دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 

 

             شیعری ژمارە ٢٥٩

بەفری بەران

 

 

سەیری چەندە سەخت و ناخۆشە بیساتی پایزی 

سەگ لە سەرمانا تەزی، شێریش لەحاند سەرما بەزی!

 

تەم لەگەڵ بەفری بەرانا وا سەری کوێستانی گرت
سەر بەرەوژێر، کەم‌کەمه دێوی سپی بۆمان خزی

هات گوڕەی پیاوی لەمێژینه و دڕا جلکی هەژار
کار و مەڕ هەر کاڕەیانه، بزنه‌ڕووتەش هەڵبەزی

پیر و لاو، شێخ و مەلا، هەر حەز له تەندوورێ دەکەن
ملهوڕیش دەڕوا به ئەستۆی کز، به کووڕی و مل‌کزی

جاروباریش خۆزگه خۆ دەرخا له نێو هەور و هەڵا
زۆر به ترس و لەرزەوه، زەرد و به چاوشارکێ و دزی[1]

         هات نەسیمێکی شەماڵ و تا وڵات ڕەش کاتەوە
         داوەشێ! بێ واده هات و وا ئەویش گیانی تەزی!

قاقڵاوا، ١٣٥٠ ی هەتاوی
 

 (لاپەڕە ٦١ ی چاپی ئەنیسی و ٢٤١ ی چاپی جەعفەر)

 

________________________________________

عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا "پاییز"ە.

غەزەلێکی جوان و پڕلە ئیماژی شاعیرانەیە، کارتێکەریی شیعرە ناسراوەکەی نەمر سەیفولقوزاتی قازی بە سەرەوە دیارە کە بە شێوەیەکی هونەرمەندانە باسی زستان و سەهۆڵبەندانی ساڵی ١٣١٢ ی هەتاوی لە ناوچەی موکریان و شوێنەواری خراپی لە سەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردانی ناوچەی موکریان بە تایبەت دەوروبەری شاری میاندواوی تێدا کراوە. ئەوە مەتلەع یان دەسپێکی قەسیدە دوورودرێژەکەی سەیفە:

"عەزیز، ئارەزووت زۆری بۆ هێنام
فرمێسکم سوور بوو، زەردی ڕووی لێنام..."

دەبێ شیعرەکەی ئاوات ٣٨ ساڵ دواتر، لە کۆتاییەکانی پایز و داکەوتنی سەرمای ساڵی ١٣٥٠ (١٩٧١)دا گوترابێت کە سەرما وسۆڵ تەنگی بە خەڵکی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵچنیبوو. ئیماژی جوانی شاعیرانە لە شیعرەکەدا زۆرن.

بیسات: سفرە، شتێکی داچنراو و ڕێکخراو. بیساتی پایزی هەموو ئەو شتانەیە وا پایز هەم لە ناو سروشت و هەم لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا پێکی دێنێت. شاعیر، وەک دانیشتووی گوندێکی ناوچەیەکی کوێستانی (کە 'قاقڵاوا' بێت)، ڕقی لە بیساتی پایزی دەبێتەوە.

پایز و پاییز: لە هەردوو چاپی ئەنیسی و جەعفەردا وشەکە وەک 'پاییزی' نووسراوە. من لام وانییە شاعیر خۆی بەو شێوەیەی نووسیبێت. ئێمە لە قسەکردنی کوردیدا دەڵێین پایز نەک پاییز یان پائیز کە شێوەی فارسی وشەکەن. دیارە من ئەو دەست تێوەردانە لە خۆوە ناکەم. خوێندنەوەی وشەکە لە شێوەی پاییزدا یەک بڕگە لە کێشی شیعرەکە زیاد دەکات و ئەوە ئیجازە پێدراو نییە مەگەر شاعیر خۆی ویستبێتی.

سەگ و سەرما و سەرمانا: مۆسیقایەکی دەروونیی پیتی /س/یان هەیە. سەرما و سەرمانا، جیناسی ناتەواویان پێ دروست کراوە.

