢.

یەکەمین ڕۆژنامەیەکی کوردییە کە لە شاری سلێمانی دەرچووبێت. سەرنووسەرەکەی نەمر مستەفا سائیب بووە. ژمارەکانی "حەفتەی جارێک" دەرچوون. هەواڵی سیاسی و بەتایبەت کاروباری سیاسیی ووڵاتانی دراوسێ و ئوروپای تێدا بڵاو کراوەتەوە. حاکمی سیاسی ئینگلیز بە سەر شاری سلێمانیدا ڕاگەیشتووە و مۆرکی دەسەڵاتی ئەوان بەسەر هەوالەکانەوە دەبینرێت.  لە سەر هەموو ژمارەکانی نووسراوە "پێشکەوتن [ی] سلێمانی.

ئەرک و کاری بنکەی ژین لە ئامادەکاریی چاپی تازەی ئەم ڕۆژنامەیە و گەلێک چاپەمەنی دەورەیی دیکە جێگەی ڕێز و پێزانینە.

 

15.                  "نیشتمان – بڵاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ. ک ١٣٢٢- ١٣٢٣ [١٩٤٣-١٩٤٤]"؛ جاپی تازەی سەرجەم ژمارەکانیەتی لە یەکەوە تا ژمارە ٧ و ٨ و ٩ (بەسەر یەکەوە)؛ ئامادە کردنی عەلی کەریمی؛ بنکەی ژین؛ سلێمانی ٢٠٠٨

وێنەی هەموو ئەو ٧ ژمارەیەی گۆڤاری نیشتمانە، کە یەکەمیان لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٢٢ لە تەورێز و حەوتەمیان (وەک ژمارە ٧ و ٨ و ٩) لە جۆزەردانی ١٣٢٣ دا لە مەهاباد بڵاو بۆتەوە.

چاپی تازەی نیشتمان لە بەرگێکدا ئامادە کراوە و وێنەی "دیاری کۆمەڵەی ژێکاف بۆ لاوەکانی کورد" (١٩٢٢) و "گوڵبژێرێک لە دیوانی حاجی قادری کۆیی بلبلی نیشتمانی کورد بۆ ووشیاری ئاغاوات و سەردار عەشیرەتەکانی کورد" (١٣٢٢) هەروەها وێنەی "ڕۆژئەژمێری تایبەتی کۆمەڵەی ژێکاف بۆ ساڵی ١٣٢٢ و ١٣٢٣ و  بڵاوکراوەی "هاوار" (ساڵی ١٣٢٤)ی بۆ کراوەتە پاشکۆ.

 

16.                   "ڕۆژنامەی کوردستان؛ ئۆرگانی حیزبی دیموکراتی کوردستان- مەهاباد ١٣٢٤ تا ١٣٢٥ ی هەتاوی [١٩٤٦]"؛ ئامادە کردنی ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵح؛ چاپی یەکەم؛ پڕۆژەی هاوبەشی دەزگای ئاراس و بنکەی ژین؛ هەولێر و سلێمانی؛ ٢٠٠٧.

چاپی تازەی هەموو ژمارەکانی ئەو ڕۆژنامە مێژووییە لە قەبارەی ئەسڵیی خۆیدا (ئا ٣) بە سەرەتایەکی چڕوپڕ و ژیننامەی نووسەرانەوە بڵاو بۆتەوە. ژمارەی یەکەم لە٢٠/١٠/١٣٢٤ و ژمارەی  ٨٨ لە ٢٨ ی خەرمانانی ١٣٢٥ و ژمارە ٩٢ لە ١١ی ڕەزبەری ١٣٢٥ دا بڵاو کراوەتەوە. بابەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەدەبیی سەدەمی کۆماری کوردستان لە ڕۆژنامەکەدا ڕەنگیان داوەتەوە.

وەبزانم پەڕەیەکی یەک لە ژمارەکانی ڕۆژنامەکە لەو چاپەدا فەوتاوە و لە چاپێکی دواتریدا کە ئاراس بڵاوی کردۆتەوە ئەو ناتەواوییە قەرەبوو کراوەتەوە. دەستی هەردوو بنکە چاپەمەنییەکە بۆ ئەو کارە مەزنەیان خۆش بێت. سپاسی بنکەی ژینیش دەکەم بۆ باربووکردنم بە نوسخەیەکی چاپە تازەکە.

 

17.                   "نامە هفتگی کوهستان؛ شمارە ١ (١٧ اسفند ١٣٢٤)  تا ٨٤  ڕێکەوتی ١٢ اسفند ١٣٢٥ [١٩٤٥-١٩٤٦]) " بە کوشش صدیق صالح و رفیق صالح و مقدمە د. عبداللە مردوخ؛ بنکەی ژین؛ سلێمانی ٢٠١٠

بە ماوەیەکی کەم پێش ئەوەی ڕۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی حزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد چاپ بێت دڵسۆزێکی کورد، دوکتۆر ئیسماعیل ئەردەڵان، لە تاران ڕۆژنامەی کوهستای بڵاو دەکردەوە کە هەندێک لە شاعیر و نووسەرانی کورد وەک مامۆستایان هەژار و قزڵجیش بابەتیان بۆ دەنارد. نیازی حکوومەتی ناوەندیی ئێران لە ئیجازە پێدانی دەرچوونی ڕۆژنامەکە ئەوە بوو کورد دەنگێکی هەبێت کە بە ئاشکرا داوای سەربەخۆیی و جیابوونەوە نەکات و ئەو سیاسەتە بەرێتە ناو خەڵکەوە. بەڵام هەڵوێستی کوردپەروەرانەی دوکتۆر ئەردەڵان یارمەتیی ئەو سیاسەتەی نەدا و هەربۆیەش دوای ساڵێک لە لایەن حکوومەتەوە وەستێنرا.

هەموو ژمارەکانی کوهستان لە بەرگێکدا بە هەمان قەبارەی آ٣ لە لایەن بنکەی ژینەوە لە سلێمانی چاپ کراونەتەوە.

 

18.                  "ڕۆژنامەی کوردستان چاپی تاران"؛ بەرگی یەکەم تا چوارەم؛ ژمارە ١ ڕێکەوتی ٢٠/٢/١٣٤٠ تا ژمارە ٢٠٩ ڕێکەوتی ٨ /٣/١٣٤٢ ی هەتاوی [١٩٦٠ تا  ١٩٦٣ ی زایێنی]؛ چاپی دووهەم؛ چاپی بنکەی ژین لە سلێمانی لە سەر ئەرکی ئەکادێمیای کوردی (هەولێر)؛ ساڵی ٢٠١٢؛ هەرچوار بەرگ لە قەبارەی ئەسڵیی خۆیاندا (آ٣).

ڕۆژنامەکە لە لایەن ساواکی حکوومەتی پەهلەوییەوە بە ئامانجی شوێن دانانە سەر شۆڕشی ئەیلوول لە باشوور مۆڵەتی پێدرابوو و گەورە جاشی کورد عیسا پەژمان لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا دەڵێ محەممەد ڕەزاشا خۆی ئیجازەی بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەکەی دەرکردبوو.

سەرەڕای ئەوە، خەڵکانێکی دڵسۆز و خەمخۆری گەلی کورد دەستەی نووسەران و هاوکارانی ڕۆژنامەکەبوون. بڵاوبوونەوەی جاپی تازەی هەموو ژمارەکانی ڕۆژنامەکە لە چوار بەرگدا دەرفەتێکی باش دەداتە توێژێنەرانی سیاسەت و ئەدەبی ئەو ساڵانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

سپاسی ئەکادێمیای کوردی دەکەم بۆ باربووکردنی نوسخەیەک لە هەر چواربەرگی ڕۆژنامەکە.

 

19.                  "کۆڤارا ڕۆناهی ١٩٦٠-١٩٦٢"؛ ڤەکۆڵین مەسەدەق تۆڤی؛ چاپی نوێ، ئامادە کردنی بنکەی ژین؛ چاپخانەی ڕۆژهەڵات هەولێر؛ سلێمانی ٢٠١٤

"گۆڤارەکا ئەدەبی، زانیاری ئو کۆمەڵییە"، بە شێوەزاری کرمانجی ژووروو  (هەروەها کرمانجی خوارەوەش)دەرچووە. ژمارەی یەکەم ساڵی یەکەمی مێژووی "چریا ئێکی ١٩٦٠" ی بە سەرەوەیە و ژمارە  ٣ ی ساڵی ٢ لە ئابی ١٩٦٢ دا بڵاو بۆتەوە. لە لاپەڕە ٣ دا وێنەی "پێشەڤا عبدلکریم قاسم سەرۆکی وەزیرا و قومانداری چەک هەڵگرا" چاپ کراوە. بابەتی زۆری سیاسی و ئەدەبی تێدایە. ئاوڕی باشی لە کوردەکانی سۆڤیەت داوەتەوە.

بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا زەنگەنە بە دیاری بۆی ناردووم و لە سەر لاپەڕە ٣ ی نووسیوە "بە هیوای کوردستانێکی سەر بەخۆ؛ دیاری ماڵباتی خوالێخۆشبوو حافظ قاضی یە بۆ...ئەنوەر سوڵتانی". سپاسی ئەو برادەرە بەڕێزەم دەکەم کە خزمەتگوزاری ڕاستەقینەی کەلتووری گەلەکەیەتی. هەروەها سپاسی بنەماڵەی بەڕێزی حافز قازی دەکەم. "سەیدایێ حافز مستەفا عەلی قازی خودان ئیمتیاز و سەرنڤیسەر" ی گۆڤارەکە بووە.  

 . 20 "چریکەی کوردستان – گۆڤارێکی ڕۆشنبیری ی گشتی یە"؛ کۆبەندی ژمارەکانی؛ دەزگای چاپ و پەخشی حەمدی؛ شوێن: سلێمانی؟؛ ٢٠١١ لە دوو بەرگدا لە سەر ئەرکی یەکێتی نووسەرانی کورد / لقی سلێمانی/ لەچاپ دراوەتەوە:  بەرگی یەکەم، ژمارە ١ و ٢ و٣ (تەموز- آب  ١٩٧٩ تا کانوونی یەکەم ١٩٨١)؛ بەرگی دووەم ژمارە ٥ و ٦ و ٧ (تەموز ١٩٨٢ تا تشرینی یەکەم ١٩٨٣).

حەوت ژمارەی گۆڤارەکە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٩ و ١٩٨٣ دا لە لەندەن دەرچووە. دوو ژمارەی"ملحق عربی" یەکەشی بە ناوی "صرخة کردستان" لە ساڵانی ١٩٨١ و ١٩٨٣ دا هەر لەو شارە بڵاوکراوەتەوە.

چاپکەرەوەی ئەم چاپی دووهەمە، لە سەرەتای بەرگی یەکەمدا نووسیویەتی: "مامۆستا برایم ئەحمەدی نەمر لە گۆڤاری چریکەدا بە تەنیا هەر سەرنووسەر و سەرپەرشتکارێکی خەمخۆری دابین کردنی بابەت و بودجە نەبووە، بەڵکوو ئەرکی تایپکردنی بابەتەکان و مۆنتاژ و کۆپی کردنی گۆڤارەکەی گرتۆتە ئەستۆ و لە ماڵەکەی خۆیدا تەواوی قۆناغەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم گۆڤارە دانسقەیەی ڕاپەڕاندووە."

یادی مامۆستا برایم بەخێر بێت و سپاسی ئەو برادەرە خۆشەویستەش دەکەم کە نوسخەی چاپکراوەکەی خەڵات کردووم و بەداخەوە ناویم لەبیر نەماوە.

 

21.       فەرید ئەسەسەرد؛ "ئەتلەسی سیاسی هەرێمی کوردستان ١٩١٤ – ٢٠٠٥"؛ ئامادە کردنی سەردار محەمەد عەبدولڕەحمان و هۆشیار محەمەد ئەمین خۆشناو؛ سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان؛ سلێمانی ٢٠١٠. 

ئەتڵەسێکی پڕ لاپەڕەیە و لە ڕاستیدا 'ئەتڵەسی مێژوویی'  کوردستانە لە سەرەتای شەڕی یەکەمی جیهانییەوە تا ساڵی ٢٠٠٥ و گۆڕانکارییەکانی ئەو ماوەیە لە شێوەی نەخشەدا، بە ڕوونکردنەوە و ڕاگەیاندنی زۆرەوە. کتێبێکی گەلێک بە کەڵکە.

22.       دوکتۆر هاشم یاسین حمد امین حداد، سەردار محمد عبدالرحمن و هۆشیار محمد امین خۆشناو؛ "ئەتڵەسی هەرێمی کوردستانی عیراق و جیهان"؛ چاپی یەکەم؛ کۆمپانیای تێ نووس؛ هەولێر ٢٠٠٠

 کۆمەڵێک نەخشەی جۆر بەجۆری هەرێمی کوردستان، عیراق و هەموو جیهانە. لە پێکهێنانیدا  تەرکیز لە سەر هەرێمی کوردستان کراوە و هەرێم لە باری جوغرافیای سروشتی و سیاسیکانزایی و کشتوە کاڵی و کەشناسییەوە بە نەخشە پیشان دراوە.

23.       سولەیمان چوکەڵی؛ "نەخشەی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی ئوستانی ورمێ"؛ ناوەندی بڵاوکردنەوە: کتێبخانەی ئەندێشە؛ سلێمانی ٢٠١٢

نەخشەیەکی ڕەنگیی پڕۆفیشنالە کە تێیدا زانیارییەکی زۆر سەبارەت بە ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە ناوەندی ئیدارییەکەیەوە (ورمێ) بە سێ زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی خراوەتە بەردەستی خوێنەر و بینەر. نەخشە و زانیاری سەبارەت بە هەموو شارەکانی کوردستان پێشکەش کراوە. بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیە، کورد لە هەموو،  یان زوربەی شارەکانی ئوستانی ناوبراودا، نەتەوەی سەرەکییە.

24.       ئی جەی ئاڕ؛ "پوختەی کاروباری کاتی جەنگی جیهانی لە کوردستانی جنووبی"؛ لەئینگلیزییەوە وەرگێڕانی مەهاباد ساڵح ئەحمەد؛ بنکەی ژین؛ سلێمانی ٢٠١١.

بەشێکە لە بەڵگەنامەکانی سەردەمی ئینتیدابی بریاتانیا لە عیراق لە لایەن ئەفسەرێکی وڵاتەکەوە.

25.        ئیسماعیل گویلداش؛ "جەمعییەتی تەعالیی کوردستان"؛ وەرگێڕانی زریان ڕۆژهەڵاتی؛ بنکەی ژین؛ سلێمانی ٢٠١١.

بەشێک لە هەوڵەکانی کورد بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆی و داوای ماف کردنی دوابەدوای شەڕی یەکەمی جیهانی، گەیشتە ئەنجامی دامەزرانی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان کە لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩١٩ (یان بە ماوەیەکی کەم پێش ئەودا) لە ئەستەموڵ دامەزرا. دامەزرێنەرانی جەمعییەت بریتی بوون لە سەیید عەبدولقادر ئەفەندی کوڕە چکۆلەی شێخ عوبەیدیللا، حوسەین شوکری بەگی بابان، دوکتۆر محەم،مەد شوکری بەگی سەگبان، محێدین نامی، بابانزادە حیکمەت بەگ و عەزیز بەگ. کتێبێکی گەلێک بەنرخ و لێکۆڵینەوە و ڕاگەیاندنەکانی پشت ئەستوور بە بەڵگەنامەن.

26.       والاس لاین (کاپتەن)؛ "کورد، عەرەب، بەریتانییەکان – بیرەوەرییەکانی کاپتن لاین لەمەڕ ڕووداوەکانی  باشووری کوردستان، ١٩١٩ – ١٩٢٩" وەرگێڕانی دوکتۆر یاسین سەردەشتی؛ ناشر: وەرگێڕ؛ سلێمانی ٢٠٠٧.

شەڕ وکێشەی بریتانییەکان لەگەڵ تورکی تورکیا، مەسەلەی کورد لە ناو عیراقدا ؛ ڕاپەڕینە خێڵەییەکانی کورد؛ بنیات نانی حکوومەتێک بە ناوی عیراق، هاتنە سەرکاری مەلیک فەیسەڵ، شەڕی شێخ مەحموودی بەرزنجی لەگەڵ ئینگلیزەکان و.... ئەو بابەتانەن کە ناوەرۆکی کتێبەکەیان پێک هێناوە. 

27.        ولیەم هیود؛ "سەفەرنامەی ولیەم هیود بۆ کوردستان ساڵی ١٨١٧"؛ وەرگێڕانی لە فڕەنسییەوە، پێشەکی و پەراوێز نووسینی دوکتۆر نەجاتئی عەبدوڵا؛ بڵاوکراوەی ئەکادێمیای کوردی؛ هەولێر ٢٠١٢.

هیود کولۆنێلی سوپای بریتانیا بووە، لە بەغداوە چۆتە کفری و سلێمانی و کۆیە و هەولێر تا مووسڵ و لە سەفەرنامەکەیدا باسی ئێزدییەکانی چیای شنگالیش دەکات.

28.       گۆتفرید یوهانس میولەر؛ "دزە کردنە ناو کوردستانی داخراو"؛ وەرگێڕان لە ئاڵمانییەوە عوسمان عەبدوڵڵا هەڵەبجەیی؛ بنکەی ژیبن؛ سلێمانی ٢٠١١.

سەفەری میولەر بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ساڵانی ١٩٣٥ و ٣٦ دا بووە. خەریکی ئیکیشافات بووە لە ناوچەکە بە تایبەت دۆزینەوەی نەوت بۆ ئاڵمان. ئینگلیزییەکان بە هەواڵی کارەکەیان زانیوە و لە بەغدا زینادانییان کردووە. میولەر هەروەها چاوی بە شێخ مەحموودی بەرزنجیش کەوتووە و لەگەڵیدا کەوتۆتە وتووێژ.

29.       فازل ئوسولیان؛ "ناسنامەی زمانی کوردی" بەرگی سێهەم بەشەکانی ٧-١٠ ڕەوشی زمانی کوردی لە پاش دەسەڵاتداری مادەکان"؛ ناشر: نووسەر؛ سوید ٢٠١٥.   

ناوەرۆکی ئەم بەرگەی کتێبەکە، کە دۆستێکی خۆشەویست بەدیاری پێیداوم، مێژووی زمانی کوردییە دوای سەردەمی ماد هەتا هێرشی عەرەب، ئینجا زاراوەکانی زمانی کوردی  و دوو ئایینی ئێزدی و یارسان.

