دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ١٧٦

ئەی نەمامی تازە!

 

 

وەرە ئەی نەمامی تازە، تۆ لە باغی کێ ڕواوی؟   

کە ئەوەند شۆخ و شەنگی، لە چ کانی ئاودراوی؟[1]

 

دەم و چاو و بەژن و باڵا، هەموو ڕیک‌وپێک و مەوزوون

هەموو دڵ‌ڕفێن و شیرین، که له جوانییا تەواوی

له دڵی هەژاری عاشق هەر ئەتۆی و خۆشەویستی

چ بکا له پارچه گۆشتێ، که به زۆری تێی‌خزاوی

تۆ و ڕۆح و بیر و باوەڕ، تۆ و قەست و عیشق و ئامانج

چییه ئەم تەلەسمه ئازیز، له هەمووی که تێکە‌ڵاوی؟

شەو و ڕۆژ به یادی ڕووی تۆ، نه خەوم هەیه نه خۆراک

بەڵێ، دەستی قودەرتێ بوو که له عەیب و عار بڕاوی[2]



            دڵی موبتەلایی "کامیل" که ئەتۆی تێیا دیاری

            چ جوان و ڕوون و خۆشه، تۆ چرای و هەڵکراوی

                                    قاقڵاوا، ١٣٣٣ی هەتاوی

(لاپەڕە ١٠٠ و ١٠١ ی چاپی ئەنیسی و ٢٥١ ی چاپی جەعفەر)

_______________________________________________ 

 

عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا "چرای هەڵکراو"ە. هەردوو عینوانەکە جوانن و لە دەقی شیعرەکە وەرگیراون. بەڵام من هەڵبژاردنی ئەنیسیم پێ جوانترە و ئەویش لەبەر سەرجەم فەردی کۆتایی غەزەلەکە (مەقتەع)، کە گەلێک ڕازاوە و جوانە. لەوێدا شاعیر دڵدارەکەی دەکاتە چرا و دەیباتە ناو دڵی خۆیەوە و بە بۆنەی ئەو چرا ڕووناکەوە دڵی  "جوان" و "ڕوون" و "خۆش" بووە. ئەو بادان و پێچانەوە هونەرییە نرخی فەردەکە و سەرجەم شیعرەکەی بردۆتە سەرێ ڤو لە قسەکردنێکی ساکاری مەنزوومەوە کردوویەتە بەرهەمێکی هونەریی سەرنج ڕاکێش.

 

شیعرەکە ناوەرۆکی تەواو غەرامی هەیە و لە تەمەنی ٥١ ساڵیی شاعیردا دا گوتراوە.

خوێنەر لە چەند شوێنی شیعرەکەدا هەست دەکات هەندێک وشە بە زۆر ترینجاونەتە شوێنەکەیان لەبەر ئەوەی بە حیسابی میتر و کێشی عەرووزی، سووکە قورساییەکیان هەیە: تۆ (فەردی یەکەم، میسراعی یەکەم)، کانی (فەردی یەکەم، میسراعی دووهەم)، تۆ (فەردی یەکەم، میسراعی چوارەم. بەگشتی ئەو "تۆ"یە لە هەردوو شوێنی ئەم میسراعەدا کێشەی هەیە و تەواو لە شوێنی خۆی دانانیشێت). من هەست دەکەم کارتێکەریی شیعرێکی فارسی لەسەر شاعیر بووبێت لەبەر ئەوەی ئەو "تۆ"یانە زیاتر "تو"ی فارسین، کە کورتترە لە "تۆ"ی کوردی.

کانی: ئەم تەعبیرە، بە شێوەی ئاسایی دەبوایە وەک "لە چ کانییەک" بگوترایە، بەڵام بە هۆی کێشی شیعرەکەوە کلکی بڕاوە و بۆ چارەسەری مەسەلەکە، جارێک ئەنیسی وەک کانی نووسیوە و جارێک جەعفەر وەک کانێ، بەڵام هیچیان لە باری واتاوە پڕ بەپێست نین. وێدەچێت وشەکە سەرەتا شێوازی "کانی" بووبێت بەڵام کاک جەعفەر و هاوکارەکانی بۆ ئەوەی واتایەکی تەواوتر بە وشەکە بدەن، شێوازی "کانێ"یان پێداوە کە زیاتر موکریانی و مەهابادییە، بەڵام هێشتا هەر خاڵ نەپێکراوە. وێدەچێ چارەیەکی دیکەش بۆ ئەو کیشەیە لە ئارادا نەبێت.

