سەدەی کارەسات لە "ئاڵەکۆک" دا!؟

ساڵی ١٩٩٧ کتێبێک لە ژێر ناوی "ئاڵەکۆک" بیرەوەرییەکانی غەنی بلوریان کە ناوی غەنی بلووریان و حامد گەوهەری بەسەرەوە بوو، لە شاری ستۆکهۆلم- سوئێد بڵاو کرایەوە. هەمان کتێب ساڵی ١٣٧٩(٢٠٠٠) لە لایەن ناوەندێک بە ناوی"خدمات فرهنگی رسا" لە پایتەختی ئێران شاری تاران بە زمانی فارسی بڵاوکراوە. وەرگێڕیی ئەم کتێبە کەسێک بوو بە ناوی " رضا خیری مطلق" کە لە شاری مەراغە لە دایک بووە و لە تەمەنی یەکساڵانەوە لە شاری مەهاباد ژییاوە، دواتر بۆتە کارمەندی ڕادیۆ تەلەویزیۆنی مەهاباد و پاش ڕووخانی ڕژێمی شا بۆتە بەرپرسی ئەو شوێنە و یەک لە پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامی لە مەهاباد بووە و دوو لە براکانی وەک پاسدار لە کوردستان کوژراون. ئاغای خێری کۆمەڵێکی زۆر کتێبی کوردی تایبەت بە سیاسەت و مێژوو هەڵگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و لە گەڵ کەسانی وەک جەلال تاڵەبانی، مەسعوود بارزانی و عەبدوڵا ئۆجەڵان و گەلێک کەسی دیکە بە ئاشکرا و نهێنی دیداری بووە. کتێبەکەی ڕەزا خیری بەر لەوەی چاپ و بڵاوبکرێتەوە بە شێوەی دەستنووس خراوەتە ئیختیاری زیندانیە سیاسییەکانی کورد لە زیندانەکان، لەوانە زیندانی سنە. ئەم کتێبە بوو بە سەرچاوە بۆ هەموو مێژوونووسانی فارس و نەفارس و سەرچاوەیەک بۆ چەواشەکردنی مێژوو و شێواندنی سیمای کورد و سیاسییەکان، لەوانە سیمای بلووریان  خۆی و حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

ڕاستی پشت پەردەی کتێبی "ئاڵەکۆک" و بیرەوەرییەکانی غەنی بلووریان چییە؟ نووسەری ئەم دێڕانە ئەندامی یەکیەتی خوێندکارانی کورد KSSE و یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ئاڵمانی ئەم ڕێکخراوەیە لە ئاڵمان بوو. ئەو کات دوو یەکیەتی خوێندکاری لە ژێر هەمان ناو هەبوو، یەک ناوەندی بەڕلین و دوو ناوەندی پراگ. لە ڕێبەندانی ساڵی ١٩٨٨ یەکەمین فستیوالی "کۆماری کوردستان" لە زانستگای کۆڵن لە لایەن کۆمیتەی ئاڵمانی یەکیەتی خوێندکارانی سەر بە پراگ بە بەشداری کۆمەڵێک پسپۆڕ و هونەرمەندانی ناودار بە ڕێوە چوو، هێندێک لەو کەسانە لە سوئید و هێندێک لە شاری پراگەوە بانگ کرابوون. زیندەیاد غەنی بلووریان لە گەڵ بەرپرسانی یەکیەتی و هێندێک ئەندامی حزبی شیوعی عێڕاق و زیندەیاد قادر دیلان بەشداری ئەم فستیواڵەیان کرد. هاوکات لە گەڵ ئەم فستیواڵە سمینار لە سەر کۆماری کوردستان بەڕێوە چوو کە کەسانی وەک کەریم حیسامی سمینارگێڕ بوون. مامە غەنی لە فستیواڵەکەدا کورتە وتەیەکی پێشکەش کرد.

