دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژمارە  ٩٩

پاڕانەوە

 

  

من سەگێکم، سەگێکی دەرگاتم

گەرچی بێ‌فکر و بێ موبالاتم

گەرچی برسی و فەقیر و بێ‌هێزم
وا بە هیوا و هومێدی تۆ هاتم

کەسەل و بێ‌وەڕ و لە پاس کەوتوو
نانی شوانم دەخوارد و هەر لاتم

پیر و بێ‌کەڵپه مام و لێ‌قەوماو
بۆیه ڕووزەردم و کز و ماتم

لوقمه‌نانێ له دەرکی تۆم بدەنێ
وەدەزانم ئەمیری شاماتم

ناهومێدم مەکه له ڕەحمەتی خۆت
بێنەجێ ئارەزووم و ئاواتم

          وا 'ئیمامی' دەڵێ: بڕا له خەمان[1]
         
شێعر و هۆنراوه و مەقالاتم


                                        قاقڵاوا، ١٣٥٢ی هەتاوی


(لاپەڕە ٥٩ ی دیوانی چاپی ئەنیسی و ١١٢ ی دیوانی چاپی جەعفەر)


 

[1] . چاپی ئەنیسی: دەڵێ برا لە خەمان...

 

 

______________________________________  

 

 

عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا "ناهومێدم مەکە"یە. شوێن و ڕێکەوتی گوترانی شیعرەکە لە هەردوو چاپدا، وەک یەکن.

شیعرێکی تیپیکاڵی ئاواتە: پاڕانەوە لە دەرگانەی خودا بۆ ئەوەی بەزەیی پێدا بێت و لە گوناهانی خۆش بێت. دەڵێ عەبدێکی چاک نەبووم، ناسپاسیی نیعمەتەکانی تۆم کرد، بەڵام هیوام بە لێبووردەیی تۆ هەیە، تۆش لە ڕەحمەتی خۆت ناهومێدم مەکە. ئەوە بابەتی سەرەکیی گەلێک لە شیعرەکانی ئاواتە: هەست بە گوناهباری و ڕووزەردی لەبەر دەرگانەی خودا، ئامادەیی بۆ مەرگ و چوونە بەر بەزەیی ئەو لە ڕۆژی قیامەتدا.

شیعرەکە وەک گەلێک شیعری دیکەی ئاوات و شاعیرانی هاوبیری لە ئەدەبی کوردی و بەگشتی لە ئەدەبی وڵاتانی ئیسلامیدا، ئینێڕجی واتە هێزی نەرێ یی دەداتە خوێنەر و سستی دەکات و لە قوژبنی دەخزێنێت. بە گوێرەی ئەو بۆچوونە نەرێ ییە، مرۆڤ هەر لە سەرەتای ژیانیەوە تا کۆتایی، تاوانبارە و دەبێ هەست بە گوناه بکات؛ تاقە شتێکیش کە ئەو تاوانە دەشواتەوە، بەزەیی خودایە. خودا لێرەدا نەک هەر مونتەقیم و تۆڵە ستێنە، بەڵکوو وەک کەسێک کە قەرزی لەسەرتە، هەمیشە بەردەرگای لێگرتووی و داوای قەرزەکانی دەکاتەوە؛ تۆش دەبێ هەر لێی بپاڕێیەوە بەڵکوو بەزەیی پێتدا بێت و لەکۆڵت بێتەوە! ژیان لەسەر ئەو شێوە بیرکردنەوەیە هێزی ئەرێ یی لە خاوەنەکەی دەستێنێت و گۆشەگیر و بێ هەرەکەی دەکات. دیوانی شیعرەکانی ئاوات زۆرێک لەو شیعرانەی تێدایە.

