دیوانی نوێی شیعره‌کانی سه‌ید کامیل ئیمامی (ئاوات)

نووسین و ئاماده‌کردنی:  ئه‌نوه‌ر سوڵتانی

 شیعری ژمارە ١٥٣

تیر وکەوان

 

 

 

ئەو نێرگسی پڕ فیتنە و شۆرە، چ بەقینە!

 

چەند مەست و چ خوممار و چ عەییار و بەتینە!


ئەبرۆی که لە سەر چاو‌یه، بڕوا بکه، چاوم![1]
ئەو هەر له کەوان‌کێشیی و ئەم هەر له کەمینە

ئەی من بە فیدای خاوەنی ئەو تیر و کەوانە!
هەرچەند که دڵم کاری هەموو زام و برینە

ئەی دڵ! مەبه دەربەندی غەمی ناوکی غەمزەی
[2]
ساڕێژه برین، مەوقیعی ئازادیی و ژینە

یانی که لە ژێر سایەیی زولفی شەوەزەنگی
ڕۆژ دەردەکەوێ، کاری خودای گەوره ببینە!

لەم کەشمەکەشی تیر و کەوان، چاو و برۆیە
دیم ڕەحمەتی حەق نازڵه، زانیم به قەرینە

          "کامیل"، وەکوو تەیرێکی بەهار دێتەوه کوێستان،

          هاتۆتەوه ئەم کێو و کەژ و مەزرەعه شینە

 

ئاشی زەنبیل، 1315ی هەتاوی

(لاپەڕە ٥٥ ی چاپی ئەنیسی و ٢٠٧ ی چاپی جەعفەر)

_____________________________________________

عینوانی شیعرەکە لە چاپی ئەنیسیدا 'کەوان و کەمین'ە کە لە دوو وشەی فەردی دووهەم وەرگیراوە و گەلێک هەڵبژاردنێکی جوانە. بەڵام من هەوڵ دەدەم بۆ ئەوەی سەر لە خوێنەر نەشێوێنم، لە سەر پێودانی چاپی جەعفەر بڕۆم و بەناچار عینوانەکەی ئەوم لێرە داناوە.

شیعرێکی غەرامییە، لە تەمەنی ٣٣ ساڵیی شاعیردا گوتراوە. وێدەچێت ساڵی ١٣١٥ (١٩٣٦) ساڵێکی پڕ لە هەڵسووڕاوی بووبێت بۆ ئاوات لە بەر ئەوەی لەو ساڵەدا شیعرێکی زۆر گوتراون و لە دیوانەکەیدا ڕەنگیان داوەتەوە.

نێرگس: لە شیعری کلاسیکی کوردی و فارسیدا چاوی دڵدار بە گوڵە نێرگس شوبهێنراوە. ئاوات لە یەکەم فەرددا، لەباتی چاوی نێرگس، خودی نێرگسی بە ئیستیعارە هێناوە و حەوت سیفەتیشی داوەتە پاڵی. یەکیان خوممارە، کە لە دۆخی ئاساییدا دەبوایە خومار بێت بە واتای چاوی نیوە خەواڵووی یار، بەڵام پێداویستیی کێشی شیعرەکە وای کردووە پیتی میم بە شەددەوە دابنێت.

شۆر: شەڕ وشۆری و فیتنە ئەنگێزی لەو سیفەتانەیە وا لە شیعری کلاسیکماندا بە چاوی یار دراون.

چاوم!: ڕووی لە خوێنەری شیعرەکەیە.

کەوان کێشی و کەمین: فەردەکە ساکار و تێگەیشتنیشی هاسانە بەڵام کاتێ لێی ورد دەبیەوە واهەیە بپرسی کێ کەوان کێشی دەکات و کێ چۆتە کەمینەوە؟ کەوان کێشی بە واتای تیر هاویشتنە و ئەوەش کاری چاوە نەک برۆ، چونکوو چاوە تەماشا دەکات و تیری نیگا دەخات بۆ دڵی عاشق. کەوابوو، کەوان لە کەمیندایە و نێرگس تیر دەهاوێت؛ دیارە ئەنجامەکەشی دەبێتە ئەوەی چاوی نێرگس لە کەمین (بۆسە)ی ئەبرۆدایە و خەریکی شەڕە لەگەڵ عاشق.

کەوان و کەمین: جیناسێکی ناتەواویان لێ دروست کراوە.