دیارە من بەرگەکانی پێشووی ئەم کتێبەم نەبینیوە و نازانم نووسەر چۆن ڕوانیویەتە سەردەمەکانی پێش هاتنی ئارییەکان بۆ ناوچەی زاگرۆس. بەڵام هیوادارم ئەویش و دڵسۆزانی دیکەی زمان و تۆرەی کوردی ئەو ڕاستییە لە بەرچاو ون نەکەن کە ناوچەی ژیانی ئێستای کورد مێژوویەکی گەلێک کۆنتر لە ماد و هەخامەنیشی و بەگشتی ئاریایی هەیە. بۆچوونی سیاسیی هەندێک بەناو زانا و لێکۆڵەری ئوروپایی وای لە خەڵکانی ناوچەی ئێمە کردووە سووک و سانا سێ هەزارساڵ مێژووی پێش ماد و هەخامەنیشی خۆیان لەبیر بکەن و لایان وابێت سەرەتای مێژوویان ئەو ساڵانەیە وا ئاریاییە سەحرانشینەکان هێرشیان کردە سەر ناوچەکە و خەڵکانی خۆجێ ییان لە زمان و فەرهەنگی خۆیاندا تواندەوە- ڕاست ئەو کارەی وا هەزارەیەک  دواتر عەرەبی موسوڵمان لەگەڵیان کردن.  

30.       بەهیە فەرەجوڵا زەکی مەریوانی؛ "کوردستان، ئەی خۆشەویستم!"؛ وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: ئەنوەر سوڵتانی؛ چاپی یەکەم؛ کتێبی ئاراس؛ هەولێر ٢٠١٠.

بیرەوەرییەکانی بەهیە خانم کچی شێخ فەرەجوڵڵا زەکی مەریوانییە کە لە فەقێیەتی شاری سنەوە پەڕیوەی میسر و ئەلئەزهەر بوو و لەوێ بوو بە بەهایی و چاپخانەی عیلمی کوردستانی بە یارمەتی بەهائوڵلا لە قاهیرە دامەزراند، شەرەفنامەی بدلیسی چاپ کرد.  

بەهیەخانم لە کتێبەکەدا باس لە ژیان و بیر و باوەڕی ئایینی خۆی- وەک بەهائیەک دەکات و لە دایکی فارس و باوکی کوردی خۆی دەدوێت. ناوەرۆکی سەرەکی کتێبەکە بەهائییەتە بەڵام زۆریشی لە سەر کورد تێدایە.

 

چەند کتێبی شیعر و ئەدەب

31.          "بەشێک لە دیوانی سالم  (ئەوڕەحمان بەگی صاحبقران) لەبەر ڕۆشنایی کەشکۆڵی سەیید عەلی و نەجمەدین مەلا"؛ ساغکردنەوەی کاروان عوسمان خەیات (ڕێبین)؛ پێداچوونەوە و پێشەکی دوکتۆر عوبدوڵڵا ئاگرین ؛ لە بڵاوکراوەکانی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان؛

کتێبەکە لە ڕاستیدا دیوانێکی سالمە باوەکوو هەموو شیعرەکانی نەبێت، لەبەر ئەوەی لە هەموو بەحر واتە پیتێکی ئەلف وبێ دا شیعرێک یان چەند شیعری سالمی گرتۆتە بەر. بەداخەوە کتێبەکە پڕە لە هەڵەی ساغکردنەوە و تایپ. فەرموو لەگەڵ ئەو دوو فەردەی لاپەڕە ٤٥ کە ڕاست بەوشێوەیەی کە لە کتێبەکەدا هاتووە ڕایدەگوێزم:

"حیکایەت خوانە تووتی دڵ، بە دەوری دامی گێسوودا  مەزنە عەکسی خۆی دیوە لەناو ئاوێنەی ڕوودا  لەبت بوودا ڕووییجێنشینی ماری توڕە خوو نەتدا هەتا دەمرم بە حەسرەت با بدەم، دەستم بە زانوودا..."

پێم سەیرە ئەو هەموو زەحمەت و ئەرکە کاتێ دەگاتە ئەنجام بۆچی ئاوا بە فیڕۆ دەچێ لە کاتێکدا هەموو بنکەیەکی بڵاوکردنەوەی کتێب لە دونیادا ئێدیتۆری هەیە بۆ پێدا چوونەوە و هەڵەبڕی، بنکەکانی کوردستان زوربەیان هەر بە شێوازی سەردەمی پێشمەرگایەتی لە شاخ، بابەت بڵاو دەکەنەوە. خۆ دەکرا لایکەم کتێبەکە پێش بڵاوبوونەوە بدرایەتەوە بە کاک کاروان و ئەو خۆی پێیدا بچوایەتەوە.

 

32.      "دیداری نالی - نالی، گوڵزارێک لە شیعر، ساباتێک لە داهێنان"؛ چاپی بەڕێوەبەرێتی گشتی ڕۆشنبیریی و هونەر لە سلێمانی؛ سلێمانی ٢٠١١

کۆمەڵەی چەند وتاری بەپێزە سەبارەت بە نالی و هونەری و سەردەمی و پەیوەندییەکانی. ناوی نووسەرانی وتارەکان لە ناسنامەی کتێبەکەدا ڕانەگیێنراون. گەلێک پێویستە لێکۆڵەرانی کورد ڕادەی زۆری شوێن هەڵگرتنی نالی لە شاعیرانی شێوازی هیندی لە ئەدەبی فارسیدا (وەک بیدل دیهلەوی و سائیب تەبریزی) بناسن و لە هەڵسەنگاندنەکاندابیگرنە بەرچاو.بە بێ ناسینی تایبەتمەندییەکانی ئەو شێوازە، ناسینی نالی نەگونجاوە.

 

33.      محەممەدی مەلاکەریم؛ "نالی لە کڵاوڕۆژنەی شیعرەکانییاوە- لێکۆڵینەوە"؛ چاپی دووهەم؛ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس؛ هەولێر ٢٠٠٩

چاپ تازەی کتێبی ناسراوی کاکە حەمەی مەلاکەریمە کە نزیکەی چل ساڵ پێش ئێستا چاپی یەکەمی بڵاو بۆتەوە. پێداچوونەوەیەکی شارەزایانەی شیعرەکانی نالێیە و یەک لە یەکەم هەنگاوەکانی کوردە بەرەو ناسینی شیعری نالی، باوەکوو کارەکە زۆری بەبەرەوە ماوە.

 

34.      تا 40 .  حەوت دیوانی جیاجیای شێخ ڕەزا تاڵەبانی، یان سەبارەت بە شیعرەکانی ئەو. من کە ماوەیەکە خەریکی ساغکردنەوەی شیعری شێخ ڕەزا، بە تایبەت شیعرە فارسییەکانیم بەختی ئەوەم هەبووە دۆست و برادەری خۆشەویست کتێبی تازە چاپی سەبارەت بە شیخ ڕەزام بە دیاری بۆ بێنن. ڕێزدار دوکتۆر سەباحی غاڵب چوار بەرگی جیاجیای بەدیاری بۆ هێناوم کە پڕ بەدڵ سپاسی دەکەم. ئەوە تایبەتمەندیی کتێبەکانە:

  ئا. "شێخ ڕەزای تالەبانی بە پێنووسی چەند بنووسێک (شێخ محەممەدی خاڵ، مەلا جەمیل   ڕۆژبەیانی، دوکتۆر نووری تاڵەبانی، محەممەد عەلی قەرەداغی)"؛ دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوەی ئاراس؛ هەولێر ٢٠١٠

           ب. ئەحمەد تاقانە؛ "شێخ ڕەزای تاڵەبانی کەڵە شاعیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست"؛ چاپی دووهەم، بڵاوکراوەی ئاراس؛ هەولێر           ٢٠١٠

          

           پ. شوکور مستەفا؛ "دیوانی شێخ ڕەزای تالەبانی"؛ ساغکردنەوە و شەرحی شوکور مستەفا؛ بڵاوکراوەی ئاراس؛ هەولێر            ٢٠٠٠؛ چاپی دووهەم ٢٠١٠  

           ت. د. مکرم تاڵەبانی؛ "شێخ ڕەزای تاڵەبانی – ژیانی، پەروەردەی، بیروباوەڕی و شیعری"؛ چاپی یەکەم؛ بڵاوکراوەی ئاراس؛           هەولێر ٢٠٠١

          

           ج.  ئومێد کاکە ڕەش؛ "دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی- بەشی کوردی"؛ئامادە  کردن و پەراوێز دانان و پێشەکی بۆ نووسینی            ئومێد کاکە ڕەش؛ بە کۆششی هۆشیار قەفتان لە چاپ دراوە و حەمەبۆر پێیدا ۆتەوە؛ لە بڵاوکراوەکانی پرۆژەی هاوسەر؛            سلێمانی ١٩٩٩

            

           چ.  ناسری ئیبراهیمی؛ "دیوانی شێخ ڕەزا تاڵەبانی"؛ ئامادە کردنی ناسری ئیبراهیمی؛ کتێبی ئەرزان؛ ستۆکهۆڵم                    ١٩٩٣                                  

 

            ح. گۆڤەند کەریم؛ "سەرجەم هۆنراوە هەجوەکانی شێخ ڕەزای تالەبانی"؛ ئامادە کردنی گۆڤەند کەریم؛ چاپی یەکەم؛ ناشر ؟؛             شوێن ؟؛ ٢٠١٠   

 

                دەستی بەرپرسانی دەزگای ئاراس خۆش بێت کە چوار بەرگ لەو حەوتە، بەرهەمی زەحمەتی ئەوانە.

 

چەند کتێبی چاپی 'انتشارات توکلی' لە تاران

 

ئەم کتێبانەی خوارەوە (كوردی و فارسی) کەسێک لە خزمانی خۆم لە بنکەی چاپەمەنی توکلی کڕیونی و بۆی هێناوم. کتێبفرۆشی و بنکەی چاپەمەنی تەوەککولی، لەمێژ ساڵە مامۆستای بەڕێز جەنابی محەممەد ڕەئووف تەوەککولی بانەیی دایمەزراندووە و دوور لە هەرا و هەیتوهووتی سیاسی، خزمەتی فەرهەنگ و مێژووی کورد دەکات. ئێستا بەڕێوەبەری کاروباری بنکە کوڕی مامۆستایە و ئەگەر کەسێک لە دەرەوەی وڵاتیش بیەوێت، دەتوانێ سەردانی ماڵپەڕەکەیان بکات و لێیان بخوازێت کتێبی خۆیان (هەندێک جاریش هی بنکە چاپەمەنییەکانی دیکەی ئێران) ی بۆ بنێرن. هەر ئەوەندەی بە فارسی دوو وشەی انتشارات توکلی بدرێتە گووگڵ، ماڵپەڕەکەیان دەردەکەوێت. ئەوە ناوی کتێبەکانە، کە زوربەیان مێژوویین و بابەتی کاری منن دەنا کتێبی دیکەشیان زۆرن:

٤١. علی اکبر وقایع نگار کردستانی؛ "بدايع اللغه - فرهنگ كردي - فارسي ، نخستین فرهنگ لغت کردی فارسی"؛ بە کوشش محمد رئوف توکلی؛ انتشارات توکلی

٤٢.   محمد شریف بن مصطفی قاضی: "زبدة التواریخ سنندجی در تاریخ کردستان" بە کوشش محمد رئوف توکلی؛ انتشارات توکلی

٤٣.  علی اکبر وقایع نگار کردستانی؛ "عشائر و ایلات و طوایف کرد"، بە کوشش محمد رئوف توکلی؛ انتشارات توکلی

٤٤.  علی اکبر وقایع نگار کردستانی؛ "حدیقه ناصریه و مرآت الظفر در جغرافیا و تاریخ کردستان" بە کوشش محمد رئوف توکلی؛ انتشارات توکلی

٤٥.   دکتر جمشید صداقت کیش؛ اخبار کُردستان به روایت روزنامه های وقایع اتفاقیه، دولت علیه ایران و ایران؛ انتشارات توکلی

٤٦.   مصطفی تیمورزادە؛ "وحشت در سقز- نگاهی به تحولات کردستان در فاصله جنگ جهانی اول جهانی تا اعاده اقتدار دولت مرکزی، 1293-1302شمسی (1334تا1342قمری)"؛ بە کوشش شهباز محسنی؛ انتشارات توکلی

٤٧.  محمد جمیل روژبیانی؛ "چهار امیر نشین کرد: ١- بنی عیار 2- حُلوان 3- دنبلیان 4- شبانکاره" بە کوشش  محمد رئوف توکلی؛ انتشارات توکلی

٤٨.  د. کوردستان موکریانی؛ "سیر تطور زبان کردی و مجموعە زبانهای ایرانی"؛ مترجم مصطفی ایلخانی زادە، ناشر: مرکز پژوهش و نشر افکار؛ مرکز فروش: انتشارات توکلی

٤٩.  عەلی نانەوازادە؛ ف‍ه‌ ره‍ه‌ ن‍گ‍ی‌ ک‍وردی‌ ه‍ه‌ رم‍ان‌ (ک‍وردی‌ ب‍ه‌ ک‍وردی)‌؛ انشارات ت‍وک‍ل‍ی‌.

٥٠. ناصر محسنی؛ "گذر از کوی خاطرەها"؛ خاطرات ناصر محسنی (سەرۆکی پێشووی ئیدارەی فەرهەنگی سەقز)؛ ناشر: انتشارات توکلی

 

هەندێک کتێبی فارسی

 

٥١.  ملا محمدرضا ابن صوفی سلیم؛ "تاریخ کردستان (١٣٣٩ – ١٣٤٤ ق)"؛  تصحیح دل آرا مردوخی؛ ناشر: کتابخانە، موزە و مرکز اسناد مجلس شورای اسلامی [ایران]؛ تهران ١٣٩٠ [٢٠٠١]؛ ISBN

ئەوە لەو کتێبە بەناوەرۆکانەیە وا سەبارەت بە مێژووی شاری سنە و ناوچەی ئەردەڵان نووسراون. یادداشتی ڕۆژانەی نووسەرەکەیەتی لە ماوەی پێنج ساڵی نێوان ١٣٠٠ تا ١٣٢٥ی هەتاوی (١٩٢١ تا ١٩٢٦ ی زایێنی) واتە بە ماوەیەکی کەم دوای مەشروتییەتی ئێران. خوێندنەوەی بۆ هەموو ئەوکەسانەی ئەوینداری مێژووی ناوچەکەن پێویستە، بەڵام ئینشا و شێوازی نووسینی نووسەر گەلێک ناخۆشە و خوێنەر دەبێ تاقەتی هەبێت هەموو لاپەڕەکانی بخوێنێتەوە.

گۆڕانی حاکمانی عەجەمی ئەردەڵان، شەڕی هەورامی و ئەردەڵانی، کێشەی سەردار ڕەشید، ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانی ناو شاری سنە و کەم تا کورتێکیش سەبارەت بە سەقز و گەڕووس، هێرشی عەشایەر بۆ سەر شار، زوڵم و زۆری حاکمان دەرحەق بە خەڵکی هەژار، پیلان و کوشتوبڕی حکوومەت لە خەڵکی خۆجێ یی، نرخی ڕۆژانەی نان و گەنم و خواردەمەنی و کەرەسەی ژیان ساڵ بەساڵ، وەرز بە وەرز و مانگ بە مانگ، گەرما و سەرمای هەوا، ناوی کەسایەتی ناوبەدەرەوی شاری سنە، دووکاندار،خاوەن پیشە و بە گشتی زۆر زانیاری کۆمەڵایەتی کە لە کتێبی ئاسایی مێژووی ناوچەکەدا بەدی ناکرێن. بەداخەوە پەراوێزنووس کەم ئەزموون بووە و شارەزایی لە ناوچە و خەڵک و داب و ڕەسمیان کەم بووە هەربۆیەش پەراوێزەکان تا ڕادەیەک جێگەی قسەن. لە یەک ڕستەدا کورتی بکەمەوە: کتێبێکی سەرچاوەیی گەلێک بەنرخە.

 

٥٢.  دکتر جمشید صداقت کیش؛ وقایع اتفاقیە – اخبار کردستان بە روایت روزنامەهای دولت علیە ایران، وقایع اتفاقیە، ایران"؛ انتشارات توکلی؛ تهران ١٣٩٠ [٢٠١١].

کۆمەڵەی ئەو هەواڵانەیە وا سەبارەت بە شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی  لە یەکەمین ڕۆژنامە فارسییەکانی ئێراندا بڵاو بۆتەوە. ساڵی ڕاپۆرتەکان نێوان ١٢٦٧ تا ١٣٢١ ی کۆچی مانگین کە دەبێتە١٨٥١ تا ١٩٠٣ ی زایێنی واتە بە یەک دوو ساڵ پێش مەشروتییەتی ئێران. هەوالەکان سەبارەت بە ئوستانی کوردستانن واتە سنە و سەقز و بانە و مەریوان و هەورامان و کەنگاوەر و جوانڕۆ و سەردەشت و گەڕوس و نەهاوەند و سونقوڕ و قەسری شێرین و ...کە ئێستا هەندێکیان کەوتوونەتە ئوستانەکانی دراوسێوە.

 

٥٣.  م. لازاریف، ش. مگۆی، م. حسرتیان، أ ژیگالینا و آ. باقرۆف؛ "کردستان معاصر، مدیر مسئول: ش. خ. مگوی"؛ ترجمە کامران امین آوە؛ ناشر ؟؛ شوێن و ساڵ ؟.

کتێبێکی بەناوەرۆک و سەرنجڕاکێشە، لە ساڵی ١٩٩٥ دا بە زمانی ڕووسی لە مۆسکۆ بڵاو بۆتەوە بارودۆخی سیاسیی کورد لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین و یەک یەک ئەو وڵاتانە دەخاتە بەر باس کە خاکی کوردیان بە سەردا دابەش کراوە.

 

  ٥٤.  سعید شمس؛ "ایرانیت و کردیت- همزیستی یا همستیزی"؛ چاپ اول؛ جا:؟؛ ٢٠١١.

هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی دوکتۆر سەعید شەمس پسپۆڕی سیاست و کۆمەڵناسیی کوردە لەسەر پرسی کورد لە ئێران.

نووسەر گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی مەشرووتییەتی ئیێران کە هەندێک کەس بە سەرەتای سەرهەڵدانی دیاردەیەکی ئەمڕۆیی بەناوی ناسیۆنالیزمی ئێرانی و دەسپێکی سەمایەداریی ئێرانی دەزانن و دەڵێ هاوکات لەگەڵ پەیدابوونی ناسیۆنالیزمی فەرمی لە ئێران، لە تورکیا کەمالیسم و لە عیراق و سووریاش 'عروبە' سەرهەڵدەدات؛ ئەو سێ گوتارە جیاوازییەکی ئەوتۆی ناوەرۆکییان لەگەڵ یەکتر نەبوو و هەرسێ پڕۆژەکە بۆ سەرکەوتووبوون، دەبوایە لە بەربەستی داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد تێپەڕ بن؛ هەر ئەوەش مەسەلەی کوردی کردە کێشەیەکی ئاڵۆزی ناوچەکە.

