دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژمارە  ٩٨

مافی خۆمە

 

 

  

مافی خۆمە، لێمگەڕێن با هەروەها بێچارە بم[1]

مەخسەرەی دۆم و دوڕاجی ئەم سەر و ئەو خواره بم

با، وەکوو کوێر و شەل و نوقسان و بێ‌ ماوە و هەژار[2]  

تاکوو دەمرم چاوەڕێی ئیحسان و پووڵ و پاره بم

بەو هەموو باری گوناهه، بوو جدەو پشتم، خودا!
تاوەکوو کەی دەست له ئەستۆی پیسی ئەو کرداره بم؟

کەی خەبەردارم دەکەی یا ڕەب به زەنگی مەرحەمەت؟
با بەس ئاخر موبتەلای ئەو شوێنه، ئەو ئاکارە بم

بەم هەموو تەبعه ڕەوانه، بەو هەموو هۆنراوەوە
چاکه نەبمه شوهرەیی ئافاق و هەر ئاواره بم[3]

عاقڵی و ژیری و زرنگی ئێسته بێ‌مۆدن لە لام
باشه وەک مەجنوونی سەرگەردان و وێڵ، پەتیاره بم

مەمکەنه بەرموور لە بەرچاوان به دەنگ و باسەوە
با وه‌پشت گوێم خەن جوانان، لێم‌گەڕێن با گواره بم

نەچمه سەر چاو وەک برۆ، وا چاکه من بۆ ماوەیەک
هەروەکوو ڕیشێکی بێ‌ئیش، جوانه هەر لەو خواره بم

شەرته ڕازی عیشقی خۆم هەر هەڵگرم تا مردنم
با له قەبریش‌دا ئەمن سندووقی ئەو ئەسراره بم[4]

          تۆ که گۆت بردۆته دەر "کامیل" له گوڵزاری ئەدەب!
         
حەقته فەرمووی: هەر ئەمن با شێتی ئەو گوڵزاره بم

 

                                               قاقڵاوا، 1350ی هەتاوی


(لاپەڕە ١٥ و ١٦  ی چاپی ئەنیسی و ١١٠ و ١١١ ی دیوانی چاپی جەعفەر)


 

[1] . هەردوو اپی ئەنیسی و جەعفەر: هەروەها

[2] چاپی جەعفەر: بێ چارە و هەژار

[3] چاپی جەعفەر: ئافاق، هەر ئاوارە بم

[4] . چاپی ئەنیسی: ئەسڕاڕە بم

______________________________________  

 

عینوان لە هەردوو چاپەکەدا وەک یەکە و شوێن و ڕێکەوتی گوترانی شیعرەکە، واتە ١٣٥٠ ی هەتاوی و ١٩٧١ ی زایێنی، لە چاپی جەعفەر وەرگیراوە؛ چاپی ئەنیسی ئاماژەی پێنەکردوون.

من ئەگەر بۆم بکرێت، لە کۆتایی کارەکەدا دەبێ هەموو ئەو شیعرانەی ئاوات کە بۆ نموونە لە ساڵانی پێش کۆماری ساڵی ١٣٢٤ ی کوردستان گوتراون، پێکەوە دابنێم؛ پاشان شیعرەکانی سەردەمی کۆمار؛ ئینجا شیعری نێوان هەرەسی ساڵی ١٣٢٥ ی کۆمار تا کۆدیتای ٢٨ ی گەلاوێژی ١٣٣٢؛ شیعری ساڵانی ١٣٣٣ تا شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ ی گەلانی ئێران؛ و لە ئەنجامدا شیعری دوای ١٣٥٧ تا کۆچی دوایی شاعیر، بکەم بە پێنج بەشی جیاوەزاوە و هەڵسەنگاندنێک لەسەر بارودۆخی فیکریی شاعیر لە هەرکام لەو پێنج قۆناغەدا ئاراستە بکەم.

