دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

پارچە شیعری ژماره‌ ٦٦

ئینقلابی ئێران

 

 

ئینقلابێ کە لە ئێران ڕووی دا

عالەمێک کەوتنە نێو چاڵی فەنا

ئاڵ وگۆڕێک لە وڵاتی ئێمە

هاتە دی، دەردی گرانە، پێمە

بۆت بەیان کەم بەتەواوی چۆن بوو:

پیاوەتی و خۆشی و چاکی کۆن بوو

دوودڵی و لێک لەکوڵی و ئاڵۆزی

بێ شتی و قاتی یی نان و ڕۆزی

کەژ وکۆ پڕ لە تەمی دەرد و خەمە

پڕ لە تاڵیی دەسی خاوەن ستەمە

دەرودەشت چۆڵ لە کوڕ وکاڵ ماوە

شیو ودۆڵ تەرمە نەماوی لاوە[1]

چاڵ وچؤڵ تەرمی جوانی لێیە

دەنگی ئەشکەوتێ هەواڵی پێیە

پێودەڵێ ڕۆیی زەمانی خۆشی

مافی خۆمانە خەم و ڕەشپۆشی

تازیەدارانی جوانانی گەلین

پاکمان مات و پەرۆش و کەسەلین

ئاسمانیش بە ڕواڵەت شینە،

شین دەکا، ئێستە هەور پڕچینە

قینی هەستاوە لە ئاکاری مرۆ

بانگ دەکاتە گەلی چەوساوە: بڕۆ!

          یارمەتی هەر لە خودا دەخوازین

          هەرچی مەیلی ئەوە، تێکڕا ڕازین

                                 (ڕێکەوت و شوێنی گوترانی شیعرەکە ڕانەگەیێنراوە)

 لاپەڕە ٣٣٨ و ٣٣٩ی چاپی جەعفەر. لە چاپی ئەنیسیدا نابینرێت


 

[1] . تۆ بڵێی "تەرمە نەمامی لاوە" نەبێت؟

 

عینوانی شیعرەکە لە فەردی یەکەمی وەرگیراوە.

مەسنەوییە و یەک لە شیعرە سیاسییەکانی ئاواتە.

نەبوونی شیعرەکە لە دیوانی چاپی ئەنیسیدا زۆر جێگەی پرسیار نییە. چاپ کردنی شیعرێک بەو ناوەرۆکە، لە ساڵی ١٣٦٥ واتە ٧-٨ ساڵ دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ (١٩٧٩) ی ئێران و دەسەڵات سەندنی مەلاکان، نەگونجاو بوو. تەنانەت ئێستاش هەر نەگونجاوە، مەگەر بۆچوون ئەوە بێت کە نیازی شاعیر لە 'ئینقلابی ئێران'، گۆڕانکارییە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکانی ساڵی ١٣٤٢ (١٩٦٣) ی ئێرانی سەردەمی محەممەد ڕەزاشای پەهلەوی ناسراو بە 'ئینقلابی سپی' بووە، کە من وای بۆ ناچم و تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیام شاعیر ڕووی قسەی لە شۆڕشی گەلانی ئێرانە لە ساڵی ١٣٥٧ (١٩٧٩ز)دا.

دیارە واهەیە گرنگترین خاڵی سەبارەت بەشیعرەکەش، هەر ئەوە بێت کە شاعیر شیعرەکەی لە چ سەردەمێک و سەبارەت بە چ 'ئینقلاب' واتە شۆڕشێک گوتووە: شۆڕشی ئەم دواییەی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ ی هەتاوی (١٩٧٩ ز)، یان ئەو ڕیفۆرمانەی وا محەممەد ڕەزاشای پەهلەوی لە ساڵی ١٣٤٢ (١٩٦٣) دا هێنایە گۆڕێ و خۆی و لایەنگرانی بە ناوی 'ئینقلابی سپی' ناویان دەبرد؟

من نامەوێ زیاتر بچمە سۆراغی سەلماندنی یەک لەو دووە. هەر ئەوەی لە ناوخۆی ئێراندا مۆڵەتی چاپ و بڵاو بوونەوە بە شیعرەکە دراوە، دەریدەخات کە وا تێگەیێنراون گوایە ڕووی قسەی شاعیر لە ئینقلابی سپی بێت و منیش لەبەر هۆکارێکی ئاشکرا نامەوێت لەوە زیاتر بەرپەرچی بۆچوونەکە بدەمەوە. خوێنەر دەستی ئاواڵەیە بەراوردی ناوەرۆکی شیعرەکە و هەواڵی سەبارەت بە چاڵی فەنا و تەرمی لاوان و ڕەشپۆشی و تازیەتداریی جوانان لەگەڵ بارودۆخی ساڵانی ٤٢ و ٥٧ بکات و تێبگات شاعیر لە ڕاستیدا ڕووی قسەی لە کامیانە.