 

٥٥.  محمدعلی سلطانی، "کردهای ایزدی، مهرپرستان ایرانی"؛ انتشارات اطلاعات؛ تهران ١٣٩٥ [٢٠١٥]؛ ISBN: 978-964-423-973-1

کتێبێکی بەنرخی مامۆستا محەممەد عەلی سوڵتانییە. وێدەچێت پێشتر بە شێوەی وتار، لە بڵاوەیەکی چاپی تاراندا بڵاو بووبێتەوە. پێداچوونەوەیەکی خێرا و زانیارییەکی پوختە سەبارەت بە مێژووی ئێزدایەتی و پەیوەندیدانی بە ئایینی میترایی (میهری) یەوە هاوڕێ لەگەڵ وەرگێڕاوی فارسیی کتێبی جیلوە و مصحفی ڕەش. لایەنێکی گرنگی کارەکەی مامۆستا محەممەد عەلی گەڕانە بە شوێن بنەماکانی ئایینی ئێزدایەتی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەندێک ئایینی دیکەی ناوچە وەک عەلەوی و بەکتاشی و قزڵباشی و ئەهلی حەق و خاکسارییە. کتێبەکە تا ڕادەیەک بەلای ئێرانی بوون و بنەمای ئێرانیی ئێزدایەتیدا شکاندووە و شوێنی زۆری ئەو ڕووداوانەی دوای سەرهەڵدانی داعشی بەسەرەوە دیارە.

 

٥٦. دکتر عثمان یوسفی، "تاریخ و حیات اجتماعی- فرهنگی کردهای ایزدی"؛ ناشر: پژوهشکدە تاریخ اسلام؛ چاپ اول؛ تهران ١٣٩١ [٢٠١٢]؛ ISBN: ٤-٤-٩٢٨٣٦-٦٠٠-٩٧٨       

لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕ لەمەڕ مێژووی ئێزدایەتی، باوەڕ، ڕێ وڕەسم و گەلێک زانیاریی دیکەی سەبارەت بەو ئایینەیە هاوڕێ لەگەڵ دەقی کتێبی پیرۆزی مصحف ڕەش و جیلوە بە عەرەبی. ڕوانگەی نووسەر سەبارەت بە خوشک و برایانی ئێزەدیمان باشە بەڵام واهەیە بنکەی بڵاوکەرەوە بێت کە هەندێک بۆچوونی ناڕێکی تێکەڵاوی کارەکە کردووە. سەرەتا نووسی کتێبەکە، سەید هادی خامنەیی، کە سەرۆکی بنکەکەیە دوو لاپەڕەی تەواوی وەک پێشەکی خستۆتە سەرەتای کتێبەکە و لە وێدا گێرەی لە شوێنێکی دیکە دەگەڕێت! تەنیا لە یەک شوێندا نەبێت کە گوتوویەتی "توێژینەوەی وەک ئەم کارەی ئێستا" دەنا بەلای کتێب و نووسەریدا نەچووە و هەر دیعایەی بۆ ئیسلامی عەزیز و بنەکەی ژێر دەستی خۆی کردووە. ئێرانە و مەلای تێدا دەسەڵاتدارە، چ کەردەن!

 

٥٧. حەیدەر لەشکری؛ "وێنەی کورد لە زانینی مێژووی ئیسلامدا"؛ وەرگێڕانی دوکتۆر محەممەد تاتائی؛ لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری کوردولۆجی؛ سلێمانی؛ ساڵ؟

لێکۆڵینەوەیەکی بەنرخە سەبارەت بە دەوری کورد و کارایی و کەسایەتییەکەی لە مێژووی ئیسلامدا بەگوێرەی مێژوونووسان و فەیلەسووفانی عەرەب و ئیسلامی. خویندنەوەی کتێبەکە پێداویستییەکی بەرچاوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت کورد لە ئاوێنەی دراوسێکانیدا بناسن و ئاوڕ لە ڕابردووی کورد لە سەدەکانی ناوەڕاست بدەنەوە.

 

٥٨.  گونتر دشنر؛ " کرد ملت بی دولت"؛ ترجمە کمال الدین محمدی؛ چاپ یکم؛ انتشارات آراس؛ اربیل ٢٠١١.

کتێبەکە بە ئاڵمانی نووسراوە، لە زمانی ئەسڵیدا ناوی "کورد' بووە و لە ساڵی ٢٠٠٣دا بڵاوبۆتەوە. لە هیچ شوێنێکی وەرگێڕانەکە دەرناکەوێت ئایا وەرگێڕی کوردی راستەوخۆ لە ئاڵمانییەوە وەریگێڕاوەتە سەر کوردی یان لە فارسییەوە. مێژوویەکی پڕلاپەڕەی گەلی کوردە بە گشتی لە سەدەی بیستەمدا، بەڵام بەشی زۆرینەی تەرخانی شۆڕشەکانی ئەم دواییەی باشووری کوردستان کراوە بە تایبەت شۆڕشی ئەیلوول لە سەرهەڵدانیەوە تا هەرەس هێنانی و ماوەیەکیش دوای ئەو.

 

٥٩. [ولادیمیر] مینورسکی؛ "کرد'؛ ترجمە و توضیح حبیب اللە تابانی؛ چاپ اول؛ نشر گسترە؛ تهران ١٣٧٩ [٢٠٠٠].

وەرگێڕانی فارسیی وتارێکی ناسراوی مینۆرسکییە، کە وابزانم دوو سێ جارێک وەرگەڕاوەتە سەر کوردی. نەمر حەبیبوڵڵا تابانی، کە لە سەردەمی قوتابخانەی ناوەندیدا مامۆستام بووە، و چەند کتێبی سەبارەت بە کورد نووسیوە یان تەرجەمەی کردووە، ئەم کتێبەشی لە بەر تەرجەمەی کوردیی کاک محەممەد سەعید محەممەد کەریم کردۆتە فارسی و بەرانبەر بە دەقی فەڕەنسی داناوە. یادی ئەو مامۆستا بەڕێزەم بەخێر بێت!

 

٦٠.  آزاد محمودی؛ "خوشنویسان ماندگار مکریان- بزرگداشت خوشنویسان مرحوم"؛ ناشر: انجمن خوشنویسان مهاباد؛ مهاباد بهمن ماه ١٣٩٣ [٢٠١٥]

ژیننامە و وێنەی میرزا محمدامین مشرف سررشتەدار سوارە مکری؛ میرزا یوسف ساوجبلاغی ابن امین؛ میرزا سعید یوسفی.

شیعر ئەو تووتڕکەیە وا سێبەری خستۆتە سەر وەنەوشەی هەموو هونەرێکی دیکەی کۆمەڵگای کورد و خامۆشی کردوون. یەک لە هونەرە کۆن و لەمێژینەکانی ئێمە، خۆشنووسییە بەڵام باوەڕ ناکەم کەس لە ڕووناکبیرانی کورد دەگمەنیش ناوی خۆشنووسێکی کورد، جگە لە ئەمیرنیزامی گەڕووسیی کوردکوژ! بزانن و بیانناسین ئەوەش زوڵمێکی بێ ئەندازەیە لە مێژووی هونەری میللیمان.

نووسینی ژیننامە بۆ خۆشنووسانی کورد بوارێکی نوێیە و بەشێک لەو بۆشاییەی ساڵان و سەدەکانی ڕابردوو پڕدەکاتەوە. لێکۆڵەر و ئامادەکاری کتێبەکە سەرەتایەکی پوختی بۆ ناساندنی ڕەوتی خطاطی لە ناوچەی موکریان و مەهاباد نووسیوە و تێیدا سێ کەس لە خۆشنووسانی کۆچکردووی ناوچەکەی بە خوێنەر ناساندووە. هیوادارم کاک ئازاد بەو سێ کەسە ڕانەوەستێت و خۆشنووسانی دیکەی کوردیشمان پێ بناسێنێت کە ژمارەیان گەلێک زۆرن و لە هەموو شار و گوندەکانماندا نموونەیان بووە و هەیە لەبەر ئەوەی هونەری خۆشنووسی لە ڕابردوو و لە ناو خوێندەوارانی ئێمەدا برەوی زۆری هەبووە و هونەرەکە وانەیەکی سەرەتایی ناو حوجرەی فەقێکانمان بووە.

 

٦١. اسماعیل شمس؛ "گزیدەای از اسناد کردستان (مجلس اول تا پنجم شورای ملی)"؛ اسناد بهارستان (٢٦)؛ کتابخانە موزە و مرکز اسناد مجلس شورای اسلامی؛ تهران ١٣٩٢ [٢٠١٣]

کتێبێکی سەرچاوەییە، هەواڵ و باس وخواسی دەورەی یەکەم تا پێنجەمی مەجلیسی شورای میللی سەبارەت بە ئوستانی کوردستانی تێدا گردوکۆ کراوە. یەکەم دەورەی مەجلیس لە ١٨/١٠ ١٩٠٦ دوا بەدوای دەرچوونی فەرمانی مەشرووتییەت لە لایەن موزەففەرەددین شای قاجارەوە پێکهات کە هیچ نوێنەرێکی ئوستانی کوردستانی تێدا نەبوو (امین التجار هەڵبژێرراوی خەڵک نەبوو)  بەڵام هەواڵەکانی ناوچە کەمتاکورتێک لە مەجلیسدا باسی لێوە کرا.

لە دەورەی دووهەمیشدا (ساڵی ١٩٠٩) شارەکانی کوردستان بە موکریانەوە نوێنەریان لە مەجلیس نەبوو. لە دەورەی سێهەمدا شارەکانی ئوستانی کوردستان نوێنەریان هەبوو بەڵام موکریان دیسانەکە، بێ بەش مایەوە. اسداللە خان کردستانی نوێنەری کوردستان لە هەموو ساڵانی دەورەی سێهەمدا یەک جاریش ناوی کوردستانی نەهێنا!

دەورەی چوارەم (١٩١٩) سێ نوێنەری ئوستانی کوردستان لە تایفەی ئاسەف دیوان بوون، شاری سەقزیش بوو بە خاوەنی نوێنەرێکی عەجەم. لە دەورەی پێنجەمدا (١٩٢٣) کە ڕەزاخان ببوو بە هەمەکارەی ئێران، هەر ئەو سێ کەسە بوونە نوێنەری کوردستان  و میرزا عبدالعزیز موفتی نوێنەری سەقز، گەڕووس و بیجاڕیش نوێنەرێکی خۆی هەبوو.

لەم دەورەیەدا، میرزادەی عشقی شاعیری شۆڕشگێر، کاندیدی ئوستانی کوردستان بوو. ناوچەی سابڵاغیش بە بۆکان و سوڵدووز [و سەردەشت] و عەشایری مامەش و مەنگوڕەوە، بۆ یەکەم جار،  بوو بوە خاوەنی نوێنەرێک. کتێبەکە دەنووسێت سەیر ئەوە بوو کە زۆرترین دەنگی ناوچەی سابڵاغ درابوو بە ڕەزاخانی پەهلەوی سەرەک وەزیران! کە شێوازێکی تەمسیلی هەبوو.

 

٦٢. حسین احمدی؛ "بررسی حوادث سیاسی مناطق کردنشین ایران (١٣٣٠ – ١٣٢٠ ش)"؛ موسسە مطالعات تاریخ معاصر ایران؛ تهران ١٣٩٣ [٢٠١٤]

کۆمەڵەی ١٠ وتار و سەرەتایەکە، هەندێک کەسایەتی ناسراوی کورد و غەیرە کورد نووسیویانە و لە ڕاپەڕینی سمکۆ لە ورمێوە تا موکریان و سەقز و بانە و سنە و کرماشانی تێدا خراوەتە بەر لێکۆڵینەوە.

ساڵانی نێوان ١٩٤٠ و ٥٠ ی ئێران و کوردستان ساڵانێکی پڕ ڕووداو بوون و هەڵگری گەلێک هەڵسەنگاندنی قووڵ و بنەڕەتین کە لە پێش هەموو شتێکەوە دەبێ بێ لایەن بن. لە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زاڵ بوونی مۆتەکەی مەلای لابەلا بە سەریدا چاوەڕوان بوونی هەڵسەنگاندن و بڵاوکردنەوەی توێژینەیەکی ئەوتۆ ناکرێت. ئەم کتێبە بە هۆکارەکانی پێک هاتنی "گروهک پژاک" دەست پێدەکات و بە پێشمەرگەیەکی موسوڵمانیش پێشکەش کراوە. هەر ئەو دوو نیشانەیە خۆیان هەڵوێستی پێکهێنەری کتێبەکە دەردەخات.  باوەکوو هەرکام لە نووسەرانی وتارەکان هەڵوێستی سەربەخۆی خۆیان هەیە، کە لە هەڵوێستی گشتیی پێکهێنەر جیاواز بن.

 

٦٣. فوزی بیلگین و عەلی سارۆخان؛ "شناخت مسألە کرد در ترکیە"؛ ترجمە آزاد حاج آقایی؛ نشر پانیذ؛ تهران ١٣٩٣

کتێبەکە کۆمەڵی چەند وتاری بەپێزی نووسەرانی جیاجیایە و لە چوار بەش پێک هاتووە،: پیدایش و میراث ناسیونالیسم کرد؛ مسألە کرد در دورە کنونی- جنبش، ستیزە و آیندە؛ تلاشهای جامعە مدنی در نواحی کردنشین ترکیە؛ و ابعاد بین المللی مسألە کرد.                                                                                                                                               

 

٦٤. شیلا ڕوباتام؛ "ژنان لە بزاوتندا- فێمینیزم و چالاکیی کۆمەڵایەتی"؛ وەرگێڕان لە فارسییەوە: یادگار حەمە غەریب؛ لە بڵاوکراوەکانی یەکیەتی ژنانی کوردستان؛ چاپی یەکەم ٢٠١٩؛ شوێن؟

کتێبەکە مێژوویەکی پڕبایەخی بەبەڵگەی بزاوتی ژنانی جیهانە لە شۆڕشی مەزنی فەرەنساوە تا ئەمڕۆ. وەرگێڕی فارسی حشمت اللە صباغی بووە و لە ساڵی ١٣٨٥ دا کە دەکاتە ٢٠٠٦ ی زایێنی لە تاران لە لایەن 'نشر پژوهش' ەوە بە فارسی بڵاوکراوەتەوە.

 

٦٥. ڕحمان محمدیان؛ " بوکان بە روایت اسناد ملی و محلی (بررسی اسناد سدە بستم)، مجموعە ٨١ سند تاریخی"؛ گردآوری و تألیف رحمان محمدیان؛ ویراستار هادی حبیبی؛ جلد اول؛ چاپ اول؛ انتشارات کولە پشتی؛ تهران ١٣٩٤ [٢٠١٥]؛ ISBN 978-600-5816-90-7

وەرگێڕاوی فارسیی بەرگی یەکەمی ئەو کتێبەی مامۆستا ڕەحمانە کە پێشتربە کوردی بڵاو بووبوەوە. دوای کتێبەکەی نەمر برایمی ئەفخەمی، دووبەرگ کتێبی کاک ڕەحمان بەرچاوترین کارن لە سەر مێژووی بۆکان، بەتایبەت مێژووی سیاسی و ئابووریی شار و ناوچەی دەوروبەری. واهەیە گرنگترین بەشی کتێبەکە بەڵگەی گرنگی سەبارەت بە خەباتی خەڵکی شار دژ بە پەناهی تاجری تەورێزیی خاوەن مڵکی بۆکان دوای سەردارەکان و درێژەی کێشەکە لەگەڵ بنەماڵەی ئێلخانی زادە و موهتەدی بێت کە لە ساڵی ١٣٢٣ بوون بە خاوەن مڵکی بۆکان. ئەو بەڵگەنامە مێژووییانەی نەمر حاجی قاسم کەریمی کە لە پەیوەندی ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٣٢ی خەڵکی بۆکان و ناوچەی فەیزوڵڵابەگیدان، دوای ٦٠ ساڵ شاراوەیی، بە هیممەتی کاک ڕەحمان ڕۆژی ڕووناکیان بینی و نەوەی تازەی کوردی لەگەڵ ڕاستەقینەی ئەو بەربەرەکانییە چینایەتی- سیاسییە ئاشنا کرد.

بە هیوای ئەوەی لە نەخۆشیی کاک ڕەحماندا، ڕێزدار هادی حەبیبی بەرگی دووهەمی کتێبەکەش بە فارسی ئامادەی چاپ بکات.

 

٦٦. فریدون حکیم زادە؛ "سردشت در آیینەی اسناد تاریخی"؛ انتشارات رهرو؛ مهاباد ١٣٨٣ [٢٠٠٤]؛ ISBN: 964-6806-51-1

یەکی دیکە لەو کتێبانەیە وا لە ٢٠-٣٠ ساڵی ڕابردوودا سەبارەت بە شارەکانی کوردستان نووسراون. پێشتر، جگە لەو کتێبانەی وا لە سەردەمی قاجار لەسەر سنە و ئەردەڵان نووسرابوون، هیچکام لە شارەکانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی سەربەخۆی نووسراو نەبوون و دەبوایە سۆراغیان لە سەفەرنامە و بەڵگەنامەی بێگاناندا بگیراتیەت. بەختەوەرانە دوای ڕووخانی حکوومەتی پەهلەوی، ئەو بوارە ڕێڕەوی زۆری پەیدا کردووە و سەرەڕای بەرگری و سانسۆری مەلاکان، گەلێک هەنگاوی بەکەڵک لە پێناو ناساندنی مێژوو، جوغرافیا، فەرهەنگ و ئەدەبی گەلەکەمان لە هەرکام لە شارەکان نووسراوە، هەر لە ئیلام و کرماشانەوە تا ورمێ. گەرچی بەداخەوە ناوچەکانی باکوورتر وەک سەڵماس و خۆی و ماکۆ کەمتریان کار لەسەر کراوە و ئەگەر سەرچاوەیەکیش هەبێت هی غەیرە کوردە.

کتێبەکە ئاوڕێکی کورتی لە مێژووی کەونارای ناوچەی سەردەشت داوەتەوە ئینجا هاتۆتە سەر ساڵانی سەدەی بیستەم و بەشێکی زۆری دیکەی تەرخانی ناساندنی کەسایەتییە ناودارەکان کردووە. کتێبێکی سەرچاوەیی بەنرخە.