ئەی من...: باوەکوو دڵم هەمووی برینداری ئەو تیر وکەوانەیە، بەڵام ئەی دیسانەکەش من بە فیدای تیر وکەوانەکە بم! من قسەیەکم هەیە لەسەر وشەی 'کاری'. ئەگەر بگوترایە دڵم هەموو زام و برینە، تێگەیشتنی هاسان بوو، بەڵام "دڵم کاری هەموو زام و برینە" یانی چی؟ خۆ کاری دڵم ئەوە نییە زام و برین دروست بکات! کەوابوو، ئەو 'کار' ە لەوێدا چ دەکات؟ واهەیە بڵێین کاری دڵم هەموو ئەوەیە بەو زام و برینانە ڕابگات و ساڕێژیان بکات، بەڵام ئەوە بە ڕوونی لە شیعرەکە دەست ناکەوێت. هەروەها ناتوانین بڵێین ئاماژەیە بە تەعبیری 'برینی کاریی' واتە برینی قووڵ و مەترسیدار لەبەر ئەوەی دەبێ ئەودەم بە شێوەیەکی دیکە بخوێنرێتەوە.

ئەی دڵ: لە شیعری زۆر شاعیری کورد (مەولەوی، وەفایی و...)دا هاتووە، شاعیرانی فارسیش، بە کۆن و نوێوە، زۆربەیان لە شیعری خۆیاندا هێناویانە (حافز، ئیبتیهاج و...). شاعیر بە عادەت گلەیی یان نەسیحەتی دڵی دەکات و دەڵێ ئەی دڵەکەی خۆم! مەگەر سەرەتا پێم نەگوتی وابوو و واچوو...؟ دڵ لە شیعری کۆنی ئێمەدا هەمیشە سەرەڕۆیە و بە قسەی عەقڵ ناکات. ئەو نەسیحەت و ڕێ پیشاندانەش کە دژبەری ئازادییە، بەشێکە لە کەلتووری کۆمەڵگای باوک سالاری کە تێیدا باوک (و بە گشتی نەسلی کۆن) ڕێباز بۆ منداڵ و نەسلی نوێ دیاری دەکات نەک خۆیان.

دەربەند بوون: دەربەست بوون، گوێ پێدان و خەم خواردن و بەتەنگەوەبوونی شتێک.

ناوک: فارسییە و لەو زمانەدا وەک ناوەک دەگوترێت کە 'مصغر' واتە بچووک کراوی وشەی 'ناو'  بە واتای 'تیر'ە. ناوەک، دەبێتە تیری بچووک، تیرۆکە. ئەوە چاوە تیر دەهاوێت.

غەمزە: ئاماژە کردنە بە چاو. فارسییە.

ساڕێژ: چاک بوونەوەی برینە.

شەوە زەنگ: شەوی زۆر تاریک و ئەنگوستە چاو (هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژار).

ڕۆژ دەردەکەوێ: لە شیعری کۆندا زوڵف شەوە و ڕوومەتی دڵداریش ڕۆژە. بەگوێرەی شاعیر، لە تاریکی زوڵفی یاردا ڕۆژی ڕوو دەردەکەوێت و ئەوەش کاری خودای گەورەیە.

کەش، مەکەش: تەرکیبێکی فارسییە: بگرە وبەردە.

ڕەحمەتی حەق: دەبێ دەرکەوتنی ڕووی یار بێت.

نازل بوون: هاتنە خوارەوە.

بە قەرینە: تێگەیشتنی ناڕاستەوخۆ و بەهۆی واسیتەوە.

تەیر: باڵندە. فەردێکی گەلێک ڕازاوەیە. چۆن تەیر لە پایز و زستاندا بەرەو گەرمێن کۆچ دەکەن و پاشان لە بەهاردا دەگەڕێنەوە کوێستان، سەید کامیلیش دەڵێ [لەم بەهارەدا] هاتوومەتەوە ئەو کێو و کەژ و مەزرا شینە.[3]

بەحری عەرووزیی شیعرەکە:      هزج مثمن اخرب مکفوف محذوف: مفعول مفاعیل مفاعیل فعولن


 

[1]  چاپی ئەنیسی: چاوی یە

[2]  چاپی ئەنیسی: ناووکی

[3]  'بەهار'م بە هۆی شینی مەزراوە هێناوە، دەنا لە شیعرەکەدا نییە.

 

 

 

www.rojhalat.de / www.bokan.de