واتای هەندێک لە وشەکان:

ئینقلاب، لە فەرهەنگی ئێران و تاڕادەیەکیش لە فەرهەنگی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، شۆڕش واتە ڕێڤولوشنە، گەرچی لە باشوور واتای ڕیفۆڕمی لێ وەردەگیرێت. هەرچۆنێک بێت، لێرەدا شۆڕشە.

پێمە، پێم وایە، لەگەڵمە. لێرەدا دووهەمیانە؛

پیاوەتیئ و خۆشی و شادی کۆن بوو، واتە نەما، بوو بە مێژوو؛

لێک لەکوڵی، تەرکیبێکی دەسکردی جوانە بەواتای ئەوەی خەڵکەکە لەیەکتر ناڕازی، دڵ پڕ و لە کوڵ وجۆش و  بن؛

تەمی دەرد و خەم، شاعیر خەم و دەردی وەک تەم بینیوە کە کەژ وکۆساری وڵاتی داگرتووە؛

کوڕ وکاڵ، لاوان

تەرمە نەماوی لاو، دەبێ بە واتای تەرمی بێ نازی لە دەشت و کۆ کەوتووی لاوان بێت. گەرچی ئەگەری هەڵەی چاپیش ناتوانم دوور بزانم و بڵێم واهەیە لە بنەڕەتدا "تەرمە نەمامی لاو" بووبێت. کە شاعیر تەرمی لاوانی بە نەمام شوبهاندووە. دەنا دیارە تەرم تەرمە و خاوەنەکەی چیتر نەماوە و لەژیاندا نییە.

دەنگی ئەشکەوت، ئێکۆ، یان دەنگدانەوەی ناو ئەشکەوتی چۆڵە. ئەو هەواڵەی وا ئەشکەوت بڵاوی دەکاتەوە ، دەبێ چی بێت ئەگەر هەواڵی ناخۆشی سەبارەت بە مەرگی جوانان نەبێت؟ فەردی دواییش درێژەی هەر ئەو تەعبیرەیە و شاعیر لە زمان دەنگی ئەشکەوتەکەوە پێمان دەڵێت کە سەردەمی خۆشی تێپەڕ بووە و ئێستا بە حەق دەبێ ڕەشپۆش بین چونکوو ئازیەتباری لاوانی گەلەکەمانین و هەر بۆیەش مات و پەرۆش و کەسەلین؛

کەسەل، عەرەبییە و دەبێ داهێزراو و بێ تاقەت بێت.

ئاسمانیش بە ڕواڵەت شینە، واتە ئاسمان هەر بە ڕواڵەت ڕەنگی شینی هەیە، دەنا خەریکی شین و گابۆڕە و دەبێ بە هەوری ڕەشی چەند توێ (وەک نیشانەی ئازیەتباریی) داپۆشرابێت. ئەو ئاسمانە لە کار و کردەوەی مرۆڤ تووڕەیە و بە گەلی چەوساوە، کە ئێمە [ی کوردین]، دەڵێ بڕۆن[بۆ پێشەوە بۆ خەبات]؛ 

یارمەتی هەر لە خودا دەخوازین، شاعیر لەم فەردەی دواییدا سیاسەت و هێزی خەڵک بەجێ دەهێڵێت، با دەداتەوە سەر باوەڕە ئایینییەکەی خۆی و بەوپەڕی بێ هیواییەوە دەڵێ یارمەتی هەر لە خودا دەخوازین و بە بەشی ئەو ڕازین، بەوەش کۆتایی بە شیعرەکە دەهێنێت.  

بە پێچەوانەی زوربەی زۆری شیعرەکانیتر، شاعیر لێرەدا ناوی خۆی (ئاوات، ئیمامی، کاکی ئیمامی، کامیل) ناخاتە فەردی مەقتەعەوە. هۆکار دەتوانێت یەک لەم دوانە بێت:

یەکەم، شیعرەکەی هەر دوای گوتن، لە سەردەمی ژیانی خۆیدا بڵاو کردۆتەوە و نەیویستووە دوژمن واتە ڕژیمی ئێران (جا، شایەتی بێت یان مەلایەتی)، شاعیرەکەی بناسن؛

دووهەم، شیعرەکە فەردێکی دیکەشی لە کۆتاییدا هەبووە و بڵاوکەرەوەی دیوانەکە لەبەرهۆکاری ئەمنییەتی وەلای ناوە.

من زیاتر لەگەڵ ئەگەری یەکەمدام، بەڵام ناشتوانم بیسەلمێنم.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە

رمل مسدس مخبون محذوف: فعلاتن فعلاتن فعلن