 

٦٧  فریدون حکیم زادە؛ "ساوجبلاغ مکری (مهاباد)- تاریخ تحولات اجتماعی، سیسی، فرهنگی و اقتصادی مهاباد بە روایت اسناد"؛ گردآوری و تألیف؛ چاپ اول مرکز نشر فرهنگی ‌هیوا؛ مهاباد ١٣٨٩ [٢٠١٠]

کتێبكی دیکەی کاک فەرەیدوونە، لە سەر بنەمای ژمارەیەکی چەند سەد دانەیی وێنەی کۆنی کەسایەتییە مێژووییەکانی ناوچە و مەقاماتی خۆجێ یی ئێران لە کوردستان دانراوە کە بەشێکی بەرچاویان شەرح و ڕوونکردنەوەیان لەگەڵە. نووسەر ساڵانێکی زۆرە خەریکی گردوکۆیی وێنەی مێژووییە و لە گۆڤاری مەهاباد داس لاپەڕەی تایبەتی خۆی هەیە.

 

٦٨. حسن صمدزادە گلستان؛ "سیری در تاریخ سیاسی کردهای خلخال"؛ چاپ اول؛ موسسە مطالعات تاریخ معاصر؛ تهران ١٣٩٣ ؛ ISBN: 978-964-6357-95-2

کورد، تووی هەرێزە و بە بەشێکی زۆری ئێراندا بڵاوبۆتەوە! هەر سەگبابێکی ملهوڕ هاتۆتە سەر حوکم بەشێک لە گەلەکەمانی لە شوێنی خۆی هەڵکەندووە و ناردوونیەتە ئەوپەڕی ئێران. کوردی خەڵخاڵیش بە گوێرەی نووسەری کتێبەکە وەک چەمشگەزەکی خۆراسان، شکاکن و لە سەرەمی پێش سەفەوی واتە سەدەی شازدە و زووتریش لە سەردەمی ئاق قۆیونلووەکاندا ئاوارەی ئەو شوێنە کراون.

خەڵخاڵ شوێنێکە لە ئوستانی گیلان و نزیک ئازەربایجان (باکووری سیروان، کە دوای کوردستان قزل ئوزەن یان سفیدرودی پێ دەگوترێت) نیشتەجێ کراون و ئێستاش هەر لەوێ ماون. ناوچەی ژیانیان دوور لە گیوی نییە؛ مەلای خوێنخۆر ئایەتوڵلا سادق خەڵخاڵیش خەڵکی گیوی بوو!

ئێمەی کورد شارەزایی و زانیاریی زۆرمان لەو هاوڕەگەزە بازرەبووانەی خۆمان نییە و کتێبێکی وەک ئەم کتێبەی کاک حەسەنی سەدر دەتوانێ سەرچاوەیەکی بەنرخ بێت بۆمان.مێژووی ئەوانیش پڕە لە بەربەرەکانی و خۆڕاگری لە بەرانبەر حاکمانی ئێران و زیندان و شاربەدەریی گەورەپیاوانیان.

   

٦٩.  محمد سیار؛ "تنها سنگر بازماندە از قیام- مروری بر شانزدە ماه جنبش کردستان"؛ ناشر: ؟؛ جا: ؟؛ ١٣٨٩ [٢٠١٠]؛ ISBN: 978-82-303-1578-1  

کتێبێکی سەرتاپا بەڵگەنامەییە سەبارەت بە مێژوویەکی کەم تەمەن بەڵام گرنگی نێوان ڕاپەڕینی ٢٢ ی بەهمەنی ١٣٥٧ ی گەلانی ئێران تا گیرانەوەی شارەکانی کوردستان لە لایەن  ئەرتەش و سپای پاسدارانی ئێرانەوە(خوردادی ١٣٥٩).

کۆمەڵی سەدان بەڵگەنامە و ڕاگەیاندن و هەواڵی ڕووداوەکانی ئەو دوو سالەیە بە تایبەت لە شاری سنە و دەوروبەری، کە پاسدارەکانی خومەینی گورزێکی قورسیان لە ژیان و ماڵ و مڵک و دارایی خەڵک دا. هەواڵەکان هەمووی لە سەرچاوەی وەک ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤارە فەرمییەکانی ئێران وەرگیراون و هەر ئەوە خۆی جێگەی گومانێک لە ڕاستی و ڕەسەنایەتییاندا ناهێڵێتەوە.

 

٧٠.  محمد سیار؛ "واقعیتی در ابهام- مروری بر تراژدی گردان شوان"؛ ناشر؟؛ جا؟؛ ١٣٨٩ [٢٠١١]؛ ISBN: 978-82-303-17471

هاوکات لەگەڵ بومبابارانی شیمیایی شاری هەڵەبجە، حکوومەتی بەعس بە جەکی شیمیایی لە ناوچەکانی دەوروبەریشی دا، لە ئەنجامدا بنکەیەکی پێشمەرگەی کۆمەڵەی ئێران، کە لەو سەروحەدە لە  شوێنێکی هەورامان دامەزرابوون کەوتنە بەر هێرشێکی دوو لایەنە: لە لایەک بۆمبابارانی عیراق و لەلایەکیتر هێرشی پاسدارانی ئێرانی کە لە خاکی ئێرانەوە بەرەو هەڵەبجە دەڕۆیشتن. ٥٤ کور و کچی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە هۆی ناشارەزایی لە بارودۆخی ناوچە و کەوتنە نێوان تێغی دوو هێزی سوپای ئێران و عیراقەوە، بەدەست پاسدارەکانی خومەینی شەهید کرانن و ١٢ کەسێکیشیان لێ بە دیل گیرا کە پاشان لە شاری سنە ئیعدام کران.

نووسەری کتێب یەک لەو دەگمەن پێشمەرگانەی کۆمەڵە بووە، گوردانی شوان، کە لە کارەسات ڕزگاریی هاتووە، باوەکوو بە قیمەتی ناوونیتکە لە لایەن هەڤاڵانی پێشووی خۆیەوە. کتێبەکە گێڕانەوەی بەسەرهاتی نووسەرە لە سەرەتای دامەزرانی بنکەی هەورامانەوە تا کۆتایی کار و هەڵاتن و گیران و ڕزگاربوونی خۆی کە تێیدا هەندێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوەی پێشووی خۆی بەوە تاوانبار دەکات کە شارەزایی کارەکەیان نبووە و گوێیان نەداوەتە ڕا و بۆچوونی کەسانیتر دەنا واهەبوو گوردانی شوانیش وەک پێشمەرگەکانی حزبی دیموکرات بیتوانیایە لە کێشەکە دەرباز بێت.

 

٧١.  محەمەد عەلی قەرەداغی؛ "دیوانی مەولەوی – مەلا عەبدوڕەحیمی تاوگۆزی"؛ کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی محەمەد عەلی قەرەداغی ئەندامی کارای ئەکادێمیای کوردی؛ لە دوو بەرگدا؛ چاپی یەکەم؛  ناشر[نووسەر؟]؛ شوێن؟ ٢٠١٥.

ئەم دووبەرگ کتێبە کارێکی نایابە لەسەر شیعری مەولەوی. بنەمای پێکهاتنی کتێبەکە، پشکنینی "نزیکەی ٥٠ بەیاز و کەشکۆڵ و دەستخەت"ە و "زیاد لە ٩٠ پارچە شیعری تێدایە کە یەکەمجارە لە دیوانی مەولەویدا بڵاو دەبێتەوە". ٢٨٧ لاپەرە لە بەرگی یەکەمی کتێبەکە تەرخانی ناساندنی کەشکۆڵ و بەیازەکان و هەروەها ژیننامەی مەولەوی، شێوازی لێکۆڵینەوە لە شیعرەکان، ناساندنی کارەکانی نەمران مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس و دوکتۆر محەمەد سدیق موفتی زادە و کەسانیتر لە سەر مەولەوی کراوە. نووسەر بە تایبەت چەند بەش و بڕگەی لە کارەکانی موفتی زادە خستۆتە بەرچاو و بەو پەڕی ڕێز و بایەخ پێدانەوە نرخاندوونی.

دیوانی شیعرەکان لە لاپەڕە ٢٨٩ ی بەرگی یەکەمەوە دەست پێدەکات و لە لاپەڕە ٩٨٥ (بەرگی دووهەم) دا کۆتاییان پێ دێنێت. بەشی کۆتایی کتێبەکە بریتییە لە نامەکانی مەولەوی بە فارسی و عەرەبی؛ دوو پارچە شیعری فارسیی مەولەوی (کە پێشتر لە دیوانی چاپی مودەڕڕیسدا بڵاو کراونەوە)، فەرهەنگۆکی وشە کەمتر ناسراوەکان و پێرستی شیعرەکان بە گوێرەی پیتی یەکەمی فەردی یەکەمی هەرکامیان.

زەحمەتی مامۆستا لە پێناو بڵاو کردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە شیعرانەی وا پێشتر لە دیوانی چاپی مودەڕڕیسدا نەهاتبوون، هەروەها ئاوڕدانەوە لە پێشڕەوانی بواری لێکۆڵینەوە لە شیعری مەولەوی  جێگەی پێزانییە. سپاسی زۆری جەنابی مامۆستا دەکەم بۆ باربوو کردنم بە هەردووبەرگی ئەو کتێبە بەنرخە. تەمەنی درێژ و قەڵەمی هەروا بە بڕشت بێت.

 

٧٢. وریا ئەحمەد؛ "خالید دلێر- هۆنراوە و نۆتەی سروود و گۆرانییەکان و هەندێ لە نووسینی هونەری و بیرەوەرییەکانی"؛ لە سەر ئەرکی تەحسین قادر بەرزنجی لەچاپ دراوە؛ چاپی یەکەم؛ هەولێر ٢٠١٥.

ئەو کەسانەی وا لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا نەژیابێتن یان بەچاو نەیانبینیبێت و لەبیریان نەمابێت واهەیە نەتوانن پەی بەو دەورە گرنگە بەرن کە نەمر خالید دلێر و سروودە نەتەوایەتییەکانی ئەو لە هاندانی خەڵک و پێشمەرگەی کورد بۆ شەڕی داگیرکەرانی خاکەکەی دەیانگێڕا. لە ڕاستیدا شیعر و سروود وگۆرانییەکانی ئەو بڵیمەتە خاوەن هەڵوێستە و بڵاوبوونەوەیان لە ئێزگەی شۆڕش کارتێکەرییەکی گەلێک زۆری لە بەرز ڕاگرتنی ورەی پێشمەرگە و خەباتکارانی گەل و بە گشتی هەموو کۆمەڵگای کوردیدا هەبوو.

خالید دلێر، خەڵکی کۆیە و هاوشاریی نەمر تایەر تەوفیق و خاڵی مامۆستا وریای بەرهەم هێنەری کتێبەکە، هەروەها ئەندامی حزبی شیوعی و خاوەن بڕوایەکی قایمی ئەو ڕێبازە بوو. ئەوەی خوارەوە نموونەیەکی بچووکە لە هەست و باوەڕی پێشکەوتنخوازانەی هونەرمەندێک، کە ژیانی خۆی و هونەرەکەی خستە خزمەت شۆڕشی گەلەکەیەوە و لەو ڕێبازەدا زیندان و چەرمەسەرێی زۆری بینی. وەسفی بەهار گەلێک لە شاعیرانمان کردوویانە، بەڵام بەو ڕوانینە چینایەتی- کۆمەڵایەتییەوە کەمتر کراوە:

"با وڵاتم لەمە زیاتر جوان بێ / هەموو شتی هۆی دڵخۆشیی ژیان بێ

ئەگەر ئێمەی خاوەن وڵات هەژار بین / چەوسێنراوی دەست بێگانە و زۆردار بین،

بە ئێمەچی جوانی سروشت، هی بەهار /  ڕوونیی کانی، ورشەی گیا، چرۆی دار!"

کتێبەکە کۆمەڵێک وتاری نەمر خالید دلێر و کەسانی دیکەی گرتۆتە بەر کە سەبارەت بەو نووسیویانە بەڵام نووسینی مامۆستا وریای کەمتر تێدا دەبینرێت. ئەو ناتەواوییە لە لاپەڕەکانی کۆتاییدا بە باشی قەرەبوو کراوەتەوە ئەویش بە نووسینی نۆتەی مۆسیقا و گۆرانی و سروودەکانی خالید دلێر، ئەوەش لایەنێکی گەلێک گرنگی کاری مامۆستا وریا لە پێکهێنانی کتێبەکەدا پێک دێنێت. سپاسی زۆری برای بەڕێزم کاک عەتا موفتی دەکەم بۆ ئەوەی کتێبەکەی بەدیاری پێداوم.

 

٧٣. مەلا ڕەسووڵ پێش نماز؛ "سەربردەی ژیانم- بیرەوەرییەکانی زیاتر لە ٥٠ ساڵ ژیانی سیاسی مەلا ڕەسوڵ پێش نماز لە موکریانەوە تا دووکان بە وێنە و بەڵگەنامەوە"؛ پێداچوونەوەی بەختیار؛ بەشی یەکەم، بنکەی ڕۆشنبریی شەهید؛ سلێمانی ٢٠١٢.

من کەم و زۆر هەموو ئەو بیرەوەرییانەم خوێندۆتەوە کە ئەندامان و بەرپرسانی ئێستا و پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (هەر دوو باڵ) نووسیویانن. لە نەبوونی مێژوونامەی ڕووداوەکان و هەڵسەنگاندنی بێ لایەنانەی سیاسەت و بەرنامە و کردەوە ڕێکخراوەیی و نیزامییەکانی حزبدا ئەو بیرەوەرییانە دەورێکی گرنگ دەبینن و سەرچاوەیەکی بە متمانەن بۆ خوێنەری بێ لایەن کە بیەوێت حزبەکە و ڕێبەران و سیاسەت دانەرانی بناسێت، بەتایبەت لە لایەن کەسێکی وەک نووسەری ئەم بیرەوەرییانەوە کە زۆر و کەم هەموو تەمەنی خۆی لە ناو حزبدا بردۆتە سەر.

ئەوەی وا لە هەموو ئەو بیرەوەرییانەدا هاوبەش و گەلێک بەرچاون، دوو دیاردەن:

یەکەم، دژایەتی و ناکۆکی و چەند بەرەکیی نێوان کادیرەکان و هەوڵی هەرکامیان بۆ پووچاندنەوە و بێ بایەخ کردنی کەسانی دیکە و گەورەکردنەوەی دەوری خۆیان لە ڕووداوەکاندا؛ دووهەمیش ئاشکراکردن و لەقاودانی گەلێک کاری نهێنی ڕێکخراوەیی و نیزامی و ناساندنی لایەنگر و پشتیوانی حزبەکە بە دۆست و دوژمن.

هەردوو ئەو دیاردانە بۆ بەشی ئیتیلاعات و جاسووسیی ڕژیمەکانی داگیرکەری کوردستان نیعمەت و غەنیمەتێکی گەورەن. ئەوان وا هەبوو ملیۆنان پارە سەرف بکەن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی شۆفار و نفووزییەکانیانەوە  تاقە بەشێکی کەم لەو زانیارییانە گردوکۆبکەن کە ئێستا دوژمنەکەیان واتە پێشمەرگەیەک سووک و هاسان و بە خۆڕایی دەدەیخاتە بەردەستیان. ئەم کتێبە تاقە کتێبێکی بیرەوەری نییە کە ئەو هەڵەیەی تێدا کرابێت بەڵام نموونەیەکی بەرچاوی کارەکەیە. زیاد لە ١٠٠ لاپەڕەی کتێبەکە تەرخان کراوە بۆ لەقاودان و بەدرۆخستنەوەی کەریمی حیسامی و بەهەمان شێوە هێرش بۆ سەر سەعید کاوە و ئەمیری قازی و ئەحمەد تەوفیق و جەلیلی گادانی و چەندەها کەسی دیکە تا ڕەحیمی بەغدادی، تەنانەت بە شێوەیەکی نەرم ونیانتر، بۆ سەر دوکتۆر قاسملوو و لەویش نەرمتر بۆ سەر حەمەدەمینی سیراجی، کە بە هەڵگری بیری چەپی توودەییان دەناسێنێت. وێدەچێت جیاوازیی نێوان هەڵگرانی بیروبۆچوونی چەپ (قاسملوو، حیسامی و سیراجی) و ئەوانەی واهەیە بتوانین بە ناسیۆنالیستەکان پێناسەیان بکەین (نووسەر و بەگشتی خزم و کەس وکاری ئەو لە ناو حزبدا)، لە هەموو ماوەی ژیانی پێشمەرگایەتییان لە باشوور و دوای گەڕانەوەی ساڵی ١٣٥٧ یان بۆ ڕۆژهەڵاتیش، بوونی بووبێت و کەسایەتیی نەمر قاسملوو لە هێورکردنەوەی بارودۆخ و نزیک کردنەوەی دوولایەنەکە لەیەکتر، دەوری گرنگی بینیبێت.    

ئەگەر نووسەر ئەو دیاردە نەرێ ییانەی سەبارەت بە هاوڕێیانی خۆی لە لاپەڕەکانی کتێبەکەدا تۆمار کردوون، لە لایەکی دیکەوە ڕێزی زۆریشی گرتووە لە خەڵکانی ئاسایی و دانیشتووانی گوندەکانی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و باشوور کە لە ماوەی پێشمەرگایەتی و حزبایەتی ئەو و هاوڕێکانیدا پشتیوانیان بوون و دەرگای ماڵیان بۆ پێشمەرگە لەسەر پشت بووە. ئەو پێزانی و ڕێزلێگرتنە، نەک لە یەک شوێن و دوان بەڵکوو لە سەرتاپای کتێبەکەدا بەرچاو دەکەوێت ئەوەش ئەرکێکە کە هەموو هەڵسووڕاوانی حزبە چەکدارەکانی کورد دەبێ بەڕێوەی بەرن.

نووسەر، کادرێکی نیزامی و بەرپرسی ڕێکخراوە پێشمەرگەییەکانی حزب بووە و دەوری بەرچاوی بینیوە لە هێرش کردن وشکاندنی ئەرتەش و سپای پاسداراندا بە تایبەت لە ماوەی شەڕی سێ مانگەی ناو شاری مەهاباد و شوێنەکانی دیکە. پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووهی ناسراو بە زەربەت لە مەهابادیش بەشێک لە یادداشتەکانی پێک دەهێنن. نووسەر باوەکوو هێرشی ڕاستەوخۆ ناکاتە سەر مامۆستا شێخ عیزەددین و کۆمەڵە و چریک، بەڵام ددانی خێریشیان پێدا نانێت و تۆمەتی ئەوەیان لێدەدات کە بێ ئەوەی دەورێکی ئەوتۆیان لە بەربەرەکانی کردنی هێزەکانی ئێراندا بینیبێت، بەروبووی شەڕ و خۆڕاگری و خەباتی پێشمەرگەکانی حزبیان خواردووە و لە سەر سفرەی ئامادە دانیشتوون.

من چاوم بە بەرگی دووهەمی کتێبەکە نەکەوتووە و ناشزانم ئایا نووسراوە و چاپ کراوە یان نا. سپاسی بەڕێز دوکتۆر کامران ئەمین ئاوە دەکەم کە کتێبەکەی پێدام بیخوێنمەوە.

