دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژماره‌ ٦٨

گەسکە کۆڵە

 

هەرچەندە ڕزیو و گەسکەکۆڵەم،

ئامادەیی دەست و مست و تۆڵەم!

بۆو جووتە شەهیدە نۆجوانە،

بۆوجووتە نەمامی نیشتمانە،

شەرتە بەدڵ و بەڕۆح بکۆشم

باش کۆکەمەوە حەواس وهۆشم

تا تۆڵە لە دوژمنوو نەسێنم،

جەرگ و دڵی پیسی دەرنەهێنم،

نابێ بە ژیانی خۆم نەشەم بێ![1]

یانە بە گوڵی بەهار گەشەم بێ!

ئەو ژینە چ ژینە دەست بەسراو،

خەمبار و ئەسیر و ڕۆڵە کووژراو؟

ئەو خوێنی کە وا ڕژا لە بۆکان،[2]

ماوە لەخەیاڵ و بیری هەمووان

دەسگایەکە خوێنی ئێمە دەمژێ[3]

ناپیاوێکە خوێن دەڕێژێ، دەکوژێ

خۆی شاردەوە وەک جنۆکە لێمان

تا بگرێ دووبارە ڕێگە پێمان[4]

ئەمجارە دڵی گەلە بریندار

دەگرن هەموو ڕێگە لەو بە یەکجار

هەروەک سەگی دز لە کون خزاوە

هەر بێتە دەر ئەو سەگە گڵاوە،

دەکرێ شەق وپەق لە سەر خیابان

دەستێننەوە لێی جەزایی تاوان

بۆچی بەشی ئێمە لەو جیهانە،

لەو پان و بەرینە، هەر دوانە: [5]

یا ڕشتنی خوێنمان لە مەیدان،

یا بردنمان بە چاڵی زیندان!

          شیققی سێ، ئەگەر لە ئێمە قاتە،

          بۆ مە، سێ، خەباتە ڕێی نەجاتە

                                 (قاقڵاوا، ١٣٥٦ ی هەتاوی [؟])

 لاپەڕە ٣١٨ و ٣١٩ ی چاپی جەعفەر و ١٩٠ ی چاپی ئەنیسی


 

[1] . نابێ لە ژیانی خۆم نەشەم بێ، چاپی ئەنیسی

[2] . ئەوە خوێنە کە وا ڕژا لە بۆکان، چاپی جەعفەر

[3] . دەسگایێکە، چاپی ئەنیسی و جەعفەر

[4] . ڕێگە لێمان، چاپی ئەنیسی

[5] . هەر دووانە، چاپی جەعفەر

 

______________________________________  

عینوانی شیعرەکە لە میسراعی یەکەمی فەردی یەکەمی شیعرەکە وەرگیراوە بەڵام عیوانێکی بەڕێ وجێ بۆ ناوەرۆکی شیعرێک نییە کە باس لە ڕاپەڕین و خەباتی دژی ڕژێمی شای ئێران دەکات و یادی دوو شەهید بەرز دەنرخێنێت. هەرکەس ئەو عینوانەی دانابێت لە بابەتەکە ورد نەبۆتەوە و هەستم ئەوەیە شاعیر خۆی ئەو کارەی نەکردبێت. لام وایە عینوان دۆزینەوە بۆ ئەم شیعرە دەبوایە زیاتر لە پەیوەندی خەبات لەگەڵ ڕژێمی شا و ئیعدامی ئازادیخوازان و دوو شەهیدی شاری بۆکاندا بێت وەک: جووتە شەهید، جووتە نەمامی نیشتمان و ....هتد.

کێشەیەکی گەورەی ئێمە لەگەڵ شیعرەکەدا ئەوەیە کەی و بۆ چ ڕووداوێک گوتراوە. ساڵی گوترانی شیعرەکە لە دیوانی چاپی ئەنیسیدا دیاری نەکراوە، بەڵام چاپی جەعفەر ساڵی ١٣٥٦ ی بۆداناوە کە دەکاتە ساڵی ١٩٧٧ و ٧٨ ی زایێنی و وەک دەبینرێت منیش هەمان ئەو ساڵەم لە سەرەوە ڕاگواستووە بەڵام نیشانەیەکی پرسیاریشم وەک گومان لێکردنێک لەلای داناوە، کارێک کە تائێستا نەمکردبوو و ڕێکەتەکانی ناو هەردوو چاپەکەم بە هەند وەرگرتبوو بێ ئەوەی گومانیان لێ بکەم.

هۆکاری گومان کردنی ئێستام لەو دوو دێڕە پەراوێزەدایە کە کاک جەعفەر بۆ شیعرەکەی نووسیوە و لە ڕوونکردنەوەی میسراعی "بۆو جووتە شەهیدە نۆجوانە" دا، گوتوویەتی: "مەبەست کەماڵ حەمیدی و محەممەد بەهرامی دوو قوتابیی شاری بۆکانن کە نزیک بە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە خۆپیشاندانەکانی بۆکاندا کووژران."  