مەوزوون: خاوەن کێش، ڕێک و پێک.

لە دڵی هەژاری عاشق: لە قسەکردنی ئاساییدا دەبوایە بگوترێت "لە دڵی هەژاری عاشقدا..." بەڵام کێشی شیعرەکە سووکی کردۆتەوە و شاعیریش بەم شێوەیەی بەیان کردووە.

چ بکا: بکەری ئەو کردارە کێیە؟ بە دڵنیایی "دڵی هەژاری عاشق"ە.  شاعیر دەڵێ جگە لە تو و خۆشەویستی(ی تۆ) هیچیتر لە دڵی هەژاری عاشقدا نییە و بە بێ تۆ و خۆشەویستی تۆ، دڵم پارچە گۆشتێک نەبێ هیچ نییە.

بە زۆری تێی خزاوی: واتە ئەم پارچە گۆشتە کە دڵی شاعیر بێت، لەکوێ و تۆ و خۆشەویستی تۆ لەکوێ؟ ئەمانە دوو دیاردەی جیاوازن و تۆ بە زۆر خۆت خزاندۆتە ناو دڵمەوە. ئەوە دەکرێ بڵێین تێگەیشتنێکی نوێیە لە خۆشەویستی. واهەیە پرسیار بکرێت بۆچی دڵدار و ئەوین بە زۆردەبێ بچنە دڵی عاشقەوە، خۆ کەس زۆری لێنەکردووە؟ ئەوە نامۆبوونی شاعیر لەگەڵ ئەوین و دڵدار دەگەیێنێت. بەڵام واهەیە بە پێچەوانە، بڵێین ئەو نامۆییە لە چییەتی و جنسی گۆشت و ئەویندایە و بەوە شاعیر لە چنگ ڕەخنەگر ڕزگار بکەین!

 

تۆ و...: ئەوە، چەشنە سوێنددانێکە. وەک دەڵێین تۆبی و خودا، یان تۆبی و ویژدانت. ئەم چەشنە سوێنددان و کێشانی خەڵکە بۆ داوەری و پێذاچوونەوە لە هەڵوێست، لە زمانی فارسیدا زۆر باوە، دوور نییە هەر بۆیەش بێت کە ئەگەر وشەی "تۆ" وەک فارسی بگوترێت زیاتر و چاکتر لەگەڵ کێشی شیعرەکەدا بێتەوە. شاعیر دڵدارەکەی بە هەندێک شت سوێن دەدات کە زۆریش هاوتا و هاو واتای یەکتر نین و هەرکام سەر بە ئاقارێکی واتایی لە ژیانی مرۆڤدان بۆ ئەوەی پرسیاری لێ بکات  و بڵێ ئەوە چ تەلەسمێکە کە تۆ تێکەڵاوی هەموو ئەو شتانە بوویت؟ بە کورتی، شاعیر ویستوویەتی بڵێ تۆ تێکەڵاوی هەموو لایەنێکی ژیانی من بوویت!

قەست: 'قصد' ی عەرەبییە کوردێنراوە و بە واتای خواست و نیاز بۆ ئەنجامدانی کارە.

دەستی قودڕەت: لە ڕوانگەی ئیمانداران و ئایینداراندا دەستی هێز و دەسەڵاتی ڕەها، دەستی خودایە.

عەیب و عار: دوو وشەی عەرەبین. عار، بە کردەوەی جێگەی شەرمەزاری دەگوترێت.

بڕاو: دابڕاو، بێ بەش و دوورکەوتوو لە شتێک.

موبتەلا: گیرۆدە. عەرەبییە. بۆ واتاکردنەوەی فەردەکە بڕوانە سەرەوەتر.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

رمل مثمن مشکول: فعلات فاعلاتن// فعلات فاعلاتن


 

[1] چاپی جەعفەر: کانێ

[2] چاپی ئەنیسی: قودرەتی

www.rojhalat.de / www.bokan.de