 

٧٤. ڕێبوار حەمە تۆفیق؛ "کۆمەڵی هەقە (لە شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵەوە تا حەمەسووری کڵاوقوت) ١٩٢٠ – ١٩٨٦؛ چاپی یەکەم؛ ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد؛ سلێمانی ٢٠١٠.

کتێبێکی بەناوەرۆک و لێکۆڵینەوەیەکی پڕ بایەخی نووسەرە لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی- ئایینی- سیاسیی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم کە بەشێکی گرنگی باشووری کوردستان هەر لە سوورداش و سەرگەلو وشەدەلەوە تا کۆیە و هەولێر و ئەولاتریشی گرتبووەوە. ئەوانیش وەک هەڵگرانی بیروباوەڕی دیکەی ناوچەکە دواتر کەوتنە بەر "عطوفت اسلامی" و گیران و لێدران و فەوتان و سووکایەتی پێکردن و ئیهانەی زۆری موسوڵمانان.

بزووتنەوەکە بە گوێرەی نووسەر لە بنەمای تەریقەتی نەقشبەندییەوە سەرهەڵدەدات بەڵام هەر نووسەر خۆی باس لە پەیوەندییەکانی کۆمەڵی هەقە دەکات لەگەڵ بیروباوەڕی کۆنتری وەک ئیسماعیلییە و هەروەها بەهاییەکان و ئەهلی حەق. ئاشکرایە کە بزووتنەوەکە بنەمای گەلێک کۆنتر و ڕیشەدارتری هەیە و لەبارودۆخی گونجاوی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا ژیاوەتەوە و چرۆی دەرکردۆتەوە.

لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا کاک ڕێبوار ژیننامەیەکی چڕوپڕی سێ کەس لە ڕێبەرانی ڕێبازەکە واتە شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵە، مامەڕەزا و حەمەسووری کڵاوقوتی پێشکەش کردووە، کە یارمەتییەکی زۆری خوێنەر دەدات بۆ ناسینی ڕێبەران و بیر وباوەڕیان و لەڕێگەی ئەوانەوە ڕێبازی گشتیی بزووتنەوەکە. بەهیوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکانی نووسەر لەوێدا نەوەستێن و ئاسۆیەکی بەرفراوانتریان پێ بدرێت؛ من کتێبەکەم بەوپەڕی شەوق و زەوقەوە خوێندەوە، دەستی نووسەر خۆش بێت.

 

٧٥. زەردەشت؛ "کورتەی ئاڤێستا – پەندنامەی باستان"؛ وەرگێڕان لە فارسییەوە مەنسوور ئیزەدپەنا؛ بونیادی فیردەوسی، لەندەن- بریتانیا؛ وەشانگەی ساتراپ؛ ساڵی ٣٧٥٣ ی زەردەشتی و ٢٠١٥ ی زایێنی.

من ئەو نامیلکەیەم دوو سێ مانگ پێش ئێستا لە کۆنسێرتی کاک ناسر ڕەزازی لە لەندەن گەیشتە دەست؛ چەندکەسێک نوسخەی نامیلکەکەیان بە خۆڕایی دەدایە ئامادەبوون و یەک لەوان من.

ماوەی ٢٠ ساڵێک دەبێت دەبیسینەوە کە بزاڤی زیندوو کردنەوەی ئایینی زەردەشتی لەکوردستان سەری هەڵداوە و بەتایبەت لەم چەندساڵەی دواییدا پەرەی سەندووە. ئایین دیاردەیەکی شەخسییە و هەمووکەس مافی ئەوەی هەیە هەر ڕێبازێکی پێ باشە هەڵیبژێرێت و ڕەچاوی بکات. زەردەشتایەتیش ئایینێکی کۆنە و هەموو، یان بەشێک لە کورد، وەک گەلانی دیکەی ناوچەکە بە ئێرانەوە، پێش سەرهەڵدانی 'ئیسلامی عەزیز' لەسەر ئەو ئایینە بوون؛ هەوڵ بۆ زیندوو کردنەوەی ئایینەکە، مافی ئەو کەسانەیە وا باوەڕیان پێیەتی. دیارە کوردیش بە پێچەوانەی کۆمەڵگاکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، کۆمەڵگایەکی دڵفراوانە و دەرەتانی ئەو چەشنە هەڵسوڕان و هەوڵانە بەخەڵک دەدات.

لە بارودۆخێکدا کە ئیسلامی سەلەفی و داعش و ئەلقاعیدەی سوننە لە لایەک و شیعەی چەشنی سەفەویی مەلاکانی ئێران لە لایەکیتر، لەهەموو کون و کاژێڕێکی ناوچەکە خزاون و تەنگیان نەک بە ئایین و ئایینزا غەیرە ئیسلامییەکان هەڵچنیوە، بەڵکوو وەک دەللاکی چاک بەربوونەتە سەری یەکتر و سوننە شیعە دەکووژێت ومزگەوت و ماڵی دەسووتێنێت، شیعەش حەشدی شەعبی دروست دەکات بۆ شکاندنی چەکداری سوننە، ئیتر شتێکی سەمەرە نابێت ئەگەر هەندێک کەس وەک هەڵگەڕانەوە و بێزاری نواندن لەو ئایینەی کە جگە لە کوشتن وبڕین و ڕووخاندن و بۆمبا تەقاندنەوە زمانی دیکە نازانێت، پەنا بەرنە بەر ئایینێکی دیکە، هەندێک ببن بە مەسیحی و هەندێک بە مووسایی و لە بنەوپاڵیشەوە بە زەردەشتی، کە پێشینەیەکی کۆنی لە وڵاتەکەدا هەبووە، یان هەر لە ئایین و مایین بێزار بن و بەشوێن ڕێبازێکی مەعقوولی زانستی و غەیرە ئایینیدا بگەڕێن؛ کە من وەک تاکێک زیاتر لەگەڵ ئەوەی ئەخیریاندام نەک بەبا کردنی کای کۆن.

سەرەتای نامیلکەکە، بە ناساندنێکی کورتی بناغەکانی زەردەشتایەتی دادەمەزرێت و بە هەندێک دۆعا و پاڕانەوە لە ئەهوورامەزدا درێژە پەیدا دەکات ئینجا هەندێک ڕێ و ڕەسم و جەژنی زەردەشتی بە خوێنەر دەناسێنرێت، لە کۆتاییشدا 'جاڕنامەی مافی مرۆڤی کورشی هەخامەنیشی' دێت کە ڕوون نییە چ پەیوەندێکی بە باسەکە و بە تایبەت خوێنەری کوردەوە هەیە. یەکەم لەبەر ئەوەی هێشتا بە تەواوەتی نەزانراوە ئایینی شاهانی هەخامەنیشی چی بووە و خۆ ئەگەریش ڕوون بوایە، بۆچی ناو و جاڕنامەی ئەوان دەبێ بێتە ناو کتێبێکەوە کە بۆ کوردە و دەزانین هەخامەنیشییەکان و هەر ئەو جەنابی کورشە بوون وا زنجیرەی مادیان کۆتایی پێ هێنا!

پێنج لاپەڕەی کۆتایی نامیلکەکە تەرخانی بەشێک لە سروودی ئەی ڕەقیب و سروودی مەزدیەسنای زەردەشتی کراوە. بوونی سروودی مەزدیەسنا لەو شوێنە، شتێکی ئاساییە بەڵام ڕوونیان نەکردۆتەوە بۆچی سروودی ئەی ڕەقیب تێکەڵ بە ئاڤێستا کراوە ئەویش بەشێکی تایبەتی کە باسی میدیا و کەیخوسرەوی ئێرانییەکانی تێدا کراوە.[1] ئەو کارە، هاوڕێ لەگەڵ چاپی جاڕنامەی مافی مرۆڤی کورش، کە ئەویش بێ پەیوەند لەگەڵ باسەکەیە دەبێ بۆ ڕاکێشانی خوێنەری کورد بن بەرەوە ئێرانیچییەتی.  

بە کورتی، نامیلکەکە دۆ و دۆشاوی تێکەڵ کردووە و لەجیاتی کاری ئایینی، پڕوپاگەندەیەکی شاراوەی سیاسیی تێدا کراوە کە پێویستە گەلەکەمان لێی ئاگادار بێت و نەکەوێتە داوی. پەیڕەوی کردن لە ئایینێکی تایبەت و دیعایەکردنی ئاشتییانە بۆی، مافی تاکەکەس و گرووپە و دەبێ مۆڵەتی پێبدرێت بەڵام کەڵک وەرگرتن لە ئایین و هەستی ئایینی خەڵک بۆ ئامانجێکی دیاریکراوی سیاسی، شتێکی دیکەیە و هیوادارم ئیماندارانی کوردی زەردەشتی یەکەمجار خۆیان نەکەونە داوی ئەو سیاسەتە شاراوەیە و پاشانیش هەوڵ نەدەن گەلەکەمان بەگشتی بکەنە پەراوێزی سیاسەتی ئێرانییەکان.

ئێرانییەکان جارێک بە ناوی شیعایەتی دەیانەوێت بەشێک لەگەلەکەمان بەرەو خۆیان بکێشن و لە خانەقین و کرماشان لە بەژنی سەرەکیی گەلی کوردیان جیا بکەنەوە یان بیانبەنە ناو حەشدی شەعبییەوە، جارێکیش بە ناوی زەردەشتایەتی هەوڵ دەدەن دەمانکەنە پاشکۆی خۆیان، دەنا مەزدیسنا لەکوێ و کۆرشی هەخامەنیشی لەکوێ و ئەی ڕەقیبی کورد لەکوێ!    


[1] . تاقە لاپەڕەیەکی سپی کە لە نامیلکەکەدا دەبینرێت لاپەڕەی دوای سروودی ئەی ڕەقیبە کە وێدەچێت سەرەتا هەموو سروودەکەی تێدا دانرابێت بەڵام درەنگتر سیاسەتگێڕە ئێرانییەکان تەنیا کەیخوسرەویان هێشتبێتەوە و بەشەکانی دیکەیان بە زیادی زانیبێت!

 



٧٦. فردوسی طوسی، ابوالقاسم؛ "حماسە ملی ایران شاهنامە فردوسی، بر اساس نسخە مسکو"؛ خط و اهتمام: فریبا مقصودی کرمانشاهی؛ مقدمە و نظارت: محمد علی سلطانی؛ تذهیب و نگارگری متن: سها سلطانی؛ ترجمە و تلخیص مقدمە بە زبان انگلیسی: فاطمە عبادی؛ چاپ اول؛ نشر ریشە؛ تهران١٣٨٨ [٢٠٠٩]؛ ISBN: 978-964-8913-65-1
شانامەی فیردەوسی کتێبێکی جێگەی مشت و مڕی فارسییە. لەکاتێکدا زوربەی هەرە زۆری ئێرانییەکان ڕێزی لێدەگرن و وەک پارێزەری زمان و تۆرەی ئێرانی سەیری دەکەن، تورک و ئازەربایجانییەکانی ئێران دەیبوغزێنن و بۆ هەڵوێستی دژ بە تورکی فیردەوسی، هێرشی دەکەنە سەر. هەندێکی دیکەش ڕەخنە لە ڕوانگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی شاعیر دەگرن و بۆ نموونە هەڵوێستی بە نیسبەت ژنەوە ڕەت دەکەنەوە.
هەرچۆنێک بێت، شانامە لە نێو کورداندا شوێنێکی گرنگی هەیە و لای کەم لە ماوەی ٣٠٠ ساڵی ڕابردوودا گەلێک بەشی جیاجیای کتێبەکە (وەک ڕۆستەم و زۆراب و بێژەن و مەنیجە) لە لایەن هونەرمەندانی کوردەوە وەرگەڕاوەتە سەر کوردی تەنانەت دیاردەیەک بە ناوی 'شانامەی کوردی'مان هەیە، کە باوەکوو لەژێر کارتێکەریی ڕاستەوخۆی شاکارەکەی فیردەوسیدا هۆنرابێتەوە بەڵام بیچم و شێواز و تا ڕادەیەک ناوەرۆکی کوردانەی پێدراوە و مۆرکی نەریت و داب و ڕەسمی کوردیی بەسەرەوەیە.
جگە لەوانە، شانامە و قارەمانەکانی بە تایبەت لە ناوچەی سنە و کرماشان و ئیلامدا شوێنی تایبەتیان هەیە و زۆر ناوی منداڵانی خەڵک لەوان وەردەگیرێت؛ بۆ نموونە ناوی هەموو منداڵەکانی نەمر حەسەنی کامکار، شانامەیین و لەبیرمان نەچێت کە بەگوێرەی بۆچوونی نووسەری نەمری کورد عمادالدین دولتشاهی لە کتێبی جوغرافیای غرب ایران (یا نام کوههای اوستا)دا، هەموو ئەو شوێنانەی وا زەردەشت لە زەریاچەی چیچستەوە ڕووی تێکردوون لەگەڵ ناوی چیا و دەشت و ڕووباری کوردستاندا یەک دەگرنەوە، واتە زەردەشتیش - کە لە هەمان سەروحەددی ڕووداوەکانی جێگەی باسی شانامە دا ژیاوە، دوای ڕۆیشتن لە شوێنی لەدایکبوونی خۆی (کە واهەیە ناوچەی موکریان بێت)، ڕووی کردۆتە باشوور بەرەو سنە و کرماشان و ئیلام ڕۆیوە، نەک بە گوێرەی باوەڕی زاڵ، چووبێتە بەڵخ لە ڕۆژهەڵاتی ئێران و ناو خاکی ئێستای ئەفغانستان.
وا ئێستا دەقی هەموو ٦٠ هەزار فەردی شانامە لەلایەن هونەرماندێکی دەست ڕەنگینی کوردەوە بە دەستخەت نووسراوەتەوە و لە ساڵی ٢٠٠٩ دا لە تاران چاپ بووە. ئەو هونەرمەندە جێگەی شانازییەی کورد خاتوو فەریبا مەقسوودییە. فەریبا خانم پێشتریش قورئانی بە خەتی خۆی نووسیبووەوە و ئەوەندەی بزانم یەکەم ژنێکە لە دونیادا کە سەرجەم قورئانی بە خەتی خۆی نووسیبێتەوە. فەریبا خانم مامۆستای خەت و کەسایەتییەکی ماندوویی نەناسە، گەلێک کتێبی دیکەی کوردی و فارسی بەو خەتە جوانە نووسیوەتەوە.
ئەوەی وا بە تەنیشت کارە هونەرییەکەی فەریبا خانمەوە بایەخی زۆری هەبێت، ئەو سەرەتایەیە وا بەڕێز دوکتۆر محەممەد عەلی سوڵتانی (هاوسەری فەریبا خانم) بۆی نووسیوە و تامی لە دەمی بەرپرسانی ئێرانیدا خۆش نەبووە، هەر بۆیەش سەرجەمی کارەکە تا ڕادەیەک بێدەنگیی لێ هێنراوە و بەژێر لچەوە کراوە، دەنا هونەرنمایی فەریباخانم و کاتێک کە بۆ نووسینەوەی کتێبەکە تەرخانی کردووە، ئەگەر ئەو دوو زەحمەتکێشە خۆیان کورد نەبوایەن و بۆ نموونە ئیسفەهانی بوایەن، ئێستا نوسخەی چەند چاپی یەک لەدوای یەکی کتێبەکە لە هەموو ئێراندا دەست نەدەکەوت. بەڵام چ کەردەن، کوردن و تووشی شێرپەنجەی ئایەتوڵڵاکان هاتوون!
من ئەو کتێبە وەک دیارییەکی بەنرخ لە شوێنی تایبەتی کتێبخانەکەم دەپارێزم و لام وایە ئەویندارانی شیعر و ئەدەب پێویست بێت هەرکام نوسخەیەکی ئەو کتێبەیان لە ماڵدا بێت.

٧٧. کریمی، بهزاد؛ "طرحی اولیە پیرامون سیر گفتمانی ما با نگاه بە پیشا و پسای گفتمان فدائی خلق از نقطە جنینی تا امروزو درنگی بر پسامدهای بحران چپ در ایران، برفراز ٤٥ سالگی سیاهکل"؛ چاپ نخست؛ ناشر: نویسندە؛ کلن، آلمان؛ ١٠ بهمن ١٣٩٤ [٢٠١٦].
پێداچوونەوەیەکی پوختە بە مێژووی ڕێکخراوەی 'فدائیان خلق'دا. نووسەر کتێبەکەی بەم ڕستەیە دەست پێدەکات: "چریکە فیدائیەکانی خەڵک وەڵامی کۆتایی شۆڕشگێڕانی لاوی چەپی ئێران بوو بەو پرسیارەی کە 'دەبێ چی بکەین'؟" ئینجا مێژوولکەیەک لە چۆنیەتی پێکهاتنی ڕێکخراوەکە لە دەیەی ٤٠ ی هەتاوی (٦٠ ی زایێنی) پێک دێنێت و ڕوانگەی هەندێ لە ڕێبەرانی وەک مەسعود ئەحمەدزادە و بیژەن جەزەنی لەمەڕ چۆنیەتی دەسپێکی ڕاپەڕین دژ بە سیستەمی سیاسیی ئێران لە سەردەمی شادا، شی دەکاتەوە و دەچێتە سەر باسی ئینشیعابات و لێک دابڕانی لق وپۆپەکانی ڕێکخراوەکە وەک راه کارگر و ئەکسەرییەت و ئەقەلییەت و ١٦ ی ئازەر.
نووسەر کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەرپرسی یەکەم، یان یەک لە بەرپرسانی یەکەمی لقی کوردستانی ڕێکخراوەی ئەکسەرییەت دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧ ی ئێران بوو، بەداخەوە ئاوڕ لە بزووتنەوەی فیدائی لە کوردستان ناداتەوە و ڕەخنەیەک لە چۆنیەتی ئاوێتە بوونی ئەو لقە بە بزووتنەوەی چەکدارانەی نەتەوایەتی کورد و ئینجا پشت تێکردن و بەجێ هێشتنی ناگرێت. دیارە کتێبەکە مێژووی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە نییە و شیکردنەوەی ئەو 'گفتمان' یان گوتارە سیاسییانەیە وا لە مێژووی پەنجا ساڵەی فیدائیاندا هاتوونەتە ئاراوە، بەڵام بێدەنگ مانەوە لە ڕاست و چەوتیی هێڵە فیکرییەکانی لقی کوردستان وەک بەشێک لە سەرجەمی ڕێکخراوەکە، جێگەی بە ئاشکرا بەتاڵە.
لام وایە نووسەر و چەند هاوکاری دیکەی، کە ئەودەم کارگێڕی ڕیکخراوەکە لە سنە و مەهاباد بوون و ئێستاش لە ژیاندان ئەرکی سەرشانیانە توێژینەوەیەکی چڕوپڕ لە سیاسەت و عەمەلی ڕێکخراوەکە لە کوردستان و ئەو شوێنانەی وا کردەوەی لقی کوردستان لەگەڵ سیاسەتی گشتی ڕێکخراوەکە یەکی دەگرتەوە و ئەو شوێنانەی وا لێی دوور دەکەوتەوە و هۆکارەکانی هەردوو، بەڕێوەبەرن. چەند ساڵ کار و خەباتی ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوەی فیدائیان لە کوردستان و کەسایەتی مەزنی وەک بهروز سولەیمانی و مینەی شێرخانی ئێستا لە گێژ وگومیدا ماوەتەوە و کەس خۆی لێ بە ساحیب ناکات- ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە.

