دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ١٧٥

بولبولی ئاوارە

 

 

ئەی تەیری دڵی وەحشی! تاکەنگێ پەرێشانی؟

تاکەی بە هەوەس دەفڕی، مەفتوونی گوڵستانی؟

 

هەرچەنده بەهارت دی، ئەمما چ بەهارێکە؟
بێ‌زەمزەمەیه بەزمی، بێ‌ڕەونەقه بوستانی

گوڵ کاتی خەزانی هات، بولبول هەموو ئاوارەن
ئاوازی حەزینی نەی، گوێ بگره له ئینسانی

شەو بۆنی نییه شەوبۆ، بولبول بە تەمای چی بێ؟
هەڵنیشێ به ئوممێدی خونچێکی سبەینانی

گوڵ بۆته دڕوو، قەولیش پاک بوونه درۆ ئەمساڵ

کوا یاری وەفادارم، دەست و دڵی جارانی؟

ڕەحمەت له غەم و دەردم، بەو دووانه ئەمن ناسیم

پاکی کەس‌وکاری خۆم، یاری به مەسەل گیانی

داخۆ له چ لایێکه ئەو یاری که ڕووخۆشە
[1]

گوێچکەی فەلەکی کەڕ کرد، کوا کۆمەک و ئیحسانی؟

کوا نەعرەیی شێرانەی لەم کاته که داماوم؟

لەم بەحره که خنکاوم کوا هیممەتی جارانی؟

تۆخوا بڵێ بەو شەخسه،‌ جاران که دەهات دەیکوت:

من یاری وەفادارم، دەستی من و دامانی!

ئەمڕۆکه گڵۆڵەی من کەوتۆته سەرەولێژی

هیچ‌کەس نییه خاس بێژێ، تا خۆ کەمه قوربانی[2]

خێرایەکی هەستێ بێ، پیاوانه، من و دڵ زوو

لەم گێژ و خولی چەرخه دەربێنێ بە ئاسانی

            هیچ‌کەس نییه هاوارکا "کامیل" لە چ لایێکە؟

            بۆ کوێ چووه بێ‌چاره؟ کوان هەمدەم و یارانی؟

                                    جەمیان، ١٣٣٠ی هەتاوی

(لاپەڕە ١٥٥ و ١٥٦ ی چاپی ئەنیسی و ٢٤٥ و ٢٤٦ ی چاپی جەعفەر)

________________________________________________

 

عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا، "گڵۆڵەم کەوتە لێژی" یە و لام وایە بۆ ناوەرۆکی شیعرەکە بەڕێ وجێترە لەوەی چاپی جەعفەر کە منیش دامناوە.

شیعرێکی پڕ لە هەستی ئینسانییە لە لایەن کەسێکەوە کە بە تەنیا ماوەتەوە و بەجێ هێڵراوە و بەو تەعبیرە پڕە لە هەستی نۆستاڵژی. هەر بۆیەش عینوانی "بولبولی ئاوارە" لەگەڵیدا دێتەوە.

من هەندێک دڕدۆنگم و دڵنیا نیم ئایا گلەیی و بناشتی شاعیر شەخسییە یان گشتی و هەمەگیر بۆ گەلەکەی و وڵاتەکەی؟ لە دۆخێکی ئەوتۆدا دەبێ سەیری ژیننامەی شاعیر بکرێت. بەختەوەرانە ئێمە دوو ژیننامەی شاعیرمان لەبەر دەستدایە. یەکەمیان کە هەر خۆی نووسیویەتی و لە دیوانی چاپی مامۆستا ئەنیسیدا چاپ بووە، تەنیا ئاماژە بە ساڵ و شوێنی ژیانی خۆی لە دەوروبەری ساڵی ١٣٣٠ [١٩٥١ و ٥٢] دەکات، بەڵام سەرەتای چاپی ئاغا سەید جەعفەری کوڕی شاعیر ڕوونکردنەوەی زیاتری تێدایە کە یارمەتیدەرمانە. لەبیرمان نەچێت کە شیعرەکە بە شایەدیدانی هەردوو دیوان، لە ساڵی ١٣٣٠ ی هەتاوی [١٩٤٨] لە گوندی 'جەمیان'ی نزیک زەنبیل گوتراوە.