هەر لەو پەیوەندییەدا دەبێ ئەو شیعرانەی وا لە زەنبیل، قاقڵاوا، گەردیگلان و بۆکان و سەقزی گوتوون لێک جیا بکەمەوە و بزانم ئەو گۆڕانی شوێنە چ کارتێکەرییەکی لەسەر ژیان و شیعرەکانی بووە یان بە پێچەوانە، چ بارودۆخێکی ژیان مەجبووری کردووە شوێن بگۆڕێت.

ئەوەش غەزەلێکی دیکە لە جوملەی ئەو شیعرانەی ئاواتە کە تێیدا خۆبەکەمزانی و هەست بە گوناهباریی بەڕوونی دەردەکەوێت – ڕۆحیەتێک کە تایبەتمەندی بەرچاوی کەسایەتی ئاواتە. بەڵام ئەوەی نائاسایی بێت ئەو خاڵەیە کە چەند جار لە چەند شوێنی شیعرەکە، بەخۆیدا هەڵدەڵێت- کارێک کە کەمتر کردوویەتی و کەمتریش لە دیوانەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە: "بەم هەموو تەبعی ڕەوانە، بەو هەموو هۆنراوەیە..." و "تۆ کە گۆت بردۆتە دەر کامیل لە گوڵزاری ئەدەب" و ئەو شوێنەی وا باس لە عاقڵی و زرنگی دەکات و بە کینایە خۆی بە خاوەنیان دەزانێت. پرسیار ئەوەیە چی وای لە شاعیر کردووە هەستی ئەوتۆی تێدا سەرهەڵبدات و بە پێچەوانەی عادەت، بەخۆیدا هەڵبڵێت؟

دۆم و دوڕاجی: ناون بۆ دوو هۆزی کوردی نا نیشتەجێ.

فەردی یەکەمی شیعرەکە بێگومان ڕوانینێکی نەرێ ییە سەبارەت بەو دوو هۆزە کوردە و دیارە هەرچەشنە ڕوانینێکی ئەوتۆ و دەربڕینی ئاشکرای بۆچوونەکە، هەڵەیەکی فیکرییە و دژ بە یاسا جیهانییەکان بۆ پارێزراوبوونی کەرامەتی مرۆڤ دەوەستێت. بەداخەوە فەرهەنگی نەریتیی کورد گەلێک لەو بابەتانەی تێدایە کە شوێنیان داناوەتە سەر شاعیرەکانیشمان و وای لێکردوون دژ بە ئایینی گاور و جوو و ئێزەدی و کاکەیی یان گەلان و زمانانی جیاوازی گەلانی دراوسێ هەڵوێست بگرن، کە ئەو ڕۆحە بە تایبەت لە وەرگێڕانی شیعرەکاندا دەردەکەوێت و نەک هەر بایەخ بە شیعر و ئەدەبی کوردی نابەخشن، بەڵکوو بە داخەوە دەبنە هۆی دژایەتئ و ڕقەبەرایەتی ناپێویست لەگەڵ گەلانی دیکە یان بەشێک لە گەلەکەی خۆمان[1]. هێوادارم ئەو هەڵوێستە چەوتانە جێتر لە ناو شاعیر و هونەرمەندەکانماندا نەمێنن.

با، وەکوو کوێر و شەل و نوقسان ..: ئەوەش هەر ڕوانینێکی هەڵەیە بەو کەسانەدا کە کەمئەندامییان هەیە. دیارە شاعیر دەست نیشانی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ناو کۆمەڵگاکەمانی کردووە کە هەرچەشنە ناتەواوییەکی لەش واهەیە خاوەنەکەی لە ئیش وکار دوور بخاتەوە و کەس کاریان پێ نەسپێررێت، لە ئەنجامدا چاوەڕوان بن خەڵک خێر و خێراتیان پێ بکات. لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئەمڕۆ، حکوومەت ئەرکی خۆی لە بەرانبەر ئەو کەسانەدا بەجێ دەگەیێنێت و یارمەتییان دەدات بتوانن بچنە سەر ئیش وکارێک کە توانای بەڕێوەبردنیان هەیە و لە ئەنجامدا مەجبوور نابن دەست بۆ خێر وئیحسانی خەڵک درێژ بکەن. ناوەرۆکی فەردی یەکەم و دووهەمی غەزەلەکە ئەو مەسەلەیەیە.

