دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژمارە  ٩٦

بێ‌چارەیە 'کامیل'

 

 

  

بڕوانە چ بەدبەخت و چ بێچارەیە کامیل

چەند دەربەدەر و بێ‌کەس و ئاوارەیه کامیل

چەند دڵ‌بەغەم و مات و پەرێشان و بڵاوە
چەنده له‌کوڵ و زار و جگەرپارەیه کامیل

ئەی خالیقی من، ڕازیقی من، دافیعی دەردم!
ڕەحمێ، که کوژەی حەسرەتی ئەم‌جارەیه کامیل

سەیری جگەرم! لەت‌لەته، زووخاو دەدەڵێنێ
یەک کالبەدی کەوتوو و بێ‌کارەیه کامیل

مەیلت که لە سەر دەربەدەری و قوڕبەسەریمە
یاڕەببی چ کارێکی بەم ئیسرارەیه کامیل![1]

هەرچی که ئەتۆ مەیلته، پێم‌خۆشه خودایە
بێ‌دەنگ و سەدا و قاڕەیه، بێ‌باڕەیه "کامیل"

 

                                               قاقڵاوا، 1356ی هەتاوی


(لاپەڕە ١٠٤ ی چاپی جەعفەر و ٧٢ و ٧٣ ی چاپی ئەنیسی)

 

[1] چاپی ئەنیسی: ئەسڕاڕەیە؛ چاپی جەعفەر: ئەسرارەیە

______________________________________  

 

عینوانی شیعرەکە لە هەردوو چاپدا وەک یەکە و هەردوکیان ساڵی ١٣٥٦ و شوێنی گوندی قاقڵاوایان بۆ گوترانی شیعرەکە تێدا دەست نیشان کردووە.

ساڵی ١٣٥٦ (١٩٧٧ و ٧٨ی زایێنی) لووتکەی دەسەڵاتی پەهلەوی دووهەم و جەنگەی زوڵم و زۆری ساواک بوو. بەڵام هەر لە نیوەی دووهەمی ئەو ساڵەشدا یەکەم درز کەوتە دیواری کاخی سەڵتەنەتی شا و لە درێژەیدا بە خەباتی کۆمەڵانی خەڵک حوکمی ٥٠ ساڵەی پەهلەوییەکان و ئەوەی دەگوترێ ٢٥٠٠ ساڵەی پادشاهی لە ئێران هەڵوەشایەوە و بنەبڕ بوو.

بە بۆچوونی من شیعرەکە دەبێ لە سەرەتاکانی ئەو ساڵەدا گوترابێت لەبەر ئەوەی مۆرکی وەڕەزی و بێ تاقەتی و ماتی و خەمباری بەسەر بەش بەشی شیعرەکەوە دیارە. ئاوات مرۆڤێکی سیاسی بوو و ئەو بێزاری و بێ تاقەتییە لەو ساڵە ڕەشانەدا بۆ هەستیارێکی وەک ئەو ئاسایی بوو. لەو کاتانەدا، ئەویش وەک بەشێک لە هەڵسووڕاوانی سیاسیی ئێران چووبووە جڵدی خۆیەوە و ئەگەر لە 'سەیری آفاق' دا ترووسکەی هیوایەکی بەدی نەدەکرد گەڕابووەوە سەر 'سەیری انفس' و پەنای بۆ دەروونی خۆی بردبووەوە، دەروونێک کە لێواولێوی ئیمانی مەزهەبی و عیرفان و شێخایەتی بوو.

لەو گەڕانەوەیەدا، ئاوات وەک کەسێکی بێ پەنا، داڵدە لە "خالیقی من، ڕازیقی من و دافیعی دەردی من" دەخوازێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێیدا بێت و ڕێگاچارەیەک بۆ "جگەری لەت لەتی زووخاودەڵێن" ی بدۆزێتەوە.

لەو دۆعا و پاڕانەوەیەدا یەک شت بە ڕوونی دەردەکەوێت: سەیدکامیل سۆفییەکی وێشکی لەخوا ترس نییە کە هەیبەت و جەبەڕووتی خودا دڵی بخاتە لەرزین و شەمزین؛ بەڵکووعارفێکی خواخۆشەویستە کە ئەگەر نزیک بە 'وحدت وجودی' یش نەبێت، لای کەم ئیشراقییە و پەیوەندی لەگەڵ خودا خۆمانە و سەمیمییە. هەربۆیەش دەوێرێت بە خودا بڵێت: باشە ئەو هەموو پێداگرتن و ئیسرارە چییە دەیکەی؟ ئەگەر نیازت قوڕبەسەریی منە، الحکم للە، من پێی ڕازم، بێدەنگ و سەدا دانیشتووم و هەرچی مەیلی تۆیە بەڕێوەی دەبەم، ئیتر چیت لێم دەوێت!