لە ڕاستیدا ئاوات لەنێوان عارفێکی دڵتەڕی عاشق بەخودا و سۆفییەکی ویشکی لەخوداترس، تێماوە و لە قۆناغی جیاجیای ژیان، لەمیانەوە بۆ ئەو و لەویانەوە بۆ ئەم باڵ دەکوتێت. شاعیری ئەم شیعرە تایبەتە سۆفییەکی لەخوداترسە و خوداکەی کەسێکی تۆڵەئەستێن و دڵڕەقە کە، دەبێ بە بەرتیل و پاڕانەوە دڵی وەک بەردی نەرم بکرێت. شاعیر چارەیەکی نییە جگە لەوەی خۆی بە سەگی بەردەرگای ئەو دابنێت و بەو خۆ بەکەمزانییە، ئاغا زۆردارە ملهوڕەکەی لەخۆی ڕازی بکات. ئەوە گەلێک جیاوازە لە بۆچوونی عارفێکی وەحدەتی وجوودی وەک شیبلی نوعمانی و ئەوانی دیکە، کە لە هەموو بوونەوەرێکدا، تەنانەت سەگیش، نوور و ئیشراقی خودا دەبینن. بەشێکی زۆر لەو سیفەتانەی لە شیعرەکەدا هاتوون سیفەتی سەگن بەڵام شاعیر بەپێی ئەو بۆچوونە سۆفییانە ویشکە، هەمووی داونەتە پاڵ خۆی.

 

بێ موبالات: بێ دەربەست، گوێنەدەر

کەسەل: وەڕەز و بێ حاڵ و حەوسەلە

بێ وەڕ: سەگێک کە ناحەپێت و ناوەڕێت، سەگی پیری پەککەوتە.

لەپاس کەوتوو: سەگێک کە لەبەر پیری و لەکارکەوتوویی چیتر پاسی ماڵی خاوەنەکەی پێنادرێت.

نانی شوان خواردن: کینایەیە لە بێ ئەمەکی و هەروەها بێعاریی کەسێک، کە واهەیە ئاکامی مەترسیداری بۆی هەبێت. نانی شوان خواردن و ڕووت و ڕەجاڵ مانەوە بە ڕواڵەت دژ بە یەکن بەڵام مرۆڤی ناپاک و خائین واهەیە ئەمیش بێت و ئەویش. شوان لێرەدا خودایە و شاعیر خۆی وەک سەگی ئەو شوانە داناوە.

کەڵپ یان کەڵپە: ددانی حەیوانی دڕندە

ڕوو زەرد: خەجاڵەتبار

لوقمە: پاروو

شامات: ناوچەیەکی بەرین و پڕ بەرەکەتی موکریان، لە نێوان میاندواو و مەهاباد و گۆلی ورمێ. ئەمیری شامات کینایەیە لە کەسێکی دەوڵەمەند و دەست ڕۆیشتوو.

وا ئیمامی دەڵێ بڕا لەخەمان...: ئیمامی دەڵێ بەهۆی خەم و کەسەرەوە شیعر وهۆنراوە و مەقالاتم بڕاون و چیتر نەماون. شیعر و هۆنراوە و مەقالات مراعات النظیریان پێ دروست کراوە. ئاوات شیعری لە هۆنراوە جیا کردۆتەوە. بە گوێرەی بۆچوونێک، هۆنراوە هەمان 'نظم' ە کە ڕێک خستنی کێش و سەروا بێت. واهەیە کەلامێکی 'مقفی' واتە خاوەن سەروا، بەو ڕێکخستنە نەبێت بە شیعر و گەرچی ئوسووڵی 'نظم' ی کلاسیکی تێدا ڕەچاو کرابێت، بەڵام جەوهەری شیعریی تێدا نەبێت. ئەوە بۆچوونێکی نوێیە کە لە سەدەی بیستەمدا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی سەری هەڵداوە بەڵام مێژووی لە ڕۆژئاوای جیهان لەوە کۆنترە. دڵنیا نیم ئاوات بە پێکەوە هێنانی ئەو دوو چەمکە، ویستبێتی شیعر لە نەزم جیا بکاتەوە و ئەگەر ئەوە ڕاست بێت ئینجا پێکەوە هێنانیان تەنیا بۆ پاراستنی کێشی ئەو بەحرە تایبەتە بووە.

 

بڕا: فەوتا، نەما.

مەقالات: کۆی مەقالەی عەرەبی؛ وتاری کوردی.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

خفیف مسدس مخبون محذوف: فاعلاتن مفاعلن فعلن

www.rojhalat.de / www.bokan.de