٧٨. صالحی، انوش؛ "اسم شب، سیاهکل – جنبش چریکهای فدایی خلق از آغاز تا اسفند ١٣٤٩"؛ چاپ اول؛ نشر باران؛ آلمان١٣٩٤ [٢٠١٦].؛ ISBN: 978-91-85463-68-8
لە ساڵوەگەڕی ٥٠ ساڵەی دامەزرانی ڕێکخراوەی چریکە فیدائیەکانی گەل دا لە ئێران، گەلێک وتار و کتێب لە دەرەوەی ئێران بڵاو بوونەوە، کە زوربەیان بە چاوێکی ڕەخنەگرانە ڕوانیبوویانەتە ئەو ڕێکخراوە چریکییەی وا هەندێک لاوی شۆڕشگێڕ لە ژێر کارتێکەریی بزووتنەوەی چریکی لە ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتیندا لە ئێران بنیاتیان نا و بە ماوەیەکی کەم لایەنگری زۆری پەیدا کرد. ڕێبەران و پێشڕەوانی بزووتنەوەکە، ڕێگایەکی بەرز و نەوییان بڕی و لەو ڕێبازە پڕ کەند وکڵۆیەدا هەندێک کەس گیانیان بەخت کرد، هەندێکی دیکە ڕێگایان جیاکردەوە و هەندێکیش بە گۆڕانی بارودۆخ و نەمانی هەل ومەرجی گونجاو بۆ ئەو چەشنە خەباتە، لە ڕێگەدا وەستان و ئەوی مانەوە ژمارەیەکی کەم لەو خەڵکانەن کە تەنیا ڕێز لە ڕابردوو پێکەوەی کۆکردوونەتەوە دەنا هەودای هیچ بیرێک و ڕێبازێکی یەکگرتووی ئێستا لێکیان نزیک ناکاتەوە.
کتێبی ئەنوش ساڵحی پێداچوونەوەیەکی بێ لایەن و پسپۆڕانەیە بە خەباتی دامەزرێنەرانی ڕێکخراوەی فیدایی لە سەرەتاوە تا ڕووداوی سیاهکەل لە باکووری ئێران لە ساڵی ١٣٤٩ دا. کتێبەکە گەلێک سەرنجڕاکێش و شایانی خوێندنەوەیە.

٧٩. ابریشمی، دکتر عبداللە؛ "هویت تاریخی و مشکلات کنونی مردم کرد"؛چاپ اول؛ نشر آنا؛ تهران ١٣٨٥ [٢٠٠٦]؛ISBN: 964-6876-31-5
نووسەر، دڵسۆزێکی گەل و نیشتمانی کورد و خاوەن بیرێکی سەربەخۆیە کە تا ڕادەیەک جیاوازە لە ڕێبازی نەریتی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. جێگەی خۆشحاڵییە لە نەبوونی حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد لە ناوخۆی وڵاتدا خاوەنی ئەو بیرە سەربەخۆیانە، کە بەختەوەرانە ژمارەشیان کەم نین، تا ڕادەیەک ئەو بۆشاییەیان پڕ کردۆتەوە. نووسەر بەوە ناسراوە کە دژبەری خەباتی چەکدارانە بێت و بەو بۆنەیەوە ئەوەندەی بزانم لە لایەن کەسانی مێشک پووچەڵەوە هەوڵی تیرۆریشی دراوە کە بەختەوەرانە سەرکەوتوو نەبووە. کپ کردنی دەنگی دوکتۆر ئەبریشەمی و مامۆستا شاریکەندییەکان لە خزمەت هیچ باوەڕێکدا نییە جگە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی مەلاکان و هەرکەس کردبێتی و بیکات، ناڕاستەوخۆ چۆتە سەنگەری کۆنەپەرستی و جینایەت کردنەکانی ئەوانەوە. با حزبە سیاسییەکانی کورد ئەو دەرسە وەربگرن و بۆ هەمیشە ڕەچاوی کەن کە چیتر سەردەمی من منی نەماوە و باری کەوتووی کورد بە هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەنەکان نەبێت هەڵناگیرێتەوە.
کتێبەکە بابەتێکی مێژوویی- کۆمەڵناسانەیە و هەوڵی شیکردنەوەی بارودۆخی ئێستای کورد لەبەر ئاوێنەی هەوڵ و خەبات و شۆڕشەکانی ڕابردووی دەدات. ئەوە چەند دێڕێک لە بەشی "در شناخت جامعە کرد" (فەسڵی سێهەم) بۆ ئەوەی جیاوازیی بیری سەربەخۆی نووسەر لە بیری چوارچێوەداری چەپی ستالینی دەربکەوێت:
"برخی از مارکسیست ها و متظاهرین بە ایدئولوژی چپ در قرن گذشتە در برخورد با ساختار اجتماعی و طبقاتی کردستان مرتکب خطاهای زیادی شدند و ندانستە یا آگاهانە بە آششفتگی اوضاع دامن زدند و در نتیجە بە سود سلطەگران بر کردستان عمل کردند." (ص ٨١).

٨٠. ابریشمی، دکتر عبداللە؛ "نقد و بررسی ناسیونالیسم (ملی گرایی)"؛ چاپ اول؛ ناشر: نویسندە؛ تهران ١٣٧٣ [١٩٩٤].
کتێبێکی دیکەی دوکتۆر ئەبریشەمییە کە پێش ئەو کتێبەی سەرەوە بڵاوی کردۆتەوە و تێیدا ڕوانگەکانی خۆی سەبارەت بە ناسیۆنالیسم هەر لە سەرهەڵدانیەوە لە سەدەی حەڤدەهەم تا کاتی نووسرانی کتێبەکەی خستۆتە ڕوو. کتێبەکە بە ناسیۆنالیسمی ئوروپایی دەست پێدەکات و دەگاتە ناسیونالیسمی ڕۆژهەڵاتی و زۆر بە کورتی، یەک یەک ئاوڕ لە ناسیونالیسمی عەرەب و تورک، ئینجا کورد دەداتەوە. دیارە هۆکاری باس نەکردنی لە ناسیۆنالیسمی ئێرانی ڕوونە: کتێبەکە لە تاران چاپ بووە و دیاوری سانسۆری مەلاکانی بڕیوە. ناوەرۆکی کتێبەکە زیاتر ناساندنە تا شیکردنەوە بەڵام لەو بابەتەش خاڵی نییە.
 

بەشی دەهەم، هەندێک کتێبی دیکەی کوردی

 

81.  Husen Hebes, “Ronahiye Birin Meke (Verletze das Licht nicht)” Helbest (Gedichte); Hogir Verlag; Koln, 2005; ISBN: 3-935191-03-1

کۆمەڵە شیعری شاعیر و نووسەری کورد کاک 'حوسێن حەبەش'ە بە کرمانجی ژووروو هاوڕێ لەگەڵ وەرگێڕاوی ئاڵمانیی شیعرەکان. کاک حوسەین کەسایەتییەکی هونەری – ئەدەبی کوردە کە لەمێژساڵە نیشتەجێی ئاڵمانیایە و لەوێوە خزمەتی فەرهەنگی گەلەکەمان دەکات.

وەرگێڕانی دەقەکانی ئەدەبی کوردی بە شیعر و پەخشانەوە بۆ سەر زمانانی ئوروپایی ئەرکێکی گرنگە هونەرمەندانی کورد و ئەوانەی وا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەژین، نابێ لێی غافڵ بن، دەنا هونەر و زمانەکەمان لە قەفەزی کوردستاندا دەخنکیت و کەس بە هەواڵی نازانێت.

سپاسی زۆری کاک حوسەینی بەڕێز دەکەم بۆ باربووکردنی نوسخەی کتێبەکە.

 

٨٢.   سمکۆ محەمەد، "ئاین و کەمینەکان لە کوردستان- ئێزیدی،کاکەیی، سابینە، ئەرمەنی، هەققە، قەرەج"؛چاپی یەکەم؛ بڵاوکەرەوە: نووسەر؛ هەولێر ٢٠١١.

کێشەی کەمینەکان لە هەموو کۆمەڵگایەکدا ئاوێنەی ڕادەی بەرز یان نزمی کەلتووری خەڵکەکە و سیستەمە سیاسییەکەیەتی. ئەگەر لە سویس هەرسێ زمانی خەڵکەکە لەباری یاساوە بەیەک چاو سەیر دەکرێن یان لە کانادا هێز و بودجەیەکی زۆر بۆ پارێزگاری کردن لە زمانی فەرەنسی سەرف دەکرێت، بە پێچەوانە لە وڵاتی 'ڕواندا' دوو هۆزی هاوڕەگەز بەردەبنە گیانی یەک و بە ملیۆن لەیەکتر دەکووژن. لە میسر کلیسەی قیبتییە میسرییەکان دەسووتێنرێت، لە سووریا ئاسەوارە مێژووییەکانیش دەونە بەر هێرشی جەنابی داعش و ئیسلامئی عەزیز؛ لە عیراق ئەوە بەسەر کچ و ژنی ئێزدی دێت کە دیمان و ئەوە لەگەڵ بارەگای پیرۆزی ئیماندارانی شیعە دەکرێت کە لە بەغدا و کازمەین دەیبینین.  لە ئێرانیش ئەوە بارودۆخی بەهاییەکانە و ئەوەش حاڵ و ڕۆژی کورد و بەلووچ و ئازەرییە بە دەست شا و مەلای دەسەڵاتدارەوە. سەری ئەو هەودایە بگرە و بڕۆ تا هەرشوێنێک کە جێ پێی کەمایەتییەک لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی مرۆڤدا دەبینی. لە زوربەی ئەو حاڵەتانەدا ئەوەی وا نەرم و نیان و ڕێزلێگرە، کۆمەڵانی خەڵکن و ئەوەی وا دووبەرەکی دەنێتەوە، توندوتیژی پەرەپێدەدات و بەڕێوەی دەبات، دەسەڵاتدار و حکوومەتەکانن.

کوردستانیش لەو حیساباتە زۆر جیاواز نییە. هەڵس وکەوتی خەڵک لەگەڵ هەموو ئەو کەمایەسییە ئایینی و نەژادییانەی ناو خاکی کورد هەمیشە چاکتر بووە لە کردەوەی دەسەڵاتداران (جا دەرەبەگیك بووبێت یان حاکمێک یان دەسەڵاتدارێکی سیاسی). سەیرێکی ئەو بەڵایە بکەین کە سمایل ئاغای سمکۆ بەسەر ئاسۆرییەکانی ناوخاکی تورکیای هێنا و بە فیتی حکوومەتی تورک بۆ هەمیشە لەسەر خاکی خۆیان هەڵیکەندن و ئیتر هەرگیز نەیانتوانی ببنەوە خاوەن خاک و نیشتمان. یان ئەو کارەی هەندێک لە دەرەبەگە کوردەکانی باکووری کوردستان لەگەڵ ئەرمەنییەکانیان کرد و بۆ بەرژەوەندیی ماددی و تاکەکەسی، لە ساڵی ١٩١٥ دا بوونە هاودەست و دارەدەستی حکوومەت بۆ دەرپەڕاندنی ئەرمەنییەکان لەسەر خاکی باووباپیرانیان.

ئەوانە دابنێن لەلای ڕێزێک کە خەڵکی ئاسایی کورد لە کەمینە ئایینیی و نەتەوەییەکانی سەر خاکی کوردستانی دەگرێت و سەیری ئەو هەموو ئایینە جۆراوجۆرە بکەین وا بە درێژایی مێژوو لەو دوو بست خاکەی کورددا کۆبوونەتەوە. ئەوان ئەگەر هەڵاتووی دەستی گەلانی دراوسێ بووبێتن پەنایان بۆ کورد هێناوە و لای ئەوان حاواونەتەوە. نموونەکەی هەڵاتنی بەهاییەکانی ئازەربایجان (بە گشتی، شاری میاندواو) بوو لە دەوروبەری، لە ٥٠ ساڵ پێش ئێستادا و هەڵاتنیان بۆ مەهاباد و بۆکان و سەقز.

دیارە ئەوە تەنیا یەک هۆکارە بۆ ئەو چەشنایەتییەیەی وا لە کۆمەڵگای ئێستای کورددا دەبینرێت. هۆکاری دیکەی بێگومنان ئەوەیە کە کورد لە باری ئایینییەوە بەرچاوتەنگ نییە و هەر خۆی  لەناوخۆیدا دەیان جۆرە ئایینی هەیە. هیچکام لە ئێزدی و شەبەک و کاکەیی لە دەرەوە نەهاتوونەتە کوردستان، ئەوەی هاوردە بێت، تەنیا ئیسلامە کە عارەبان بەسەر خەڵکەکەیاندا سەپاند، تەنانەت زەردەشتایەتی کە ماوەیەکە لە باشووری کوردستان سەری هەڵداوەتەوە، باوەکوو ئەمڕۆ ئێرانییەکانی لەپشت بن، بەڵام خۆی لە خۆیدا هاوردەی دەرەوە نییە و بنج و بناوانی لە مێژووی کورددایە. پەیڕەوانی هەموو ئەو ئایین و ئایینزایانە کورد خۆین و  لە زوربەیاندا زمانی کوردی (ئەمڕۆ و دوێنێ) زمانی سەرەکی نەبێت یەک لە زمانە سەرەکییەکانیانە و دۆعا و نزای ئایینەکان بە کوردین. ئەوە گەلێک جیاوازە لە کۆمەڵگای گەلانی دراوسێ کە دیوارێکی پۆڵایینیان لە نێوان خۆیان و ئیماندارانی ئایینەکانی دیکەدا کێشاوە. لە تاران پێش ئەوەی فەرمانی حکوومەتی شا بۆ ڕووخاندنی 'محفل' ی بەهاییەکان بەڕێوە ببرێت، ئاپۆرەی دەمارگیری دەوروبەری 'حجة الاسلام فلسفی' هەڵیان کوتایە سەری و خاپووریان کرد!

کتێبی کاک سمکۆ محەمەد پێداچوونەوەیەکی پوختە بە بنەما و باوەڕی ئەو ئایینانەی وا لە سەرەوەدا دیاردەیان پێکرا. نووسەر ڕاپۆرتێکی دڵتەزێنمان لە تەعامولی نامرۆڤانەی حکوومەتی عوسمانی لەگەڵ ئیماندارانی ئەو ئایینە غەیرە ئیسلامییانە دەداتێ کە دەست بەجێ دەمانگەیێنێتە ئەنجامی ئەوەی داعیشی ئەمڕۆ تەنیا ئاڵقەیەکە لە زنجیرێکی پڕ ئاڵقەی جینایەت و خەیانەت کە سەرەتاکانی چەند سەدە پێش ئێستا دامەزراوە و لە خەلیفە و سوڵتان و مەلا و ئایەتوڵڵاکانەوە هاتووە تا گەیشتۆتە جەنابی ئەردۆغان.

نووسەر، بۆ نموونە، لە باسی ئۆپەڕاسیۆنی ئیمپراتۆریی عوسمانی بۆ سەر ئێزەدییەکاندا دەنووسێت:

"ئەوەندە ترسناک بوو کە تەنیا پەنجا هەزار کەسیان لێ مایەوە. هێرشەکانی والی بەغدا سلێمان پاشا لە ١٧٩١ هێندە دڵڕەقانە بوو کە تەنانەت یەک ئێزەدی لەودیوی چیای شنگاڵ نەهێشت... لە ساڵی ١٨٠٢ دا عەلی پاشا والی بەغدا هێرشی کردە سەر شنگال و ژمارەیەکی لە ڕادەبەدەری لێ کوشتن... سلێمان پاشا لە ساڵی ١٨٠٩ و بە هەمان شێوە ڕەشید پاشا لەگەڵ کۆمەڵیک کورد هێرشی کردە سەریان و هێندەی لێ سەربڕین کە لە سەر ڕێگەو بانی ئاواییەکان [خوێن] دەڕژا ... بەهەمان شێوە میرە کوردەکانیش وەکو عوسمانییەکان دەستیان بە خوێنی ئێزەدییەکان سوور بووە و بۆ ئێزەدی کوشتن بەشداریی لەشکرکێشییەکانیان کردووە (ئەوڕەحمان پاشای بابان). هەروەها میری بەناوبانگی جزیر وبۆتان – میربەدرخانیش (١٨٠٩ بۆ ١٨٧٠) دەستی تێدا هەبووە و لە ساڵی ١٨٣٢ دا دیسان دەستی لێ وەشاندن... بە گوێرەی ڕۆژەلیسکۆ، ئێزەدییەکان لە نێوان ساڵانی ١٦٤٠ و ١٩١٠ دا بیست کوشتاری گەورەی کۆمەڵکوژییان لێکراوە." (ل. ٢٧  و ٢٩).

 

٨٣. دوکتۆر محەمەد عەلی سوڵتانی؛ "بنەوای باوەڕی یارسان"؛ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس؛ هەولێر ٢٠١٠

کتێبێکی کەم لاپەڕە بەڵام بەناوەرۆکە و باوەکوو نەمدیت ئاماژەیەک بە زمانە سەرەکییەکەی کرابێت، بەڵام لام وایە سەرەتا بە فارسی نووسرابێت ئینجا وەرگەڕابێتە سەر کوردی. کتێبەکە وێدەچێت بۆ ئەو کەسانە نووسرابێت کە ئایینی یارسان یان ئەهلی حەق بە بیدعەت دەزانن وبەو ناوەوە سەرکوتیان دەکەن و جەمیان لێ تێک دەدەن ئەوەش دیارە دەبێ ئێرانییەکان بن. بۆ نموونە، هەوڵ دەدات ئەو گوتەیە بەدرۆ بخاتەوە کە گوایە ئەهی حەق عەلی کوڕی ئەبوتالیب بە خودا دەزانن و لە لاپەڕە ٢٣ دا دەنووسێت:

"... عەلی لە هیچکام لە بەرهەمەکانی گەورەپیاوانی ئەهلی حەقدا بە شێوەی ڕەها، 'خوا'ی پێ نەگوتراوە:

مێردان خودا نین، خودامیهمانەن

زوهوور مەردان ساحیب زەمانەن"

نووسەر لە لاپەڕەی کەمی کتێبەکەدا هەندێک زانیاریی دەداتە خوێنەری ئاسایی کە واهەیە نەیانزانن، بۆ نموونە ڕوونی دەکاتەوە کە "ئەو کەسانەی وا لە تورکیای عوسمانی و عیراقدا، عەلەوی و کاکەییان پێ دەگوترێت، ئەهلی حەقن" (ل. ٣٩).

