دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ٢١٤

چوارینەکان (ئیخوانیات)

(٣١ تا ٣٥)

 

 

٣١

 بۆ حاجی ڕەحمان ئاغای موهتەدی:[1]

هاتن وچوونەکەت هاتن و چوونێکی دڵە[2]

گیانەکەم هاتنەکەت بۆ مە شەپۆلێکی گوڵە

ڕۆینەوەت هەر وەکوو گیانە لە بەدەن دەچتە دەرێ

بۆیە دڵ هێندە لە دووت وێڵە، بە سۆز و بە کوڵە

 

٣٢

به لوتفی خۆت له حاڵم گەر دەپرسی
دەزانی پیره، تێره یا نه برسی!
ئەمن برسی له لێ‌پرسینی ئێوەم
نه برسیی نان و ئاوم کاک ئەنیسی!

 

٣٣

چاوی دڵ و هۆشی له ڕێگای تۆیه "ئیمامی"
دووباره فیدای میهر و وەفای تۆیه "ئیمامی"
[3]
دووریت وەکوو تیغێکه لەتی کردووه جەرگم
ئەمما بەوه چابوو دڵی لای تۆیه "ئیمامی"

 


٣٤

نامەکەت هات و دڵ گەشایەوە
ئاگری دەروونم بەو کوژایەوە
یەک‌جار گرنگ بوو، گرێ پووچکەی دڵ
به وتەی خۆشی تۆ کرایەوە

 

٣٥

یاخوا هەردڵێک لە تۆ کلا بێ

لەژێر چەپۆکەی دەست وپلا بێ

قەت لە دونیادا نەحەسێتەوە[4]

هەر کە کەشاکەش تلاوتلا بێ!

 

(بەشێک لە لاپەڕە ٢١١ تا ٢١٧ ی چاپی ئەنیسی و ٣٤٥ و ٣٥١ ی چاپی جەعفەر)

__________________________________________________

ئاوات کەسایەتییەکی خۆشەویستی خەڵک بوو و بەو "تواضع" و خۆ بەکەمزانی و میهرەبانییەوە ڕووی بکردایەتە ماڵ و دووکانی هەرکەسێک، پێشوازییان لێدەکرد. من خۆم واهەیە سەدان جار لە بۆکان و لە دووکانی خەڵکدا بینیبێتم. دیارە منی هەرزەکار کەسێک نەبووم شایانی دۆستایەتی ئەو گەورە پیاوە بووبێتم بەڵام لە بۆکان لە دووکانی باوک و برا و خاڵی خۆم  و گەلێک کەسانی دیکە، یان لە میوانیەتی ماڵان یان سەر ڕێگای چوونی بۆ مزگەوت و ماڵی قازی کاکە حەمەی قزڵجی، بە خزمەتی گەیشتووم. باوەکوو کەسێکی کەم قسە بوو، لە عەینی کاتدا لەبەردڵان و قسە لێ وەرگیراوی خەڵک بوو. بەگشتی، دۆست و برادەری زۆریشی لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا هەبوون و لە ناو شاعیر و نووسەرانی ناوچەشدا بە هەمان شێوە.

بەشی کۆتایی چوارینەکان ئەوانەن وا ڕوویان لە کەسایەتییەکی دیاریکراو و بە گشتی دۆست و برادەرانی نزیکی شاعیرە. ئەوانەی وا ناوی کەسەکەیان بە ڕاشکاوی تێدا ڕاگەیێنرابێت کێشەیەکیان نییە و دەزانرێت بۆچی لەم بەشەدا دانراون (چوارینەی ژمارە ٣١ و ٣٢)، بەڵام  سیانەکەی دوایی تەنیا بەهۆی ناوەرۆک و شێوازی دەربڕینەکانەوەیە کە هەستدەکرێت بۆ کەسێکی تایبەت گوترابێتن. ئەو کەسانە کێن؟ خوێنەری وەک من ئەوە نازانێ وتەنیا ئەندامانی بنەماڵە و دۆستانی زۆر نزیکی شاعیر دەبێ بیزانن. ئەوەش ئەرکێکی دیکەی کاک جەعفەر و هاوکارەکانیەتی کە ڕووناکی بخەنە سەر مەسەلەکە و ناوەکان ئاشکرا بکەن بۆ ئەوەی چوارچێوە و پانتایی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی شاعیر دیاری بکرێت.

چوارینەی ژمارە ٣١ بۆ خوالێخۆشبوو حاجی ڕەحمان ئاغای موهتەدی، یەک لە ئەندامانی خۆشناوی بنەماڵەی ئاغاکانی بۆکان و مامۆستای زانکۆی ئیلاهیات لە تاران گوتراوە. حاجی ڕەحمان ئاغا ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف و لە سەردەمی کۆماری کوردستان (١٩٤٦)دا وەزیری ڕاوێژکاری کابینەی پێشەوا قازی محەمەدیش بوو.