نووسەری ئەم دێڕانە ئەو دەم سەرقاڵی پڕۆژەی" پێشینەی نمایش و شانۆ لە کوردستان" بوو. بە هۆی ئەوەی مامە غەنی یەکێک لە بەشداران لە شانۆنامەی "دایکی نیشتمان" بوو، داوام لێکرد لە گەڵی بدوێم. پاش بەڵێنێکی کە پێدام لە ڕۆژی ٢١/٧/١٩٨٩ لە شەقامی بەڕلین ماڵی ژمارە ١٠١ لە شاری کۆڵن لە سەر دوو بابەت "شانۆی دایکی نیشتمان" و "میرمیرێن" گفتوگۆمان کرد. پاش کۆتایی ئەم گفتوگۆیە داوای درێژەی کارەکەم کرد و مامە غەنی قەبووڵی کرد و ماوەی یەک هەفتە هەر ڕۆژ چەند کاتژمێر بەیەکەوە دانیشتیین کە کۆی هەموو گفتوگۆکە لە شازدە کاسێتی ٩٠ و ٦٠ خولەک، تۆمار کرا.

دواتر کۆپی سەرجەم کاسێتەکان و لیستی هەموو بابەتەکان درا بە مامە غەنی و باسی شانۆنامەی دایک نیشتمان و میرمیرێن لە گۆواری "گزنگ" لە سوئێد بڵاو کراونەوە. دابەزاندنی سەرجەم کاسێتەکان بە هۆی کار و ژیان و کارەساتی ڕووداوی ماشێن لە باشووری کوردستان لە کاتی درووستکردنی قوتابخانە بۆ کوردستان و مانەوەی چەند مانگ لە نەخۆشخانە و دوو ساڵ دابڕان لە کار، وەدوا کەوت.  ساڵی ١٩٩٧ لە ناکاو ئاگادار کرام کە کتێبێک بە ناوی "ئاڵەکۆک" بە ناوی غەنی بلووریان بە هاوکاری کاک حامد گەوهەری بڵاو کراوەتەوە.

غەنی بلووریان لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاوەهای نووسیوە" هەروەها سپاسی  هەواڵان .... برایم فەڕشی... دەکەم کە بەشێک بە پێشکەش کردنی زانیاری و هێندێکیش بە هێنان و بردنی من بۆ شوێنی جیاواز هەلیان بۆ ڕەخساندم کەموکۆڕییەکانی –ئاڵەکۆک- چارەسەر بکەم".

برایم فەڕشی هەواڵی شەخسی، سیاسی و حزبی مامە غەنی نەبوو، لە دانی زانیاریی و هاتوچۆی بەڕێزیان هیچ دەورێکی نەگێڕا و ئاگاداری چاپی کتێبی "ئاڵەکۆک"یش نەبوو، چۆن کەمکوڕییەکانی ئاڵەکۆکی چارەسەر کردووە، ڕوون نییە! مامە غەنی ڕاشکاوانە باس ناکا کە دەوری برایم فەڕشی چی بووە. بەڵام کاک حامید گەوهەری کۆدی مەتەڵەکە دەداتە دەست. ئەو لە پێشکەی کتێبەکەدا ئاوای نووسیووە" مامە غەنی لە یەکەم هەنگاودا بیست و یەک شریتی نەوەد دەقیقەیی بۆ ناردم، کە هەر کامەیان لە کات و زەمانێکی جیاوازدا تۆمار کرابوون..."

سپاسی هەواڵ برایم فەڕشی لە بەر" کاسێتی نەوەد دەقیقە" بوو، واتە مادەی سەرەکی کتێبی ئاڵەکۆک، کە بیرەوەری غەنی بلووریان نەبوو، بەڵکوو گفتوگۆی ئەو و نووسەری ئەو دێڕانە بوو.

گەوهەری و بلووریان نایدرکێنن، کاسێتەکان لە کێ وەرگیراوە. نەوارەکان هەر ئەوانە بوون کە مامە غەنی لە منی وەرگرتبوون. بڕیار بوو گوێیان بداتێ و من ئاگادار کاتەوە، کارێک کە هیچکات نەکرا. کە وایە ئەم وتەیەی مامە غەنی کە لە پێشەکی کتێبەکەدا نووسیوویەتی" بەتەما نەبووم ژیاننامەی سیاسی خۆم بنووسم" ڕاستە. مامە غەنی بیرەوەری ژیانی خۆی نەنووسیوەتەوە، ئەو و کاک حامد گەوهەری کاسێتی گفتوگۆی من و مامە غەنیان لە بەر دەست دا بووە و  گەوهەری گووتەنی" من دوای پیادە کردنی شریتەکان و نووسینیان بە کامپییۆتر، ئەوانم بۆ مامە غەنی ناردەوە".  "پیادەیان" کردوون و بەو جۆرەی دڵیان ویستوویە، ڕۆمانی "ئاڵەکۆک"یان لێ ساز کردووە.