کاک جەعفەر سەبارەت بە ژیانی ئەو ساڵانەی شاعیر دەنووسێت:

"...پاش دوو ساڵێک زیندانی، ساڵی ١٣٢٧ ی هەتاوی ئازاد دەکرێ، بەڵام کە دێتەوە، بە سەر خەزنەی بەتاڵ و هەواری خاڵیدا دەکەوێ و ماڵێکی ڕەق و ڕووتی بۆ دەمێنێتەوە. بۆ ئەوەی دەستی بکرێتەوە، ئەو سێ دانگەی مڵکی 'گەردیگلان' کە بوویەتی، دەیدا بە گوندی 'جەمیان' و لەگەڵ مامی دەیگۆڕێتەوە و لە باقیدا مێگەلە مەڕێکیش وەردەگرێت و ماڵی دەچێ بۆ وێ. بە کورتی و کوردی، پاش ئەوەی سەوداکەی سەردەگرێ و کاروباری تەواو دەبێ و دەکەوێتە پێ وشوێنی سەنەد [تاپۆ]ی جەمیان، بۆی جێ بەجێ نابێ و لەبەر ئابڕووی خۆی و بنەماڵەی، دەنگ ناکا و بە داری دەستی دەچێتەوە زەنبیل و لە ماڵی کاکی پەنا دەگرێ..." (شاری دڵ، لاپەڕە ٤٥).

ڕوونکردنەوەیەک: بە گوێرەی زانیارییەک کە بە من دراوە، ئاوات ئاڵوگۆڕی گوندی گەردیگلان و جەمیانی لەگەڵ یەک لە کوڕانی مامی خۆی، نەمر حاجی بابەشێخ، کردووە و دووای تەواو بوونی سەودا و هەوڵدان بۆ تاپۆ کردنی، تێگەیشتووە کە جەمیان مڵکی ئەوقافە و ناتوانێ ببێتە مڵکی هیچ کەسێک و بەناوی کەسیشەوە تاپۆ ناکرێت! بەڵام حەیا بەخۆیی ئاوات و مەسەلەی خزمایەتی و ئیرادەتی زۆری بە حاجی بابەشێخ، وای لێدەکات دەنگی دەرنەیەت و ناڕەزایی دەرنەبڕێت.

کاتێ ئەو زانیارییانە دەخەمە پاڵ یەک و دەگەڕێمەوە سەر ئەم شیعرە، ئەودەم تێدەگەم کە لایەنی شەخسی لە ناوەرۆکی شیعرەکەدا گەلێک قورسترە لە لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی و لە ئەنجامدا، ئەو ئاماژە و ئیشاڕاتەی ناو شیعرەکە دەبەمەوە سەر ئەو ڕووداوە شەخسی و بنەماڵەییە.

شیعرەکە پەشیمانی لە هەوڵ و هەڵسووڕانێک دەردەخات کە هی ڕابردووە و شاعیر خۆی تێیدا بە بەرپرسیارێک دەزانێت کە بە شێوەی پێویست لێی ورد نەبۆتەوە و ئێستا دەستی بۆ بە ئەژنۆدا دەدات. سەرتاپای ١٢ فەردی شێعرەکە بەو بیرۆکەیە ئاخنراوە.

مەفتوون: ئەویندار، بێدڵ

زەمزەمە: ئاوازی هێمن و لەسەرخۆ، دەنگی خۆش، جریوەی مەل.

ڕەونەق: ڕەواج، برەو

گوڵ کاتی خەزانی هات: ئێستا بەهارە بەڵام گوڵ [کە دڵی شاعیر بێت] هەست بەو بەهاربوونەی ناکات و ئێستا وەک کاتی پایزە بۆی.

خەزان: وەرزی پایز. جیاوازە لە گەڵاڕێزانی زاراوەی هەورامی.

حەزین: خەفەتبار

ئینسانی: ئینسان. شێوەی موکریانیی وشەکەیە.