 تەزی و بەزی: بە هەمان شێوە مۆسیقای پیتی /ز/یان تێدایە و لە عەینی کاتدا جیناسێکی ناتەواویان پێ دروست کراوە.

بەفری بەران: من لام وابوو 'بەفری بەران' بەرانبەر بە 'بەفری سەران' دێت. بەفری سەران ئەو بەفرەیە وا لە سەرەتای سەرماوسۆڵدا لە لووتکەی شاخەکان دەنیشێت. مامۆستا هەژار لە واتا کردنەوەی وشەی "زەردە" لە هەنبانە بۆرینەدا دوو نموونەی هێناوەتەوە، کە یەکیان ئەوەیە: زەردە لە سەرانی دا (بڕوانە چەند دێڕ خوارەوەتری ئەم یادداشتانە). بەفری بەرانیش بە بۆچوونی من دەبوو ئەو بەفرە بێت کەهەندێک درەنگتر، بە قەولی ئاوات "دەخزێتە خوارێ" و دەگاتە داوێنی چیا و ناو شار و گوندان. هەروەها پێم وابوو کاتێ لە پایزدا بەفری بەران هەبێت، بەفری سەرانیش بوونی دەبێت و بەو شێوەیە، تەعبیری شاعیر لەمەڕ ئەوەی "تەم لەگەڵ بەفری بەرانا وا سەری کوێستانی گرت"، هەڵە نابێت.

بەڵام لە بۆچوونی خۆم ڕازی نەبووم و هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژاریش ئەو مادەیەی نەگرتبوو.ناچار بە ئیمەیل پرسیارم لە سەرجەم شەش دۆستی خۆشەویستم کرد کە لام وابوو ئەزموونێکی ژیان لە گوندیان هەبێت و بتوانن کێشەکەم بۆ چارەسەر بکەن.

کەم و زۆر هەموویان تەعبیری "بەفری بەران"یان بردەوە سەر بەران و نێری و تێبەردانی بەران لە مەڕ لە پایزاندا. برادەرێکی خەڵکی مەهاباد و برادەرێکی دیکەی خەڵکی ناوچەی گەورکان بابەتەکەیان بە باشی کاکڵە کردبوو و لە ڕێگەی دۆستێکی بەڕێزەوە پێیان ڕاگەیاندم. لەبەر ئەوەی گوندی قاقڵاوای ئاواتیش کەوتۆتە نزیک گەورکایەتی و ڕوونکردنەوەی هەردوو برادەرەکە پشتڕاستی یەکتریان دەکردەوە، پەسندم کرد و لێرەدا ڕایدەگەیێنم. سپاسی هەموو ئەو دۆستەخۆشەویستانەش دەکەم کە بە دەنگمەوە هاتن و بە مەسەلەکەوە ماندوو بوون. ئەوە بۆچوونی دۆستی بە ڕەچەڵەک خەڵکی گەورکایەتییە:

"لە ناوەراستی مانگی دووەمی پاییز ( خەزەڵوەر)دا، مەڕ بەرانی تێبەردەدرێت و قەدیم [ئەو بەران تێبەردانە لای مەڕداران] دەبوو بە شایی و بەزم و رەزم . بەفرێکیش کە لە سەروبەندی ئەو بەران تێبەردانەدا ببارێ پێی دەڵێن بەفری بەران کە لەلای ئێمە بە بەفرێکی پێشوەختە دەژمێردرێ".

بەوپێیە، 'بەفری بەران' بەفری پێشوەختی دەوروبەری مانگی خەزەڵوەرە لە کوردستان. بەڵام من هێشتا مەسەلەکە کراوە دەبینم و چاوەڕوانم زانیاریی زیاترم دەست بکەوێت کە سەبارەت بە چەمکەکە، لەوەی هەم دڵنیاتر بم.