ڕوونکردنەوەی ناو پەراوێزەکە، مەسەلەی تەواو ئاڵۆز کردووە. ئەوەی ڕاست بێت، خۆپیشاندانی جێی ئاماژەی کاک جەعفەر لە ڕۆژی ٧ یان ٨ ی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٥٧ ی هەتاوی لە بۆکان ڕوویداوە کە تێیدا دوو قوتابیی دەبیرستانی بۆکان بە ناوی کەماڵ حەمیدی و محەممەد بەهرامی شەهیدبوون و ئەوە یەک لە سەرەتاکانی تێوەتلانی شارە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینانەی وا ماوەی چەند مانگێک بوو شارەکانی عەجەمستانی گرتبووەوە. ئەوەش لای کەم دەبێتە چوار مانگ دوای ئەو ساڵی ١٣٣٦ ەی وا کاک جەعفەر بۆ ساڵی گوترانی شیعرەکەی دەست نیشان کردووە! باشە چۆن ئاوات لە شیعری ساڵی ١٣٣٦ ی خۆیدا باس لە ڕووداوێک دەکات کە هێشتا ڕووی نەداوە و چەند مانگ دواتر ڕوودەدات؟ ئەوە کاری نەکردەیە و دەبێ کەسێک لە شوێنێک هەڵەیەکی کردبیت دەنا ئەو دوانە یەک ناگرنەوە.  

واهەیە باشترین شێوە بۆ کردنەوەی ئەو گرێ کوێرەش یارمەتی خواستن بێت لە شیعرەکە خۆی و بەرانبەردانانی لەگەڵ ڕووداوە سیاسییە هاوچەرخەکانی ناوچەی بۆکان  وموکریان:

ئاوات لە شیعرەکەیدا دڵ بۆ "جووتە شەهیدی نۆجوان و جووتە نەمامی نیشتمان" دەسووتێنێت کە خوێنیان لە بۆکان ڕژاوە و بەڵێن دەدات کە بەدڵ و بەڕۆح بکۆشێ تا تۆڵەی ئەوان لە دوژمنیان بستێنێ، جەرگ و دڵی پیسی ئەو دوژمنە دەربهێنێ کە قاتڵی ئەوان بووە و....

١.  سەرەتا دەبێ بزانین دەقی شیعرەکە باس لەچی دەکات و دوژمن کێیە؟

"دەسگایەکە خوێنی ئێمە [ی کورد] دەمژێ و ناپیاوێکە خوێن دەڕێژێ و دەکوژێ، دەبێ ڕژیمی شایەتی بێت لە ئێران. سەرۆک و بەرپرسی ئەو دەزگایەش، کە دەبێ محەممەدڕەزاشای پەهلەوی بێت، وەک جنۆکە خۆی لە گەل شاردۆتەوە و وەک سەگی دز لە کون خزاوە کە هەر ئەوەندەی بێتەدەر، [بە هێزی گەل] شەق وپەق دەکرێت و جەزای تاوانەکانی لێ دەستێنرێتەوە.

٢.  ڕووداوەکانی بۆکان: لە بۆکانی سەردەمی پەهلەویدا، دوو ڕووداوی دڵتەزێن ڕوویانداوە کە لە هەرکامەیندا دووکەس کووژراون:

-  یەکەمیان دوای شکستی ڕاپەڕینی چەکدارانەی ڕێبەرایەتی شۆشگێڕی حزبی دیموکراتی کوردستان (ساڵانی ١٣٤٥ تا ٤٧)، دوو برای خەڵکی ناوچەی سەقز کە ژاندرمە گرتبوویانن، هێنرانە بۆکان و لە هاوینی ساڵی ١٣٤٧ (١٩٦٨ز) دا لە گردی کێلەشین و بەردەم بنکەی ژاندارمری ئیعدامیان کردن؛ ئەو جووتە برا پێشمەرگەیەی شۆڕش، "کوڕانی شوانە" یان پێدەگوتن و ناویان عوسمان و عومەر[؟] بوو.[1]

- دووهەمیان، ئەو خۆپیشاندانەی دژی ڕژیمی شا،  کە لە ساڵی ١٣٥٧ دا ڕوویدا و تێیدا دووکەس کەوتنە بەر گولـلەی پۆلیسی شەهرەبانی بۆکان و شەهید بوون: کەماڵ حەمیدی و محەممەد بەهرامی.[2]

شیعرەکەی ئاوات بۆ هەرکام لەو دوو ڕووداوە گوترابێت، ئەو ڕێکەوتی ساڵی ١٣٣٦ ەی چاپی کاک جەعفەر لەگەڵیدا ڕێک نایەتەوە و هەربۆیەش نابێ ڕاست بێت.

