دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژمارە ٨٧

ئاڵای پیرۆز

 

 

لە هەموو کوردی وڵات بێ پیرۆز!

خاسە بۆ وانە لەگەڵ مەن دڵسۆز

بۆ ئەوانەی کە بە پێشواز هاتن

فیرقەیی پیادە و چەند پیاوی قۆز

هەر بژین میللەتی کوردی بە ئەبەد

هەر بەشان هەڵگرن ئاڵای پیرۆز

          دوژمنی کوردی هەڵات، بۆی دەرچوو

          ڕێوییە و کلکی ئەوا گرتە گەڵۆز!

                                 (گەردیگلان، ١٣٣٤ ی هەتاوی)

 لاپەڕە ٩٣ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەمدۆزییەوە.

______________________________________  

 

بەهۆی ئەو ڕاستییەوە کە چاپی ئەنیسی لە ساڵانێکی ڕەشتر لە ئێستای مێژووی ئێراندا بڵاو بۆتەوە، نەکراوە ئەو شیعرانەی تێدا چاپ بکرێن کە بە ڕاشکاوی ئاماژە بە کۆماری کوردستان دەکەن، ئەوەش یەکیانە.

لە پەراوێزی چاپی جەعفەردا هاتووە:

"کاتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شاری بۆکان، مام هەژار ئەم شیعرانەی "ئاوات" ی خوێندۆتەوە."

ئەو ڕوونکردنەوەیە، 'شأن نزول' ی شیعرەکە دەست نیشان دەکات. واتە ئاوات ئەو شیعرەی لە پێشوازیکردنی ئاڵای کوردستاندا گوتووە کاتێ لە مەهابادەوە هێنرایە بۆکان. ڕۆژنامەی کوردستان چاپی مەهاباد لە ژمارەی یەکەمی خۆیدا تەفسیلاتی ئەو هاتنەی ئاڵا و هەڵکرانی لەسەر قەڵای بۆکانی تۆمار کردووە. "ئاڵای موقەددەسی کوردستان" لە ڕۆژی ٥/١٠/١٣٢٤ [٢٦/١٢/١٩٤٥] لە مەهابادەوە بە میاندواو و تەغیاباد و قەرەموسالی و عەلیاباددا، گەیشتۆتە بۆکان و ڕۆژێک دواتر لە سەر سەکۆی قەڵای شار هەڵکراوە.

شیعرەکە قەتعەیەکی چوار فەردیی کورت بەڵام بەناوەرۆکە. شاعیر بە بۆنەی هاتنی ئاڵاوە، پیرۆزبایی لەهەموو کوردی وڵات بەتایبەت دڵسۆزانی 'مە' واتە لایەنگرانی کۆماری کوردستان و ئەو سوارە و پیادانە دەکات کە چوونەتە پێشوازیی ئاڵا؛ ئینجا دروشمێک بەرزدەکاتەوە: بژی میللەتی کورد و هەتا کۆتایی دنیا ئاڵای کۆمار لەسەر شانیان بێت! لە کۆتاییشدا دەڵێ 'دوژمنی کوردی' هەڵات و بۆی دەرچوو، ئینجا دوژمن بە ڕێوییەک دەشوبهێنێت کە کلکی خۆی شۆڕ کردۆتەوە و بە هۆی سەرنەکەوتوویی و تێک شکانەوە خستۆویەتە ناو گەڵۆزییەوە[1] و ڕۆیشتووە.

با بزانین ئەو دوژمنە کێیە؟ دیارە دەبێ نەیار و دوژمنانی کۆمار و حکوومەتی کوردی بووبێتن کە بریتی بوون لە هەندێک ئاغا و سەرەک هۆزی ناوچەکە و مەئموورانی ڕەسمیی حکوومەت لە شارەکانی کوردستان. دیارە نەیاران هەموویان نەڕۆیشتن و هەندێکیان مانەوە و ڕەنگیان گۆڕی واتە بە ڕواڵەت لەگەڵ کۆمار کەوتن و هەندێک پلە و پایە و مەنسەبیشیان وەرگرت، بەڵام لە ژێرەوە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ئێرانییەکان پاراست و هەواڵبەری و جاسووسیشیان بۆ کردن، هەر ئەوەندەش کە هێزی سوپایی ئێران گەڕایەوە ناوچەکە، بوون بە کەواسووری بەر لەشکر، پێشمەرگە و فیدائیانی ئازەربایجانییان چەک کرد و خۆیان ئامادە کرد بچنە ناو مەهاباد و تاڵان و بڕۆی خەڵک و لایەنگرانی کۆمار بکەن، کە بە سیاسەتی وشیارانە و لەخۆبووردوویی پێشەوا چاوی ڕەشیان کاڵ بووەوە و نەیانتوانی پێش هاتنەوەی ئەرتەش خۆ بگەیێننە ناو مەهاباد.

شیعرەکە لە گوندی گەردیگلان گوتراوە و نیشان دەدات کە ئاوات لە ڕۆژی هاتنی ئاڵا بۆ بۆکان، لەوێ نەبووە. هەواڵی ڕۆژنامەی کوردستانیش لەمەڕ هاتن و هەڵکرانی ئاڵا لە بۆکان، ئاماژەیەکی بە ناوی ئەو تێدا نییە بەڵام درەنگتر لە دوو پارچە شیعردا پێشوازی و ڕێزی خۆی بەرانبەر بە ئاڵای کوردستان دەردەبڕێت ئەویش کاتێکە کە ئاڵا دوای بۆکان دەبرێتە گەردیگلانی مڵکی خۆی، کە ئەودەم نایب سەرۆکی کومیتەی حزبی دیموکرات بووە هەر لەو گوندە (بڕوانە بەشی ٣٨ و ٧٩ ی ئەم زنجیرە وتارە).

شیعرەکە وشە یان تەعبیرێکی نامۆی تێدا نییە کە ڕوون بکرێتەوە.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە

رمل مسدس محخبون: فعلاتن فعلاتن فعلن


 

[1] . پەندێکی کۆنی کوردییە.

 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de