دێوی سپی: دێوێکی ئەفسانەیی ناو شانامەی فیردەوسییە. لەوێدا ڕۆستەم لە "خوانی حەوتەم" واتە قۆناغی کۆتایی شەڕەکانیدا لە وڵاتی مازەندەران، دەچێتە شەڕەجەنگی دێوی سپی، کە مەترسیدارترین و بەهێزترین دێو بووە، بە سەریدا زاڵ دەبێت و دەیکووژێت و کاسەی سەری دەکاتە کڵاو بۆ خۆی. هەموو ئەو وێنە دەسکردانەی وا لە ڕۆستەم کێشراونەتەوە، بە کڵاوی کەلـلەسەری دێوی سپییەوە دەریدەخەن. لێرەدا بەفری بەران بە دێوی سپی شوبهێنراوە.

گوڕە: نەڕا و هەرا

پیاوی لەمێژینە: من ئەو پیاوە لەمێژینەیە بە 'هەوری پایزی' تێدەگەم. لام وایە شاعیر گوڕە وهەرا و نەڕاندنی پیاوی بە سەر ژن و منداڵ لە ناو ماڵێدا، بە گوڕەی هەور شوبهاندووە! شتێک کە ووردە ووردە کۆن دەبێت و هیوادارم لە داهاتوودا هەر نەمێنێت واتە بەرانبەریی مافی ژن و پیاو جێگەی ئەو سەیادەت و گەورەییە بێ بنەمایەی پیاو بە سەر ژندا بگرێتەوە کە بە داخەوە، ئێستاش لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەر هەیە..

 کار: بەچکە بزنی چکۆلەی تازەزاو (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار)، کارژیلە، کارژۆڵە. شاعیر کارژیلەی لەگەڵ مەڕ پێکەوە هێناوە. دیارە بێچووی مەڕ، بەرخی پێدەگوترێت بەڵام دوای ئەوەی لە شیر دەبڕێتەوە 'کاوڕ' ی پێدەڵێن.

 کاڕە: دەنگی بەرزی پەز و بەرخ (هەنبانە بۆرینە).

پیر ولاو: لەم فەردەدا شاعیر دەیەوێ بڵێت هەمووکەس بە پیر و لاو و هەژار و دەسەڵاتدارەوە کارتێکەریی پایز و سەرمایان لەسەرە، هەمووی پێیان خۆشە بچنە بەر گەرمای تەندوور تەنانەت کەسی زۆردار و ملهوڕیش، کە دەکرێ لێرەدا بە خەڵکانی دەوڵەمەند بزانرێت، لە پایزدا کز وماتە.

 ئەستۆی کز: ئەستۆیەک کە هەل و مەرجی سروشتی یان کۆمەڵایەتی کزی کردبێت و نووشتاندبێتیەوە.

 کووڕ: پشت چەماوە (هەنبانە بۆرینە). کووڕی، دۆخی پشت چەماوەییە.

 کز و کووڕی و کزی: مۆسیقای دەروونیی دەنگی /ک/یان تێدایە.

هەڵا: لەگەڵ هەوردا دێت و مانای هەور دەداتەوە بەڵام بە تەنیا، واتایەکی نییە و وشەی 'موهمەل'ە.

ڕۆژ بە ترس ولەرزەوە: هەردوو چاپی ئەنیسی و جەعفەر ئەم میسراعەیان بە شێوەی "زۆر بە ترس ولەرزەوە..." تۆمار کردووە. من هەرچی دەکەم لەو حاڵەتەدا نازانم ئەوەی وا جاروبارە بە ترس ولەرزەوە خۆی لە نێو هەورو هەڵا دەردەخات کێیە؟  بڵێی هەر "زەردە" بێت؟

تاقە ڕێگەی چارەسەری کێشە، بە بۆچوونی من، ئەوەیە بتوانین بڵێین هەڵەیەک کە لە نووسینەوەی شیعرەکەدا ڕویداوە و چارەسەری بکەین. من زۆر بە ڕوونی ئەوە دەبینم کە وشەی "ڕۆژ" بە هەڵە وەک "زۆر" نووسراوە و ئەگەر بۆچوونەکەم لەشوێنی خۆیدا بێت، ئەودەم "زەردە"ش واتا پەیدا دەکات، کەوابوو ئەوە، ڕۆژە کە لە کۆتاییەکانی پایزدا بە ترس ولەرزەوە سەردەردێنێت نەک زۆر، کە لێرەدا هیچ واتایەک نابەخشێت.