خاڵی گرنگ لە شیکردنەوەی شیعرەکەدا فەردی پێنجەمیەتی. بە بۆچوونی من هەردوو چاپەکە لە نووسینی وشەیەکی ئەم فەردەدا تووشی هەڵە هاتوون. شاعیر زۆر خۆمانە و کوردانە لە خودا دەپرسێت ئەگەر مەیلت لە سەر دەربەدەری و قوڕبەسەریی منە، پێویستی بەم ئیسرار و پێداگرتنە نییە، بۆم ورد بکەوە و ڕاست و ڕەوان پێم بڵێ چیت لێم دەوێت؟ خۆ خۆیشت دەزانی کامیل کەسێکی بێ دەنگ و سەدا و قڕە و هەرایە، ئیتر ئەو پێداگرتن و لەسەر ڕۆیشتنەی بۆچییە!

کەوابوو ئەنیسی بە هەڵەدا چووە کاتێ وشەکەی بە 'ئەسڕاڕ' نووسیوە. ئەسڕاڕ لەو شوێنەدا واتایەکی مەعقوولی نییە. جەعفەر ویدەچێت ویستبێتی کارەکە بە بارێکی دیکەدا بخات و 'ئەسرار' ی نووسیوە کە ڕوون نییە نیازی هەمان ئەسڕاڕە یان ئیسرار ('إصرار' ی عەرەبی). بە بۆچوونی من ئەو بەشوێن ئیسراردا چووە بەڵام لەجیاتی بابی 'ئیفعال' بە 'ئەفعال'ی نووسیوە کە هەڵەیەکی ڕێنووسییە لە 'صرف' کردنی وشە عەرەبییەکەدا. هەرچۆنێک بێت، من بە ئیسرارم نووسیوە بە واتای پێداگرتن و لەسەر ڕۆیشتنی شتێک.

جگە لەو شێر وڕێوییەی سەرەوە، 'ئەسڕاڕ' لە ڕوانگەیەکی دیکەشەوە هەڵەیە: سەیرێکی سەروا و ڕەدیفی شیعرەکان بکەین. ڕەدیف لە هەموویاندا بریتییە لە '...یە کامیل'. سەرواش، کە بە عادەت دەبێ لەپێش ڕەدیفدا بێت لە پێنج فەردی ئەو غەزەلە شەش فەردییەدا بریتییە لە ئاوارە، جگەرپارە، ئەمجارە، بێکارە و بێ بارە؛ کەوابوو ئەگەر بێین و فەردی پاشماوە واتە فەردی شەشەم بە ئەسڕاڕە بنووسین نۆڕمەکەمان تێک داوە و لەجیاتی پیتی /ر/ ی ئاسایی، پیتی /ڕ/ ی قەڵەومان تێکەڵاو کردووە کە کارێکی بەجێ نییە و ناحەز دەنوێنێت. ئەوەش سەلماندنێکی بەدیعی بۆ بابەتەکە.

بڵاو: فیکر پەرێشان، سیفەتێکە شاعیر بەخۆی داوە.

خالیق و ڕازیق و دافیع سێ سیفەتن شاعیر بۆ خودای هێناونەتەوە. ئاوات لێرە و لە زۆر شوێنی دیکەشدا سڵی لەوە نەکردۆتەوە لەوەی وشە و عیبارەتی عەرەبی یان فارسی بخاتە ناو شیعرەکانیەوە. ئەوە نموونەیەکیەتی.

کالبەد: لەشی بێ گیان

قاڕە: قڕە، دەنگ (زیاتر دەنگی باڵندەی وەک قەلە ڕەشە).

بارە: بە بۆچوونی من، بەکوردیکراوی 'بەهرە' ی فارسییە بەواتای سوود.                                     بێ بارە: بێ کەڵک.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

هزج مثمن مکفوف محذوف: مفعول مفاعیل مفاعیل فعولن

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de