پاش چاپی کتێبەکە بە تەلەفوون پێوەندیم لە گەڵ مامە غەنی گرت و یەکەم پرسیارم ئەوە بوو کە بۆچی لە کتێبەکەدا سپاسی منت کردووە؟ وڵامێکی پێویستی نەبوو. لە کۆتایی پێشەکی کتێبەکەدا غەنی بلووریان نووسیوویەتی" لە کۆتاییدا پێویستە بە خوێنەرانی بەڕیز ڕابگەێەنم کە کتێبی ئاڵەکۆک تەنیا ژیاننامەی سیاسی منە، کە بڵاو دەبێتەوە و جیا لەو ئەگەر نووسراوەیەکی تر بەناوی من بڵاو بکرێتەوە، جێگەی متمانە نیە."

مامە غەنی لەم گوتنەدا دەریخستووە، کە نووسراوەیەکی جیا لەوەی بەردەستی خوێنەران لە گۆڕێدا بووە، دەنا چ پێویست بوو حاشا لە بوونی شتێک بکرێ، کە دەیزانی هەیە؟ هەر لە ڕێگای گفتوگۆی تەلەفوونی لێم پرسی مەبەست لەو ڕستەیە چییە؟ ئێوە دەزانن کە ئەسڵی ئەو شتەی ئێوە لە کتێبی "ئاڵەکۆک"دا هێناوتانە لە لای من هەیە. وڵامەکەیان ئەوە بوو کە مەبەست کەسێکی دیکەیە.  ئەو کەسەی کە ئەو نێوی هێنا هاوڕێیەکی خۆی لە حزبی توودە بە ناوی "ئەحمەدی" بوو، کەسێک لە ئەفسەرانی حزبی توودە. بە چاو خشاندن بە ناو کتێبی ئاڵەکۆک دەردەکەوێ، کە بابەتەکان لە ١٦ کاسێتی برایم فەڕشی دەرکێشراوە، نەک ئەو کەسەی ناوی هێندرا.

گفتوگۆی تەلەفوونی هەرکمان بە بەڵێنێکی مامە غەنی کۆتایی پێهات. مامە غەنی بەڵێنی دا لە نامیلکەیەکدا هەموو ڕاستییەکانی گفتوگۆی نێوانمان و کتێبی "ئاڵەکۆک" باس بکا، بەڵێنێک کە نەچووە سەر.

بە بەراوەردکردنی دوو کتێبی سەدەی کارەسات و ئاڵەکۆک لە گەڵ یەک گەلێک پرسیار بۆ خوێنەر پێک دێ، یەک لە پرسیارە گرنگەکان ئەوەیە کە ئایا نووسەری ئاڵەکۆک و غەنی بلووریانی کتێبی سەدەی کارەسات یەک کەسن یان دووان؟ ئایا ڕووداوەکان وەک یەک گێڕدراونەتەوە؟ ئایا زمانی گووتنی سەدەی کارەسات و زمانی نووسینی کتێبی ئاڵەکۆک هەرکیان زمانی یەک کەسە؟ ئایا تێگەیشتنی سیاسی دوو کتێبەکە هەر کیان هی یەک کەسە؟ ئەم پرسیارانە و گەلێک پرسیاری دی بۆ خوێنەری هەر دوو کتێب ئاواڵە دەمێنێتەوە، هەر دوو کتێبەکە بۆ خوێنەر دەبێ ئەم پرسیارە بخوڵقێنێ کە ئەو مێژووەی کە بەوان دەفرۆشرێ، چەندی بە چەندە؟ چەندە خەبات بووە و چەندە مێژووی خەبات؟ دەبێ ئەوەش بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوە کە نوخبەی سیاسی کورد، چەندە نوخبە و چەندە "ڕۆشنفکر" و چەندە کورد و کوردستانی بووە؟