دەقی ئەم کتێبەش وەک پاشماوەی نووسراوەکانی مامۆستا محەمەد عەلی گەلێک پسپۆڕانە و لە عەینی کاتدا موحافزانەیە بۆئەوەی بتوانێ دەنگی بگەیێنێتە گوێی بیسەران و دەزگای سانسۆری ئێرانیش دەست لە کارەکانی نەوەشێنێت، بە زمانی قورئان و حەدیس و ڕیوایەت قسەدەکات و بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانی کەڵکی زۆر لە شیعر و ئەدەبی کوردی و فارسی وەردەگرێت کە تێیدا وەستایەکی کەم وێنەیە.

 

٨٤. "بۆیروق – فەرمانی حەزرەتی شێخ سەفی "کتێبی پیرۆزی شەبەک"؛ وەرگێڕانی ئارەشی ئەمجەدی؛ زنجیرەی لێکۆڵینەوەکانی یارسان لە ژێر چاوەدێری د. محەمەد عەلی سوڵتانی، ژمارە٦؛ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس؛ هەولێر ٢٠١١

زوربەی ئێمە ناسیاویی پێویستمان لە ئایین و ئایینزاکانی کوردستان نییە و بۆ نموونە واهەیە هیچ لە ئایینی شەبەک و یارسان و ئێزدی نەزانین و شارەزای پەیوەندییەکانی ئەو سێ ئایینە لەگەڵ یەکتر نەبین. بڵاوبوونەوەی دەقی سەرەکی کتێبی پیرۆزی ئایینەکان، یارمەتیمان دەدات ڕاستەوخۆ و بێ واسیتە، بنەما عەقیدەییەکانیان بناسین.

"بۆیروق کتێبی پیرۆزی قزڵباشە عەلەوییەکانە... ئەم کتێبە، بنەمای دارالتقریبی تاقمە عەلەوییەکانە و بە تەواویی لەم ئاوێنەیەدا بنج و ڕیشەکانی داو ونەریت و ڕێوڕەسمەکانی یارسان، بەکتاشی، قزڵباش، عەلەوی و شەبەک بە باشی دەبینرێت.... سۆفیان لە کتێبی بۆیروقدا پێڕەوانی بنەماڵەی سەفەوی و شێخ سەفیەددینی ئەردەبیلی دەگرێتەوە..." (پێشەکی د. محەمەد عەلی سوڵتانی بۆ کتێبەکە، ل. ٥ و ٦)

ئەوەش بەشێک لە دەقی کتێبەکە بۆ ناساندنی بنەمای باوەڕی ئیماندارانی شەبەک:

"مەقامی ئەهلی حاڵ چوارە: مەقامی یەکەم شەریعەتە بۆ خەڵکی ئاسایی، مەقامی دووهەم تەریقەتە بۆدەسپێک، مەقامی سێهەم مەعریفەتە بۆ دواجار و مەقامی چوارەم حەقیقەتە بۆ کۆتایی...(ل.٧).

 

٨٥.  عەلی نانەوازادە؛ "شیبلی تاجی سەری عارفان"؛ دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی؛ هەولێر ٢٠١٢

کتێبێکە لەمەڕ ژیان و باوەڕ ئەبوبەکری شیبلی نوعمانی (٢٤٧ تا ٣٣٤ ی کۆچی) و هاوبیرانی ئەو.

کاک عەلی نانەوازادە ڕووناکبیرێکی پڕکارە و گەلێک بەرهەمی باشی خستۆتە کتێبخانەی کوردییەوە. وێدەچێ نووسەر پێش ئەم کتێبە، کتێبێکی دیکەی بۆ ناساندنی بایەزیدی بەستامی نووسیبێت، کە بە داخەوە من نەمبینیوە بەڵام خۆی دەنووسێت: "شێوەی ئەم کارەش – وەک کتێبەکەی بایەزیدی بەستامی، سەرچاوەی سەرەکی، کتێبی تەزکەرەی ئەولیای فەریدەددینی عەتتارە و ماباقی، کە وەک پەراوێز و پاشکۆ هاتوون، کۆمەڵێک کتێبن کە سەرچاوەکانیان دەست نیشان کراون."  بەشی هەرەزۆری کتێبەکە دەقی ئەو ڕیوایەتانەن وا سەرچاوە بڕواپێکراوەکان لەمەڕ کەشف و کەراماتی عارفانی گەورە نووسیویانە.

کتێبەکە جگە لە ژیان و ڕێبازی تەریقەتی شیبلی، پێنج عارفی گەورەی دیکەشی بە خوێنەر ناساندووە: سەریی سەقەتی، جونەیدی بەغدایی، ئەبولحسێنی نووری، مەنسووری حەللاج و ئیبنی عەتا، کە یەکەم و دووهەمیان مامۆستا و پیری شیبلی بوون و سیانەکەی تر، دۆستی بوون.

کاک عەلی، مرخی بەهێزی شاعیریی هەیە و جگە لەم کارەی، هەندێک شیعری شاعیرانی کلاسیکی فارسیشی بە شیعر وەرگێڕاوەتە سەر کوردی.

 

هەندێک کتێبی ئایینی- عیرفانیی فارسی

٨٥.  "اوستا- کهن ترین سرودهای ایرانیان"؛ گزارش و پژوهش جلیل دوستخواه؛ چاپ سوم؛ انتشارات مروارید؛ تهران  ١٣٧٥ [١٩٩٦]؛ جلد اول شاپک ٨-١٦-٦٠٢٦-٩٦٤؛ جلد دوم شاپک ٨-١٧-٦٠٢٦-٩٦٤

ئاوێستا کتێبی پیرۆزی زەردەشتیانە. ئەم دوو بەرگ کتێبە، سەرجەمی پێنج بەش یان پێنج 'دەفتەر'ی ئاوێستای گرتۆتە بەر. پێنج بەشەکە بریتین لە یەسنە (بە گاثاکانەوە)، یەشتەکان، ویسپێرد، وردە ئاوێستا و وەندیداد. دیارە ئەگەر گاثاکان کە وەک بەشێک لە یەسنە سەیر دەکرێن لەو جیاواز دابنێین، کە لە کتێبەکەشدا وەک دوو دەفتەری جیاجیا (یەکەم و دووهەم دەفتەر) حیسابیان بۆ کراوە، ئەودەم ئاوێستا دەبێت بە شەش بەشەوە.

توێژێنەر ،جەلیل دۆستخواه، سەرەتایەکی  ڕوونکەرەوەی بۆ کتێبەکە نووسیوە و تێیدا گوتوویەتی کاتی خۆی لە زانکۆی ئەدەبی تاران خوێندکاری زانای بەناوبانگی ئاوێستا ناس ئیبڕاهیم پوورداوود بووە و هەر لەو ساڵانەوە هاوکاریی ئەوی کردووە  ئینجا خۆی توانیویەتی بە یارمەتی وەرگرتن لە سەرچاوەکانی بەردەست ئەم دەقە فارسییە لە هەموو بەشەکانی ئاوێستا ئامادە بکات.

نووسەر دەنووسێت: "هەر پێنج 'سروود'ەکەی گاثا کان، هەڵبەست (شیعر)ن و کۆنترین بەشی ئاوێستا پێک دێنن کە هۆنینەوەیان دەدرێتە پاڵ زەردەشت خۆی.... گاثا [کە لەگەڵ 'گاز' کردنی کوردیدا هاوڕیشەیە]، بە واتای سروود هاتووە". نووسەر هەروەها لە زمان مێژوونووسانی سۆڤیەتەوە دەنووسێت: "ئاوێستا کتێبێکی یەکدەست نییە و هەر بەشێکی هی سەردەمێکی جیاوازە... کۆنترین بەشەکەی واتە گاثاکان هی سەردەمی کۆمەڵگای سەرەتایی غەیرە چینایەتین". (لل. سی و سێ تا چل و پێنج).

ئەوەش سروودێک لە سروودەکانی "گاثاکان" کە لە کتێبەکەدا بە فارسییە و دەیکەمە کوردی:

"ئەی ئەهوورا!

ئەوە لە تۆ دەپرسم؛ بە باشی وەڵامم بدەرەوە:

کێ لە سەرەتادا خوڵقێنەر و باوکی 'ئەشە' [1]بووە؟

کێیە ڕێگای [گەڕانی] بۆ هەتاو و ئەستێرەکان داناوە؟

لە کێوەیە کە مانگ زیاد دەکات و دەشکێتەوە؟

دەمەوێت هەموو ئەوانە و شتی دیکەش بزانم." (ل.٤٥ ی کتێبەکە)

 

٨٦ تا ٨٨. سێ بەرگ کتێبی نەمر مەلا هادی ئەفخەم زادە:

مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم زادە (١٢٨٩ – ١٣٧٢) ڕوخسارێکی ناسراوی ئایینی ناوچەی بۆکان و موکریانە. لە بنەماڵەیەکی زانا و خوێندەوار لەدایک بووە و تا کۆتاییەکانی تەمەن مەلایەتی و پێش نوێژی کردووە. بە گوێرەی زانیاری من، مەلایەتی کردنی مەلاهادی هاوڕێ بووە لەگەڵ ڕوونکردنەوەی خەڵک و دژایەتی کردنی خورافات و ئەوەی وا بە تەعبیری ئیماندارانی ئەمڕۆیی "ژیاندنەوەی ئایینی" پێدەگوترێت، هەروەها ڕاوەستان لەبەرانبەر زوڵم و ئیستیبدادی سیاسی کە لە قۆناغی کۆماری کوردستاندا گەیاندییە ئەوەی بە شیعر ستایشی پێشەوا قازی محەممەد و کۆمار بکات.

ئەوەی لە کەسایەتی مامۆستادا بەرچاوبێت چەند دیاردە بوون: ئیمانی قورس و قایم بە ئیسلامی بنەمایی و دژایەتیکردنی بیدعەت و هاوردەی نوێ بۆ ناو بنەماکان، کە ئەمڕۆ لە تەعبیرێکی گشتیدا بە سەلەفییەت ناوی لێ دەبرێت و ئەو سەردەمەی وا کار و قسەی مەلاهادی لەناو لاوانی ناوچەکەدا برەوی هەبوو، خەڵک نەیاندەزانی کە لە تووی ئەو باوەڕە وا هەیە گیای سەلەفییەت و تەنانەت ئیخوان و ئەلقاعیدە و داعش بڕوێت، کە ئەمڕۆ باڵایان کردووە. دیارە ئەو قسەیە بۆچوونێکە لەمەڕ باوەڕێکی گشتی و شێوە تێگەیشتنێک کە بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا هەموو جیهانی ئیسلامی داگرتووە، نەک خاڵێکی تایبەت بە مامۆستا مەلاهادی بێت یان هەوڵدان بۆ پێکەوە بەستی ئەو لەگەڵ ئەو توندوتیژییانە. ئیسلامی مامۆستا لە سێ قوتبی خودا، قورئان و سوننەتی پێغەمنبەردا خۆلاسە دەبووەوە و هەموو هاوردە و دیاردەیەکی دیکەی ناو ئیسلامی دەیدایە دواوە. هەر لەو ڕوانگەیەوە مەلا هادی بەوپەڕی هێزەوە دژ بە شێخ و چاک و شەخسە پەڕۆ دەوەستا و لە بڕگەیەکی ژیانیدا داری چاکیی لە گوندێکی دەوروبەری بۆکان بڕیەوە بۆ ئەوەی بەخەڵک بڵێ باوەڕ بە موعجیزە و کەرامات هیچ نییە جگە لە خورافە.

سێ کتێبەکەی مامۆستا کە لێرەدا باسیان دەکەم، بە فارسی نووسراون و بریتین لە:

یەکەم، استاد عبدالهادی افخم زادە؛ "چهارصد گوهر حکمت در احادیث پیامبر خدا رسول اکرم با احادیث و شرح بیان و فوائد و استنباطات آن"؛ ویرایش عبدالعزیز افخم زادە؛ ناشر آراس [هەولێر؟]؛ مرکز پخش: سنندج، پخش کتاب امام غزالی؛ چاپ سوم [؟] ١٣٩٠ [٢٠١١]؛ شاپک: ٨-٢٤-٥٨٥٦-٦٠٠-٩٧٨

وەرگێڕاوی ٤٠٠ حەدیسی پێغەمبەرە لە عەرەبییەوە بۆ سەر زمانی فارسی کە بەگوێرەی سەرەتای کاک عەبدولعەزیزی کوڕی مامۆستا،  نەمر مەلاهادی لە ماوەیەکی دوور ودرێژی دوای ساڵی ١٣٣٦ ەوە تەرجەمەی کردوون و ڕوونکردنەوەی لەسەر نووسیون. گەرچی هەست دەکرێت هەموو یان بەشێکیان خوتبەی نوێژی جومعەش بووبێتن لە مزگەوتی گوندی سەرا.

دووهەم، عبدالهادی افخم زادە؛ "رسالەمحاکمە نفس- ترجمە آزاد بخش 'فی التوبیخ النفس و معاتبتها' از 'کتاب المراقبە و المحاسبە' ی 'احیاء علوم الدین' امام محمد غزالی'"؛ چاپ اول؛ انتشارات آراس؛ مرکز پخش: سنندج، پخش کتاب امام غزالی ١٣٨٧ [٢٠٠٨]. شاپک: ٢-٥٤-٨٦٢٠-٩٦٤-٩٧٨

بانگەشەی ئیمام محەممەدی غەزالییە بۆ پەیڕەوی کردنی عەقڵ و گوێنەدانە خواستی نەفس و گەڕانەوە بۆ لای خودا و خەمی مردن و 'ڕۆژی قیام' خواردن. مەلاهادی بابەتەکەی لە غەزالی وەرگرتووە و بە زمانێکی ئەمڕۆیی بە گوێی بیسەر و خوێنەرانیدا داوە. بۆ نموونە، کاتێ دەیەوێت بڵێ مردن زۆر نزیکە دەپرسێت: "بۆ مەگەر ڕۆژی قیامەت لە سەفەری تاران و تەورێز کەمترە کە کەرەسەی سەفەری بۆ ئامادە دەکەیت؟" (ل. ١٢) یان لە رەت کردنەوەی هەرچی و پەرچییەتی و بێ قەیدی ضلالت و جهالت دا دەنووسێت: "ئایا ئازایەتی و پیاوەتی و مرۆڤایەتی و جوامێری و سیاسەت و لێزانی لای تۆ چاولێکەریی موسیۆیەکی ئوروپایی و دۆست بوون لەگەڵ ژنێکی جوانە؟" (ل.١٦).

بەداخەوە ئەو فەرهەنگ و بیر و بۆچوون و شێوە ژیانەی وا غەزالی لە سەدەی پێنجەم و شەشەمی کۆچیدا بانگەشەی بۆ کردووە و مامۆستا پەنجا شەست ساڵێک پێش ئێستا بە شیکردنەوەی خۆیەوە زیندووی کردۆتەوە، لەگەڵ ڕاستەقینەی ژیانی ئەمڕۆیی یەک ناگرێتەوە و ناکرێت لە خەڵکی ئەمڕۆ بخوازی هەر ئەو سوننەت و نەریتە بەجێ بێنن کە کەسێک هەزار و چوارسەد ساڵ پێش ئێستا بەڕێوەی بردوون. بۆ نموونە لە مێژووی سۆفیایەتیدا هەیە کە 'اصحاب صفە' چلەیان گرتووە و چل کەسیان ڕۆژانە بە دەنکە خورمایەک ژیاون بۆ ئەوەەی لە مردن نزیک ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ ئەسڵ واتە بۆ لای ئافرێنەریان.  سەردەمی سەتەلایت و دیجیتاڵ و سەفەری مانگ و مڕیخ کەرەسەی خۆی دەوێت کە بیری غەزالی و غەزالییانە ناتوانێ پێکی بهێنێت. مەترسی ئەو گەڕانەوەیە بۆ ٩٠٠ ساڵ پێش ئێستای غەزالی ئەوە دەبێت کە تووشی دۆگمێک بین وا داعش تووشی هاتووە و لەگەڵ هەموو دونیا تێکەوتووە، بە موسوڵمان و غەیرە موسەڵمانەوە.

سێهەم، عبدالهادی افخم زادە؛ " توبە- در نامەای برای والد ماجدم "؛ چاۆپ اول؛ انتشارات آراس؛ مرکز پخش: سنندج، پخش کتاب امام غزالی ١٣٨٩ [٢٠١٠]. شاپک: ٥٧٩٤-٨٦٢٠-٩٦٤-٩٧٨

'تۆبە کردن لە گوناه' چەمکێکی قورئانییە و مامۆستا لەم ڕیسالەیەدا هەوڵ دەدات بە وەرگێڕان و شیکردنەوەی بەشێک لە کتێبی 'احیاء علوم الدین' ی ئیمام محەممەدی غەزالی ڕیسالەیەک پێک بێنێت و بینێرێت بۆ باوکی خۆی واتە میرزا محموود افخم الوزارە، کاتبی سەردار عەلیخانی سەردار موکری لە بۆکان. ئەم ڕیسالەیە لە ڕاستیدا هەر ئەو هەوڵەیە کە مامۆستا لە سەردەمی لاویەتیدا داویەتی و ئێستا بە هیممەتی کاک عەبدولعەزیزی کوڕی چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

احیاء علوم الدین کتێبی هەرە بەناوبانگی ئیمام محەممەدی غەزالییە، کە کورتکراوە بە ناوی 'کیمیای سعادت' لە ئێران کراوەتە فارسی. ئەوەی لە پەیوەندی غەزالی و مامۆستا مەلا هادیدا جێگەی سەرنجە ئەو خاڵەیە کە غەزالی خۆی و ئیمام ئەحمەدی برای هەردوکیان لە سۆفیانی ناسراوی ئێرانین و ئیمام محەممەد خۆی، کاری مەدرەسەی بەجێ هێشت و چووە خانەقا. بەڵام ئەوەندەی من بزانم و دووراودوور مامۆستا مەلاهادی بناسم، ئەهلی سۆفیایەتی نەبووو و کەم و زۆر هەموو تەمەنی خۆی لە مەدرەسە واتە لە حوجرەی مزگەوتدا بردەسەر و فەقێ و مەلایەکی زۆری پەروەردە کرد کە بۆ سەردەمی خۆی ڕووناکبیر و تێگەیشتوو بوون و هەن. ئایا ئەو پەیوەندەییە لەگەڵ بیری غەزالیدا، هی سەردەمی لاویەتی مامۆستا بووە و دواتر بەجێی هێشتووە یان خود ڕاکێشی ئەو گومان و شک کردنە بووە کە غەزالی لە فەلسەفەی ئەرەستوویی دەکرد؟  هەرچۆنێک بووبێت، زانستی مامۆستا ئیجازەی ئەوەی پێ دەدا بتوانێ خۆی لە قەرەی خاوەن بیرێکی گەورەی وەک غەزالی بدات و بابەتی لێ تەرجەمە بکات.

