دیوانی نوێی شیعرهکانی سهید کامیل ئیمامی (ئاوات) نووسین و ئامادهکردنی: ئهنوهر سوڵتانی |
پارچە شیعری ژمارە ٢٣ تەندووری سارد دونیا کە هەموو هیچە، بۆچیتە لە چی وێڵی؟ خاڵە، وەرە حاڵیت کەم ئەتوار و فڕوفێڵی! جارێکی لەگەڵ تۆیە، ڕۆژێکی لەگەڵ خەڵکی هەردووکی بە سەرسەنگی، خوێڕیگەری و دێڵی شەشدانگی جیهانت بێ، سەد جووت و تڕاکتۆریش، نابینی دەمێ فرسەت، هۆبانێکی ناکێڵی! مەعلوومە خەتی خواریش هەر ژێرسەری گای پیرە دونیاش کە لەمێژینە، ناڕێکە هەموو هێڵی بێچارەگی و پەستی، مەیخوارەگی و مەستی بەهرەی ئەوە بۆی بکرێ، پیشەی ئەوە گەر بێڵی تێیهەڵدە لە کوێستانی زەنوێر و هەوارگاکەی با قڕ بێ مەڕوماڵی، گووی سەگ بە بنە و خێڵی "کامیل" کە گەرم بوو زوو تەندووری، ئەوێستاکە ساردوسڕە، نەیماوە ئەستێوڵ و پنە و سێڵی! (قاقڵاوا، ١٣٤٢ ی هەتاوی) لاپەڕە ٤٠ ی دیوانی چاپی ئەنیسی ______________________________________ پشت گوێ خستنی دونیا و مڵک و ماڵ و خۆشییەکانی ژیان وەک کۆڵەکەیەکی بیروباوەڕی سۆفیایەتی هەندێک لە شاعیرەکانمانی تووشی ناتەبایی و سەرلێشێواوی کردووە. نەمر سەیفولقوزاتی قازی و عەلی بەگی حەیدەری هەرکام خاوەنی چەند پارچە ئاوایی بوون و ژیان و دیوەخانێکی شاهانەیان هەبوو بەڵام سوفی و موریدی خاوەن ئیمانی شێخی بورهانیش بوون و هاوڕێ لەگەڵ ڕەعیەتە سۆفییەکانی خۆیان، لە ساڵدا چەند مانگ لە خانەقای بورهان ڕۆژانە بە کولێرەیەک ودوان دەژیان و بە کۆڵ داری خانەقایان دەکێشا. ئاوات خۆی سۆفی مەشرەب بوو و لە عەینی کاتدا بەشێکیش بوو لە هیرارشی شێخایەتی واتە کوڕە شێخ و برا شێخیش بوو و لە ماڵی شێخاندا گەورە ببوو و بە نەریتی شێخایەتی گۆش کرا بوو. بەڵام لە لایەکی دیکەوە باوەڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێی ببووە مڵۆزم و نەیدەهێشت خۆی یەکلایی بکاتەوە. بە هەڵس وکەوت وئەخلاق و تایبەتمەندیی تاکەکەسی، مرۆڤێکی نەرم ونیان و لەبەردڵان و نزیک لە کۆمەڵانی خەڵک بوو و لە فیز و ئیفادە و دەستی بەر کەلەکەی ئاغاوات دوور بوو، لە مەزرا وەک وەرزێرێکی ئاسایی کاری دەکرد و زەحمەتی دەکێشا؛ بەڵام خاوەن مڵکیش بوو و وەک ئەموو ئاغایەکی دیکە دەو دووی لە ڕەعیەت دەسەند و وا هەیە کار و بێگاریشی پێ کردبێتن. ئەو تایبەتمەندییە ناتەبایانە خستبوویە دۆخێکی سەمەرەی ڕۆحی و دەروونییەوە کە خۆی بۆ یەکلا نەدەبووەوە، لە ساڵانی جیاجیای تەمەندا، کوڕەلاوێکی ئەویندارە، ئاغایەکی خاوەن مڵک و گەورەی ڕەعیەت و خاوەن دیوەخانە، شێخ و سۆفی و مەلای دوازدە عیلمە، شاعیرە، خەباتکاری سیاسی و حزبییە و وەرزێرێکیشە بەیانی تا ئێوارە لە مووچە ومەزرای خۆیدا عارەق دەڕێژێت. جا فەرموو ئەو هەموو ناتەباییە سەمەرەیە کە لە وجوودی هەستیارێکی دڵ ناسکی وەک ئاواتدا کۆ ببوونەوە، شی بکەوە و بیناسە! ئەو تایبەتمەندیی و خەسلەتە چینایەتی و تاکە کەسییانە هەرکام لە دەرفەتێکدا و بەشێوەیەک