ئێستا با بە یارمەتی شیعرەکە خۆی، هەوڵ بدەین بزانین بۆ کامیەک لەو دوو ڕووداوە گوتراوە:

"ڕشتنی خوێنمان لە مەیدان و بردنمان بۆ چاڵی زیندان" هەردوک رووداوەکە دەگرنەوە و یارمەتییەکی زۆری ئێمە نادەن؛ "دەسگایەکە خوێنی ئێمە دەمژێ"ش لە هەردوو ڕووداوەکەدا هەر یەک دەسگا بووە و ئەویش حکوومەتی پەهلەوی دووهەم. بەڵام "خۆی شاردەوە وەک جنۆکە لێمان" و "هەروەک سەگی دز لە کون خزاوە"، سەردەمی ڕاپەڕینەکەی باڵی شۆڕشگێری حزب واتە ساڵانی ١٣٤٧ و ٤٨ ناگرێتەوە؛ لەوێدا شا خۆی نەشاردبووەوە و لە کون نەخزابوو لەکاتێکدا ڕاپەڕینی ساڵانی ١٣٥٦ و ٥٧ ی گەلانی ئێران گەیشتە ئەنجامی ئەوەی شا، ماوەیەک لە کاخەکەی خۆیدا مایەوە و زۆر لێرە ولەوێ دەرنەکەوت و لە ئەنجامیشیدا لە ئێران چووە دەرەوە و تا کۆتایی تەمەنی لە پاناما و میسر ئاوارە بوو.

بەم حیسابە، شیعرەکە دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ڕووداوی دووهەم واتە کووژرانی کەماڵ حەمیدی و محەممەد بەهرامی لە سەرەتای هاوینی ساڵی ١٣٥٧، کە لەو سەردەمەدا شاعیر تەمەنی ٧١ ساڵان بووە و توانیویەتی بەخۆی بڵێت "ڕزیو و گەسکەکۆڵە"! ئەو تایبەتمەندییانە لە ساڵی ڕووداوی یەکەمدا زۆر ڕاست دەرنایەن کە دە ساڵێک گەنجتر بووە. وەک پێشتر گوتم، بە داخەوە ڕێکەوتی ساڵی ١٣٥٦ لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا یەک ناگرێتەوە و هیوادارم کاک جەعفەر لە چاپەکانی دوایی دیوانەکەدا چارەسەری بکات.

لەگەڵ پەسندکردنی ئەگەری دووهەمدا، هێشتا ناکرێت ئەگەری یەکەم (واتە ڕووداوی ئیعدامی کوڕانی شوانە لە ساڵی ١٣٤٧) بەتەواوەتی بدرێتە دواوە، بەتایبەت کاتێ کە شاعیر دەڵێ "ماوە لە خەیاڵ و بیری هەموان" دەڵێی ئاماژە بە ڕووداوێکی کۆن و لەمێژین دەکات نەک تازە و نوێ وەک ئەوەی ساڵی ١٣٥٧.

ڕوونکردنەوەی هەندێک دەستە وشەی ناو شیعرەکە:

گەسکە کۆڵە، گەسکێکی زۆر کارکردووەی کەڵک نەماو کە زیاتر بۆ ماڵینی خاک و خۆڵی دەرگاوبان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

بۆو، بۆ ئەو

نۆجوان، نەوجوان، تازە پێگەیشتوو

ناپیاو، نامرۆڤ

شەق و پەق، لەت وپەت

سێ فەردی کۆتایی شیعرەکە لە پەیوەندی یەکتردان و تێیدا دەڵێ دوژمن تاقە دوو هەڵبژاردنی لەبەردەم کورد داناوە، یان خوێنیان بڕێژێت، یان بیانخاتە زیندانەوە. بەڵام ئێمە بەو دوو 'شیق' واتە دوو حاڵەتە ڕازی نین و هەڵبژاردنێکی دیکەشمان هەیە کە ئەویش خەباتە لە ڕێی نەجات و ڕزگاریدا. بەم پێیە، دەبێ میسراعی کۆتایی فەردی مەقتەع بەم شێوەیە بخوێنرێتەوە:

"بۆ مە، سێ، خەباتە ڕێی نەجاتە"، واتە بۆئێمە شیققی سێهەم خەبات کردنە کە دەمانخاتە سەر ڕێی ڕزگاری.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە

هزج مسدس اخرب مقبوض محذوف: مفعول مفاعلن فعولن


 

[1] . سپاسی ئەو دوو برادەرە خۆشەویستەم دەکەم کە ڕێکەوتی هەردوو ڕووداوەکەی ساڵی ١٣٤٧ و ١٣٥٧یان پێ ڕاگەیاندم. من خۆم ساڵ و مانگەکانیم لەبیر نەمابوو.

[2] ئیعدامی نەمر عەلی بەگی یەکشەوە لە سەر حەوزەگەورەی بۆکان لە  ساڵی ١٣٢٥ ی دوای هەرەسی کۆماری کوردستان پێشتر ڕوویدابوو کە  دیارە ناتوانێ جێگەی باسی ئەم شیعرە بێت.