شاعیر لە فەردی سێهەم و چوارەمدا ڕوو لە خودا دەکات و دەچێتەوە سەر ئەو باسەی کە دەیان جار لە شیعرەکانیدا دووپات بوۆتەوە: من گوناهبارم و چاوەڕوانی مەرحەمەتی تۆم خودایە!

بەڵام بەرگۆی قسەکانی لە فەردی پێنجەم بەدواوە تا کۆتایی، خەڵک و خوێنەری شیعرەکانیەتی نەک خودا. بەوان،  واتە بە خوێنەری شیعرەکانی دەڵێ سەیر کەن چەندە تەبعی شیعریم ڕەوانە و چەندە هۆنراوەم زۆرن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لێمگەڕێن با ناو دەرنەکەم و بە ئاوارەیی بژیم. هەروەها گلەیی دەکات و دەڵێ ئێستا لەم سەردەمەدا عاقڵی و ژیری و زرینگی لای خەڵک پەسند نییە، جا باش وایە منیش دەست لەو سیفەتانە [کە خاوەنیانم]، هەڵبگرم و وەک مەجنوون، وێڵ و پەتیارە بم.

پەتیارە: کەسی شێتۆکە و سەرسەری.

بەرموور: ملوانکەی لە مووروو دروستکراو.

شاعیر لە نێوان بەرموور و گوارە دا سەنعەتی مطابقەی دروست کردووە و دەڵێ با وەک بەرموور نەبم کە لە سەر سینگ و بەرۆک و لەبەر چاوان دەوەستێت، بەڵکوو وەک گوارە بم کە زوڵف دایدەپۆشێت و کەمتر دەبینرێت.

هەمان کار لەگەڵ برۆ و ڕیش کراوە کە یەکیان لە لای سەرووی دەم وچاو دادەنیشێت و ئەویتریان لای خوارەوە. جا دەڵێ باش وایە لەسەر چاوی ئێوە دانەنیشم بەڵکوو وەک ڕیش لە لای خوارەوەی دەم و چاوتان بم. ڕیشی بێ ئیش تەرکیبێکی جوانە و لە ڕیش و ئیش جیناسی ناتەواو دروست کراوە.

سندووقی ئەسرار واتە کەسێک کە قسە نادرکێنێت و ڕازی نهێنیی خەڵک لای خۆی دەپارێزێت. دیارە وشەی ئەسراری عەرەبی دەبێ بە /ڕ/ ی قەڵەو بنووسرێت بەڵام لەبەر ئەوەی ڕەدیفی شیعرەکە لە هەموو فەردەکانیدا "-ارە بم" ە، لێرەشدا باش وایە نەزمەکە تێک نەدرێت و بە شێوەی 'ئەسرارە' بنووسرێت. منیش بەو بۆنەیەوە ڕەچاوی چاپی جەعفەرم کرد. چاپی ئەنیسی وەک 'ئەسڕاڕە' ی تۆمار کردوە، کە بە ئەگەری زۆر لە بنەڕەتیشدا هەر وا بووە.

گۆ بردنە دەر لە مەیدان: سەرکەوتوو بوونە لە کاردا؛ شاعیر گوتوویەتی گۆبردنەدەدر لە گوڵزاری ئەدەب، واتە گوڵزاری ئەدەبی وەک مەیدان بینبیوە، کە تەرکیبێکی تازەیە.

حەقتە فەرمووی: مافی خۆتە وا بفەرمووی.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن


 

[1] بۆ نموونە، ئەو شیعرەیە وا شێخ ڕەزای تاڵەبانی سەبارەت بە کاکەییەکانی گوتووە و هەر سەرتاپای بوختان و هەڵبەستراوە.

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de