شیعرەکە کاتێ گوتراوە کە حاجی ڕەحماناغا لە ژیاندا بووە و لە تارانەوە هاتۆتەوە بۆکان، ئینجا گەڕاوەتەوە تاران. شاعیر کە دۆستایەتییەکی گەرمی لەگەڵیدا هەبوو، ئەو هاتن و چوونەی بە لێدانی دڵ و هاتن و چوونی خوێن بۆ ناو دڵ شوبهاندووە و بە هاتنەوەی دڵخۆش و لە چوونەوەی ناڕەحەت بووە.  سەبارەت بەو هاتوچۆی بۆکان و تاران کردنەی حاجی ڕەحماناغا، ئاوات 'قەتعە'یەکی سێ فەردیی دیکەشی هەیە کە لە ساڵی ١٣٤٥ دا گوتوویەتی و بەم شێوەیە دەست پێدەکات:

"وەک دەڵێن هاتەوە بۆ 'بۆکان'ێ

پێی بڵێن پێ لە دوو چاوم دانێ!..."

(بڕوانە بەشی ٧٠ ی ئەم زنجیرەیە).

دیارە شیعرەکە لە سەردەمی ژیانی حاجی ڕەحماناغادا گوتراوە بەڵام دیوانی چاپی ئەنیسی و جەعفەر کاتێ چوونەتە ژێر چاپ کە ناوبراو لە ژیاندا نەماوە و بەو بۆنەیەوە نووسیویانە "بۆ خوالێخۆشبوو حاجی ڕەحماناغا". ئەوە بۆ خوێنەرێکی شیعرەکە، کە شارەزای ئەو مەسەلانە نەبێت، گێژوگومی پێک دێنێت و واهەیە ئەو پرسیارەی بۆ بیتە پێشەوە کە هاتن و چوون بۆ کەسێک کە مردووە دەبێ واتای چی بێت! لەبەر ئەو هۆیە من وشەی خوالێخۆشبووم لە عینوانی شیعرەکە لابرد.

چوارینەی دووهەم "بۆ ئاغای ئەنیسی" یە. مامۆستا نەجمەدین ئەنیسی هەر ئەو کەسەیە کە بۆ یەکەم جار دیوانی شیعرەکانی ئاواتی چاپ کرد و و وا بزانم تا ئێستا چوار جار چاپی کردۆتەوە و بە داخەوە من چاوم بە چاپەکانی دوایی نەکەوتووە. ئەم یادداشتانەی ئێستاشمـ تەنیا لە سەر ئەساسی چاپی یەکەمی کاری ئەو مامۆستایە و چاپی یەکەمی "شاری دڵ" - دیوانی چاپی کاک جەعفەر ئیمامی کوڕی شاعیر، ئامادە کراون.

سێ چوارینەی کۆتایی ناوی کەسێکی تایبەتیان لەسەر نییە بەڵام لە خوێندنەوەیاندا هەست دەکرێت ڕوویان لە کەس یان کەسانی تایبەتە و بەو بۆنەیەوە لەم بەشەدا هێناومن. ئەو کەسانەی وا ڕووی شیعرەکان لەوانە، کەسانی زۆر نزیکی شاعیرن واتە ئەگەر کوڕ و کچ و ئامۆزای شاعیریش نەبووبێتن دۆستی زۆر نزیکی بوون.

کوڵ: جۆش، سۆزی زۆر

برسی و پرسی: جیناسی ناتەواویان لێ دروست کراوە.

پیرە: نیاز شاعیر خۆیەتی

پیرە و تێرە: هەمان جیناسیان تێدایە.

برسی لە لێپرسین: واتە دەمەوێت هەمیشە هەواڵتان بپرسم.

بەوە چابوو...دڵی لای تۆیە: تەعبیرێکی جوانە. شاعیر دەڵێ دوورییەکەت وەک تیغێک جەرگی بڕیوم، خۆ ئەگەر دڵیشم لای خۆم بوایەت ئەویشی دەبڕی بەڵام بەوە چابوو دڵم لای تۆ بوو و ئیتر وەبەر تیغی دووریت نەکەوت!

ئیمامی: خودی شاعیرە

کلابوون: لادان

ژێر چەپۆکە بوون: بندەست و بێ دەسەڵات بوون و مەزڵووم بوونە. من "ژێرچەپۆکە بوون"م بیستووە بەڵام "لەژێر چەپۆکە بوون"م نەبیستووە. شاعیر دەتوانێ دەست بەرێتە ناو ڕێزمانەوە.

کەشاکەش: فارسییە بە واتای کێشەکێش، کێشمەکێش و کێشە وهەرا.

تلاوتلا: تلانەوە، گەوزان لەبەر نەخۆشی و ئازار. دووپات بوونەوەی وشەکە بۆ تەئکید و بەهێزتر کردنی نزاکەیە، ڕەببی هەر هەمیشە بە دەرد و ئازارەوە بتلێیەوە!


 

[1] لە هەردوو چاپدا نووسراوە "بۆ خوالێخۆشبوو حاجی رەحمان ئاغای موهتەدی". بڕوانە ڕوونکردنەوەی سەبارەت بە هۆکاری لابردنی ئەو سیفەتە، لە درێژەی وتارەکەدا.

[2]  چاپی ئەنیسی: هاتن و چونێکی دییە. لە ڕێگەی سەروای شیعرەکەوە دەزانرێ نابێ وا بێت.

[3] چاپی ئەنیسی: دوبارە

[4] چاپی ئەنیسی: دونیا

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de