دیارە کێشەیەکی پێشنیارەکەی من ئەوەیە شاعیر لە میسراعی یەکەمی فەردەکەدا گوتوویەتی "خۆ دەرخا" کە کردارێکە دەگەڕێتەوە بۆ کەسی سێهەمی تاک. جا ئەگەر ئێمە بێین و 'ڕۆژ' لە جیاتی 'زۆر' دابنێین بکەرەکان دەبنە دوان (ڕۆژ و زەردە)، و ئەوەش لەگەڵ کرداری 'خۆ دەرخا'دا یەک ناگرێتەوە کە بۆ یەک بکەر دەگوترێت؛ مەگەر ئەودەم 'خۆدەرخا'ش بکەین بە 'خۆدەرخەن'، کە ئیتر ئەوە دەست تێوەردانێکی کەلێک زۆر و بێتام دەبێت لە شیعری شاعیردا و نە من و نە کەس مۆڵەتی ئەو جەڕڕاحی کردنەی بۆ نییە!

 

 زەردە: تیشکی تاو لە بەیان و ئێوارەدا، (زەردە لە سەرانی دا، زەردەپەڕی ئێوارە) (هەنبانە بۆرینە).  لام وایە 'زەردە'ی چاپی جەعفەر بەڕێ و جێتر بێت لە 'زەرد'ی چاپی ئەنیسی؛ لەبەر ئەوەی لەگەڵ 'بە چاوشارکێ و دزی' ی دەرکەوتنی ڕۆژدا یەک دەگرێتەوە. بەڵام 'زەرد'یش بێ واتا نییە و سیفەتە بۆ هەر ئەو 'ڕۆژ'ەی کە من پێشنیاری دەکەم دەنا ئەودەم 'موصوف'ی ئەو زەردە ڕوون نابێت کێیە یان چییە.

لە واتاکردنەوەی زەردە دا، مامۆستا هەژار نموونەی "زەردە لە سەرانی دا' ی هێناوەتەوە، کە ئەوە بۆ ڕوون کردنەوەی بابەتی سەران و بەرانی ئێمەش(چەند دێڕ سەرەوەتر)، یارمەتیدەرە.

تا وڵات ڕەش کاتەوە: ڕەش کردنەوەی وڵات لە سپیایی بەفر، کاری بای شەماڵە. لە خوێندنەوەی شیعرەکەدا /واو/ێکی عەتف کە دوابەدوای شەماڵ هاتووە، بەڕواڵەت زیادییە و ئاساییەکەی ئەوەیە کە بە بێ ئەو پیتە بخوێنرێتەوە و بگوترێ: "هات نەسیمێکی شەمال، تا وڵات ڕەش کاتەوە" بەڵام یەکەم، کێشی شیعرەکە بە بێ ئەو واوە ناتەواو دەبێت و دووهەم، کاتێ میسراعی دووهەم دەخوێنینەوە دەبینین واوەکە لەشوێنی خۆیدایە. شاعیر دەڵێ لەبەر ئەوەی نەسیمی شەماڵ درەنگ هاتبوو و تا ئەو بگاتێ سەرما داکەوتبوو، نەک هەر بەفری بۆ نەتوایەوە بەڵکوو خۆیشی بوو بە قوربانی و لە سەرمانا گیانی تەزی!

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

رمل مثمن محذوف: فاعلاتن فاعلاتن فاعلاتن فاعلن


 

[1] چاپی جەعفەر: زەردە بە چاوشارکی و دزی


 

www.rojhalat.de / www.bokan.de