بە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٩، سی ساڵ لە گفتوگۆی مامە غەنی و من تێدەپەڕێ. لەو ماوەیەدا کتێبی ئاڵەکۆک بە تایبەت بە زمانی فارسی لە لایەن دام و دەزگاکانی حکوومەتی ئیسلام و مێدیا و چاپەمەنی و مێژوونووس و هەڵخڵەتێنەرانی مێژووی کورد بەکار هێندراوە و ئینترنێت پڕ بووە لە نووسراوە لەو پێوەندییەدا. تا ئێستا هیچ دەزگایەکی حزبی ذێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسانی ڕەدەی یەکی ئەو حزبە کە ناویان لە ناو کتێبی ئاڵەکۆکدا هاتووە و ڕاستەوخۆ تاوانبار کراون، نەهاتوونە گۆ و بەوەش ئیتهامەکان لە سەر خۆیان و حزبەکەیان دەسەلمێنن. مەبەستی گفتوگۆی من و غەنی بلووریان دەرخستنی ڕاستییەکانی مێژوو بوو، بەڵام ئەو ڕاستیانە لە کتێبی ئاڵەکۆکدا لە شێوەی گفتوگۆیەکی دوو لایەنەی پڕ لە کێشمە کێش هێندراوەتە سەر هەمان ڕێچکەی بیرەورییەکانی  ڕابەران و بەرپرسانی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

ساڵی ٢٠٠٨ ئەم گفتوگۆیەی کە لە بەر دەستی خوێنەردایە لە لایەن بنکەی ژین لە شاری سولەیمانی بە ناوی "سەدەی کارەسات" چاپ کرا. لە کتێبی سەدەی کارەسات و گفتگۆی دوو لایەن، دەرفەت بۆ گۆڕان و گۆڕینی ناوەرۆک نەبوو، تەنانەت زمانی گفتوگۆکە وەک خۆی نووسراوەتەوە کە ئەوەش شێوەی ئاخافتنی کەسەکان و سەردەمەکە دەداتە دەست. لە هێندێک شوێنی گفتوگۆ نووسەری ئەم دێڕانە بێ بەزییانە جولاوتەوە و بۆتە هۆی پێکهێنانی حاڵەتێک کە فرمێسک چڕژاوەتە چاوەکانی مامە غەنی و بۆتە هۆی دەربڕینی ئەو هەستەی کە هەموو ژیانی ئازاری داوە، ئەو دەڵێ " ئه‌من ناتوانم خۆم بفرۆشم" " ئه‌من دوچاری ئیشتباهاتێکی عه‌میقی تاریخی بووم"

ئەوەی جێگای بیرلێکردنەوەیە زۆربەی ئەو کتێبانەی کە بە ناوی بیرەوەری سیاسی لە لایەن کاربەدەستان و کادرەکانی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، چەشنێک لە “ئاڵەکۆک نووسین” بوون و هەن و مەسڵەحەت پێشی بە درکاندنی ڕاستی ڕووداوەکان گرتووە. لەم گفتوگۆیەدا کێشەکان بە ئاشکرا باس کراون. وڵامەکان ڕەنگە بە دڵی کەسانێک بێت و بە دڵی کەسانێکی دیکە نەبێت!

مێژوو گێڕانەوەی یەک لایەن نییە و ڕاستییەکان لە لای چەند کەس و چەند لایەن کۆ نەبۆتەوە، باس کردنی هەمە لایەن هەم لە سەر ڕووداوەکان و هەم لە سەر دەورو ڕۆڵی کەسان و حزبەکان پێویستە، من لێرەدا سەرجەم باسەکانی ناو کتێبەکە جگە لە باسی شانۆنامەی دایکی نیشتمان و میرمیرێن بە شێوەی دیژیتاڵی بڵاو دەکەمەوە، مەبەست بڵاوکردنەوەی زانیاری لە مەڕ خەباتی کورد و ئاکتۆرەکانییەتی و  پەرەپێدانی دیاڵۆگی زیاتر و جیددی و قووڵتر لە نێوان لێزان و پسپۆڕ و شارەزایان و خەڵک.

 

نووسینەوەی ئەو زمانە وەک خۆی، کە قسەی پێکراوە هاسان نەبوو، بەڵام گرنگە بزاندرێ کە قووڵایی توواندنەوەی زمان و فەرهەنگ و تێگەیشتنی مرۆڤی کورد تا کوێ بووە، بە تایبەت لای ئەوانەی مەبەستیان پارێزگاری لەو زمانە بووە.

 

برایم فەڕشی

دێسامبری ٢٠١٨ ئاڵمان