خۆیان لە شیعرەکانیدا دەردەخەن، جارێک دەیکەنە عەبدێکی عابید و موئمین کە لە بەرانبەر "مەعبوود" دا خۆی بە سەگ و ڕووڕەش و سەرئەفکەندە ناودەبات، جارێک دەیکەنە خەباتکارێکی سیاسی و داکۆکیکارێکی مافی گەلەکەی، جارێکیش دەیکەنە سۆفییەکی دەست لە دونیا شۆردووی ئەوتۆ کە بە ناوی کورت بوونی ماوەی ژیانەوە شەق لە هەموو ماڵ و خۆشی و سەروەت و سامانێک هەڵدەدات و شتی سەگ حەواڵەی "بنە و خێڵ" ی دونیا دەکات. ئەم پارچە شیعرەی ئێستا ڕاست ئەوەی دواییانە، هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی گازندەیە لە بێوەفایی دونیا و نەسیحەتی "خاڵە" واتە خوێنەری شیعرەکە بۆئەوەی گوێ نەداتە سەروەت و سامان و جووت و تراکتۆر و کوێستانی زەنوێر و هەوارگەی کوێستان و مەڕوماڵ و بنە وخێڵی خۆی. پەیامێکی شاراوە دیکە لە شیعرەکەدا نییە، بەڵام لە ١٣٤٢ (١٩٦٣) دا گوتراوە کە ساڵی دوو ڕووداوی گەورەی سیاسییە: شۆڕشی ئەیلوول تازە دەستی پێکردووە و ئیسلاحاتی ئەرزی و دابەشکرانی زەویوزاری ئاغاواتیش تازە گەیشتۆتە کوردستان. شیعرەکە ئاماژەیەکی بۆ شۆڕشی ئەیلوول تێدا نابینرێت دەنا دەبوایە پڕ بوایەت لە هیوا و هومێدی سەرکەوتن. بەڵام من دووری نازانم ئەو بێ هیواییە ئاکامی ئەوە نەبێت کە ئاوات وەک ئاغا و خاوەن مڵک دڵنیگەرانی هەواڵەکانە و ترسی زەوت کران و دابەشکرانی مڵکەکانی خۆی لێ نیشتووە. ئەوە لە باری چینایەتییەوە گونجاوە گەرچی بەو تایبەتمەندییە تاکەکەسییانەوە کە ئاواتی دڵ ناسکی نازەنینی شاعیری خەباتکار هەیبووە، ئەو شتە لە ڕاستیش ناچێت. ئەگەری دووهەم ئەوەیە کە بڵێین باوەڕە ئایینی و سۆفیایەتییەکەی هاندەری گوتنی ئەم شیعرە بووبێت. بەڵام تەنانەت لەو حاڵەتەشدا دیسان ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات کە بۆچی ڕاست لە ساڵی ئیسلاحاتی ئەرزیدا دەبێ شەقی لە جووت و تراکتۆر و کوێستانی زەنوێر وهەوارگە هەڵدابێت؟ *** واتای هەندێک وشەی ناو شیعرەکە ئەستێوڵ = ئەستێوڵک، شیشێکی ئاسنە بۆ ئاگری تەندوور تێکوەردان و کۆڵوو دەرهێنان ئەوێستاکە = ئێستا بنە = بنکە پنە = تەختەیەک کە گونتکە هەویری لە سەر پان دەکرێتەوە خوێڕیگەری = بێکارەیی خەتی خوار= هێڵی خواری جووت وگا خێڵ = هۆز، کۆمەڵی هەوارچی دێڵی = هەڵس وکەوت کردن وەک مێیینە. واتایەکی خێڵەکییە سووکایەتی بە ژنانی تێدا شاراوەیە. زەنوێر= جێگەی بڵیندی هەوا سازگار سەرسەنگی = لاساری و گوێ نەبیسی سێڵ = ساج قڕ = ئاسەوار بڕانەوە، مردنی هەموانی گای پیر= گایەکی جووت کە پیر بووبێت و نەتوانێت لە کاتی جووت دا هێڵی ڕاست بکێشێت مەیخوارەگی = وشەیەکی فارسییە بە واتای خواردنەوەی هەمیشەیی و سەرخۆش بوون هۆبان= کۆی هۆب و هۆبە، جێگەی کۆمەڵە چادرێک پێکەوە هەوارگا = شوێنی هەوار و کوێستان
بۆ واتای هەندێک لە وشەکان یارمەتیم لە هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار وەرگرتووە.
|