شەو بۆنی نییە شەوبۆ: هەموو شتێک پێچەوانەیە!

سبەینانی: سبەینان. شێوەی موکریانیی وشەکەیە.

گوڵ بۆتە دڕوو: ئەوپەڕی بێ هیوایی شاعیر لێرە دەردەکەوێت کە دیاردەکان نەک هەر بە پێچەوانەی خواستی خۆی، بەڵکوو دژ بە یاسا پەسندکراوەکانی سروشت (و کۆمەڵگاش) دەبینێت.

یاری وەفادار: کێیە؟ من بە نەمر حاجی بابەشێخی دەزانم کە ئاوات پەنای بۆ دەبات و دەیەوێت لەسەری بکاتەوە و خۆی گوتەنی، 'بەخشندەیی جاران'ی هەبێت.

ڕەحمەت لە غەم و دەردم...: من کەس وکاری خۆم بە غەم و دەردەوە ناسی، واتە خزمەکانم جگە لە غەم و دەرد هیچیتریان بۆ من پێ نەبوو.

پاک: هەموو

یاری بە مەسەل گیانی: تەنز و تەوسی تێدایە. ئەو کەسەی کە دەبوایە یاری گیانی بێت، وا نییە و هەموو کەس وکارەکەی خۆمن!

ئەو یاری کە ڕووخۆشە: لە چاپی ئەنیسیدا وەک "لەڕوو خۆشە" هاتووە. ئەگەر پرسەکە هەر لێرەدا بهێڵینەوە واهەیە گومان بکەین بڵێی کامیان ڕاست بن؟ بەڵام کاتێ میسراعی دوای خۆی دەبینین کەلە درێژەی ئەم میسراعەدایە، ئەودەم لە سەر ئەوە سوور دەبین کە عیبارەتی "کە ڕووخۆش" ڕاستترە.

گوێچکەی فەلەکی کەڕ کرد: واتە ئەو کەسە (یاری بە مەسەل گیانی) کە هەموان دەڵێن ڕووخۆشە و بانگەوازی ڕووخۆشییەکەی گوێی فەلەکی کەڕ کردووە، ئەی کوا ڕووخۆشی و کۆمەک و ئیحسان کردنەکەی؟

نەعرەی شێرانە: لێرەدا دەنگ بەرزکردنەوە دژ بە بێعەداڵەتییەکە، کە دەرحەق بەو کراوە و پێیەوە داماوە.

تۆخوا...: تۆبی خودا بەو شەخسەی وا جاران دەهات و دەیگوت من یاری وەفاداری تۆم بڵێ دەست من و دامانی!

گڵؤڵە کەوتنە لێژی: کینایەیە لە نەهامەت و بێ بەختی و ڕاست نەبوونی دۆخی ژیان.

خاس بێژێ: چاکم بۆ بڵێت، لەسەرم بکاتەوە. زاراوەی بەشی ڕۆژهەڵاتی بۆکان و هەروەها هەموو ناوچەی سەقزە.

پیاوانە: ئازایانە. ئەم تەعبیرە ڕەنگی ژێندەری پێوەیە و ئێستا کەڵکی لێ وەرناگیرێت. دەکرێ بگوترێ ئازایانە یان شێرانە یان شتێکی دیکەی هاوچەشن. پیاوانە دەبێ لەگەڵ وشەکانی پێش خۆی بخوێنرێتەوە: خێرایەکی پیاوانە هەستێ و بێت.

من و دڵ: دەبێ لەگەڵ میسراعی دوای خۆیدا بخوێنرێتەوە.

"کامیل" لەچ لایێکە؟: واهەیە ئاماژەبێت بە تەریک کەوتنەوەی شاعیر لە جەمیان و پاشان چوون بۆ ماڵی کاکی لە زەنبیل- وەک لە ژیننامەکەدا هاتووە.

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:

هزج مثمن اخرب: مفعول مفاعیلن// مفعول مفاعیلن


 

[1] چاپی ئەنیسی: لە ڕووخۆشە

[2] چاپی جەعفەر: خاس بێژی

www.rojhalat.de / www.bokan.de