 

٨٩. دوکتۆر محەمەد ساڵح ئیبراهیمی (شەپۆل)؛ "شێخی ئیشراق"؛ بڵاوکراوەی ئاراس؛ چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠٠٨

نامیلکەیەکە بۆ ناساندنی شێخ شەهابەددین سوهرەوەردیی ، کە چەمکی فەلسەفەی 'ئیشراق' لە جیهانی ئیسلامدا بە ناوی ئەوەوە ناسراوە.

شیخ شهاب الدین سهروردی خەڵکی گوەندی 'سهرەورد' لە قیداری زەنجان بووە و بە هۆی نزیکایەتی شوێنەکە لە کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانەوە، بەشێک لە کوردان لایان وایە ناوی گوندەکە 'سوورەبەرد'  و شێخ شەهاب الدین خۆیشی، کورد بووە. بە گوێرەی سوهرەوەردی، هەموو 'بوون' یک لە کائینات، نوورە و نووریش بریقانەوە واتە ئیشراقی هەیە. نووری ئەسڵی زاتی خودایە بەڵام مرۆڤیش هەر نوورە و ئەو نوورە لە مرۆڤی تر و لە دیاردەی تر دەدرێت وەک چۆن نووریشی لێ دەدرێت.

نووسەر بەشێکی زۆری نامیلکەکەی تەرخانی زانیاری گشتی لەمەڕ زانایانی کورد وەک دینەوەری و تاج الدین شنۆیی و ئەوانیتر کردووە و لە زمان ئیمام محەممەدی غەزالییەوە گێڕاویەتەوە کە: فەرهەنگی ئیسلامی لە سەر چوار ستوون دانراوە و سێ لەو چوار کۆڵەکەیە بریتین لە زانایانی شارەزوور، ئامێدی، دیاربەکر و دینەوەر' کە کوردن.(ل.٨)

نووسەر دەنووسێت: "حیکمەتی ئیشراق زۆر لە عیرفان و تەسەوف نزیکە و خزمایەتییان پێکەوە هەیە، وەکوو ئاواڵ دوانە یا هاواڵ زاوابن، وایە!"

 

٩٠.  محمد علی القرداغی؛ "مکتوبات مولانا خالد النقشبندی المجددی القرداغی الشهرزوری الکردی (بقسمیها العربی و الفارسی)"؛ جمعها ورتبها و قدم لها و قابل بین نسخها: محمد علی القرداغی العضو العامل فی الکادیمیە الکردیە؛ طباعة و تصمیم: مرکز آرا للاعلام [لبنان؟]؛ الطبعة: الولی لسنة ١٤٣٧ ‌کۆچی- ٢٠١٦ زایێنی.

کارێکی بەنرخی دیکەیە لە مامۆستای زەحمەتکێش محەممەد عەلی قەرەداغی. کتێبەکە لە دوو بەشی عەرەبی و فارسی پێکهاتووە:

-          بەشی عەرەبی بریتییە لە ٥٧ لاپەڕە ژیننامە و ناساندنی کارەکانی مەولانا خالید و ١٤٧ نامە و ئیجازەنامەی  مەولانا بە زمانی عەرەبی؛

-          بەشی فارسی, وەرگێڕاوی هەمان ژیننامە عەرەبییەکەیە بە فارسی، هاوڕێ لەگەڵ ٧ پارچە شیعری فارسی مەولانا و ٤٣٠ نامە و ئیجازەنامە و ڕیسالەی ئەو زاتە بە زمانی فارسی.

مولانا خالد ذی الجناحین نقشبندی میکائیلی جاف، "خلیفەی تامەی مطلقە" ی شێخ عبداللە دهلوی (ناسراو بە 'شاه غلامعلی') و یەکەم کەسێک کە تەریقەتی نەقشی لە کوردستان بە خەڵک ناساند.

مەولانا خالید جگە لە پلە وپایەی لە تەریقەتی ناوچەکەدا، یەک لە قەڵەم پاراوترین کوردانی حوجرەی فەقێیانە کە بە فارسی شیعر و پەخشانی نووسیوە. پەخشانەکانی مەولانا مۆرکی ئەدەبی سەدەی نۆزدەهەمی ئێرانی بەسەرەوە دیارە و لە ڕیزی ئەو کەسایەتییە ئایینییانەی ناوچەیە کە شارەزایی تەواویان لە ئەدەب و ئایینی عەرەب واتە ئیسلام هەیە، بەڵام ئەوەی مەولانا لەوانیتر جیادەکاتەوە ئەو ڕاستییەیە کە شۆڕەسوارێکی ئەدەبی فارسی و شارەزایەکی شیعری شاعیرانی عارفی ئێرانی وەک جامی و مەولانای ڕۆمیش بووە. مەولانا خالید لە نامەیەکدا بۆ مەحموودپاشای جاف دەنووسێت: "شیخ مشو، ملا مشو، این مشو، آن مشو، مسلمان شو!"

لەگەڵ دەست خۆشی و پیرۆزبایی مامۆستای بەڕێز جەنابی شێخ محەممەد عەلی قەرەداغی بۆ ئەو بەرهەمە بەنرخە، پێویستە ئاماژەیەک بکەم بە کاری کەم وێنەی جەنابی دوکتۆر ڕەئووف ڕێنمون کە سەرەرتا عەرەبییەکی مامۆستای کردۆتە فارسی و خۆیشی لە "مقدمە ویراستار"دا تەریقەتی نەقشبەندی و مەولانا خالیدی بە چڕوپڕی بە خوێنەران ناساندووە و بە بێ ئەو ناساندنە، تێگەیشتنی خوێنەری فارس زمان لە سەرجەم کتێبەکە ئەستەم دەبوو. قەڵەمی دوکتۆر ڕەئووفیش وەک هی مامۆستا محەممەدعەلی، لەوپەڕی پاراویدایە.

ئەوە دوو فەرد لە شیعرە فارسییەکانی مەولانا خالید:

"اگر مرد کاری، در دوست باز است                                                                                                        وگر قصەخوانی، حکایت دراز است

بود کار آزادگان ترک هستی،                                                                                                                      نە ابحاث محمود و نقل ایاز است"

مەولانا خالید شیعری کوردیشی زۆرن کە مامۆستا محەممەد عەلی پێشتر لە شوێنی دیکەدا بڵاوی کردوونەتەوە.

لە خوارەوە، نموونەیەک لە پەخشانی فارسی مەولانا خالید دەخەمە بەرچاو (نامەی ژمارە ١١٩ ی بەشی فارسی)، ئەویش نامەیەکە، کە مەولانا بۆ عوسمان پاشای کوڕی مەحموودپاشای جاف و حاکمی ئەودەمی کۆیەی نووسیوە.

هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو نامە تایبەتە لە ناو نامەکاند، جگە لەوەی پیشاندەری شێوازی نامە نووسین و ئینشای مەولانایە، ئەوەشە کە تێیدا داوای عوسمان پاشا کردوە بەڵکوو شێخ مارفی نۆدێ و ئەو مەلایانەی سلێمانی وا دژ بەو وەستابوون (و دەزانین کە تەنانەت حوکمی کافربوونیان دابوو)، بانگ بکاتە شوێنێک بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە و لە کێشەکە بدوێن. نامەکە بەداخەوە ڕێکەوتی نووسرانی بەسەرەوە نییە بەڵام بە گوێرەی ناوەرۆک، دەبێ هی سەردەمێک بێت وا لە ژێر گوشاری شێخ مارف و ئەوانیتردا لە سلێمانی چووە دەرەوە بەڵام دوای ماوەیەک ژیان لە بەغدا، داوای لێکرا بگەڕێتەوە ناوچەکە ئەوەش لە نێوان ساڵانی ١٢٢٨ و ١٢٣٠ ی کۆچیدا بووە و ئەگەری زیاتر بۆ ساڵی ١٢٣٠ دەچێت.

ئەوە نامەکەیە:


 

[1] .  

 

 بەشی ١٢ و کۆتایی 

بە داخەوە نەمتوانی کتێبەکان بناسێنم؛ تەنیا ناوەکانیان ڕادەگەیێنم .

سپاسی گەلێک زۆری ئەو برادەرە بەڕێزانە دەکەم وا کتێبەکانیان بۆ ناردووم.

 

کتێبە کوردییەکان:

٩١.  شێرکۆ بێکەس؛ "نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش- ژیننامە و بیرەوەری"؛ لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس؛ بەرگی ١ و ٢ سلێمانی ٢٠١٣

٩٢.  هێدی [مامۆستا خالید حیسامی]؛ "ئاوێنە شکاو یان بیرەوەریی هێدی"؛ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس؛ چاپی دووەم؛ هەولێر ٢٠٠٨

٩٣.  بابە شێخ مەردۆخ ڕۆحانی (شیوا)؛ مێژووی ناودارانی کورد – عارفان، زانایان، وێژەوانان، شاعیران"؛ بەرگی دووهەم؛ وەرگێڕانی ماجدی مەردۆخ ڕۆحانی؛ چاپی یەکەم؛ ئەکادیمیای کوردی؛ هەولێر ٢٠١١؛  بەرگی سێهەم ماڵە میران و خونکاران، ساڵی ٢٠١٢ [بەداخەوە بەرگی یەکەمم بەدەست نەگەیشتووە].

٩٤.  فاتح مستەفایی؛ "کاروانی پێنووس – شاعیران و نووسەرانی مەریوان و هەورامان"؛ کۆکردنەوە و ئامادە کردنی فاتح مستەفایی؛ چاپی یەکەم، بڵاوکردنەوە: ئاراس- سنە ١٣٩٠

٩٥.  مەلا ڕەسوڵ پێش نماز؛ "سەربردەی ژیانم – بیرەوەرییەکانی زیاتر لە ٥٠ ساڵ ژیانی سیاسی مەلاڕەسوڵ پێش نماز لە موکریانەوە تا دووکان بە وێنە و بەڵگەنامەوە"؛ پێداچوونەوە و هەڵەبڕیی بەختیار عەلی، سوارە قەڵادزەیی و ناسری ڕەزازی؛ چاپی یەکەم بنکەی ڕۆشنبیریی شەهید؛ سلێمانی ٢٠١٢

٩٦. هێنری تۆماس و دانا لی تۆماس؛ "چیرۆکە نەمرەکانی فەلسەفە- ئەندیشە و ژیانی سەرنجڕاکێشی گەورە فەیلەسوفانی دنیا"؛ وەرگێڕانی فەڕشید شەریفی؛ دەزگی چاپ و پەخشی سەردەم؛ سلێمانی  ٢٠١١

٩٧ ئازاد حەمە؛ "بیری پۆست مودێڕنیزم"بەشی یەکەم؛ چاپی دووهەم؛ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی؛ هەولێر ٢٠٠٢

٩٨. شوکروڵای بابان؛ "مێژووی کورد و کوردستان"؛ چاپخانەی شڤان؛ کوردستان ٢٠٠٤

٩٩  محەمەد ڕەسووڵ هاوار؛ "سەرجەمی بەرهەم' بەرگی چوارەم وتارە کوردییەکان"؛ ئامادە کردنی ڕەفیق ساڵح؛ بنکەی ژین، سلێمانی ٢٠٠٨ [بەداخەوە بەرگەکانی دیکەیم نەبینیوە].

١٠٠. د. عەبدوڵڵا غەفور؛ "جوغرافیای کوردستان"؛ چاپی دووەم: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی؛ هەولێر ٢٠٠٠

١٠١. دوکتۆر عەبدوڵڵا عەلیاوەیی؛ "کوردستان لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دا- لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا جەنگی یەکەمی جیهان (لێکۆڵینەوەیەکە لە بواری مێژووی سیاسیدا)"؛ چاپی یەکەم؛ لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان؛ چاپی دوەم: کتێبخانەی ئاوێر؛ شوێن؟ ٢٠٠٤

١٠٢. عبدالرقیب یوسف و هەینی قادر؛ "بەرگری کردنمان لە قەڵای هەولێر ساڵی ١٩٩٠"؛ چاپی یەکەم؛ ؛ مەکتەبی بیر و هۆشیاری ینک؛ سلێمانی ٢٠٠٩

١٠٣. عەبدوڵا ئوجەلان؛ "لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارسانیەتی دیموکراسیانە"؛ بەشی یەکەم؛ چاپی دووەم؛ لە بڵاوکراوەکانی مێزوپوتامیا؛ شوێن؟ ٢٠٠٢

 

کتێبە فارسییەکان:

١٠٤. عبدالمجید ملک الکلام (مجدی)؛ سفرنامە ملک الکلام "مجدی"؛ بە کوشش محمد طاهر سیدزادە ‌هاشمی؛ چاپ اول، انتشارات توکلی، تهران ١٣٨٢

١٠٥.  محمد فیاض؛ "رئیس جمهور پیشمرگە – بخشی از خاطرات مام جلال طالبانی رئیس جمهور عراق"؛ ترجمە سامان سلیمانی؛ ناشر: دات؛ تهران ١٣٩٣

١٠٦.  دکتر گلمراد مرادی؛ "نگاهی گذرا بە تاریخ و فلسفە اهل حق (یارسان) منطقە گوران و لرستان مرکز اصلی پیدایش این مذهب"؛ چاپ اول؛ کتابفروشی و انتشارات ارزان؛ سوئد ١٩٩٩

١٠٧. فردریش نیچە؛ "چنین گفت زرتشت – کتابی برای همەکس و هیچ کس"؛ ترجمە داریوش آشوری [ویرایش ٥]؛ چاپ بیست و ششم؛ موسسە انتشارات آگاه؛ تهران ١٣٨٦

١٠٨.  دکتر عبداللە غفور؛ "تقسیمات کشوری در شرق کردستان ١٣٥٨ – ١٣٨٨"؛ گردآورندە دکتر عبداللە غفور؛ چاپ دوم؛  آکادیمیای کوردی؛ اربیل ١٣٩٠

١٠٩.  آیت محمدی (کلهر)؛ "سیری در تاریخ سیاسی کرد و کردهای قم"؛ چاپ اول؛ انتشارات پرسمان؛ تهران ١٣٨٢

١١٠  ئەیوب ئەیوبزادە؛ "چەپ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کۆمەڵە و دۆزی ناسیۆناڵی کورد"؛ بەرگی یەکەم؛ بنکەی چاپەمەنی نیما؛ ئاڵمانیا ٢٠٠٢

١١١.  مسعود فتحی و بهروز خلیق؛ "بازخوانی جنبش فدائیان خلق – چالشی در نوزائی چپ ایران، بە مناسبت چهلمین سالگرد ١٩ بهمن"؛ چاپ اول؛ از انتشارات سازمان اتحاد فدائیان خلق ایران و سازمان فدائیان خلق ایران (اکثریت)؛ محل چاپ؟ ١٣٨٩

 ١١٢. س. موء ید زادە؛ "آرش زمانە – یادنامە فرزاد کمانگر"؛ چاپ اول: باقر مرتضوی؛ مرداد ١٣٨٩ (٢٠١٠)، چاپ دوم مهر ١٣٨٩ (آگوست ٢٠١٠) کۆڵن، آلمان

 

کتێبی کوردی و فارسی:

١١٣. استاد ملا صبغةاللە رودباری سنندجی؛ "مقامات پیران طالبان از محمود تا عبدالرحمن (فارسی و کردی)" مقدمە تحلیلی ، تنظیم، بررسی مجدد و شرح عرفانی: دکتر محمدعلی سلطانی؛ ترجمە متن مقامات از فارسی [بە کردی]: انور سلطانی؛ چاپ آکادیمیای کردی؛ اربیل ٢٠١٦

١١٤. ئەنفاسی ڕەحمانی، کەشکۆڵی تالەبانی- شیعر، پەخشان، نامەکان و نووسراوەی پەرژ وبڵاو بە فارسی و کوردی و عەرەبی لە مەشایخ یا سەبارەت بە گەورە شێخانی تالەبانی لەخۆ دەگرێ"؛ ساغکردنەوە و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕانی دوکتۆر محەمەد عەلی سوڵتانی؛ بڵاوکراوەی ئەکادێمیای کوردی؛ هەولێر ٢٠١٦

کتێبی عەرەبی:

١١٥.  باسیلی نیکیتین؛ "الکرد – دراسة سوسیولوجیة و تاریخیە"؛ تقدیم: لویس ماسینیون؛ نقلە من الفرنسیة و علق علیە: الدکتور نوری طالبانی؛ الطبعة السادسة المنقحة؛ من مکتوبات الاکادیمیة الکوردیة؛ اربیل ٢٠١٢

١١٦. د. مکرم الطالبانی؛ "الشیخ عبدالرحمن الطالبانی – العالم المتصوف و شاعر العشق الالهی و مرشد الطریقة القادریة الطالبانیة"؛

- الجزء الأول: فی التصوف و الطریقة و الاشعار التصوفیة؛ الطبعة الاولی: مرکز خاک للنشر والاعلام؛ سلیمانییة ٢٠٠٣

- الجزء الثانی: کتاب المعارف فی شرح المثنوی الشریف لمولانا الشیخ جلال الدین الرومی؛ الطبعة الاولی؛ مرکز خاک للنشر والاعلام؛ سلیمانییة ٢٠٠٤

- الجزء الثالث: حول مفهوم وحدة الوجود؛ الطبعة الاولی: مرکز خاک للنشر والاعلام؛ سلیمانییة ٢٠٠٥

 

کتێبی ئینگلیزی 

117. Kejal Ahad, “Handful of Salt”مشتێ خوێ, Translated from the Kurdishby Alana Marie Levinson-LaBrosse, Mewan Nahro Said Sofi, Darya Abdul-Karim Ali Najim and Barbara Goldberg;First Edition, International Edition, The Word Books; Washington, DC 2015; ISBN: 978-1944585-03-7

وەرگێڕانی ژمارەیەک لە شێعرەکانی شاعیری کورد کەژاڵ ئەحمەدە بە زمانی ئینگلیزی. وەرگێڕ ئالانا ماریا لێڤینسنە کە مامۆستای زانکۆی ئەمریکییە لە سلێمانی بە یارمەتی چەندکەسی دیکە.

 

کۆتایی ئەم زنجیرە وتارە.